کومیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە نۆروێژ لەگەڵ دوو لایەنی سیاسیی کوردستانی کۆبووەوە

پاشنیوەڕۆی رۆژی شەممە، ٣ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٠ی زایینی، لەسەر بانگهێشتی پێوەندییە کوردستانییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە نۆڕوێژ، دانیشتنێکی دۆستانە لەگەڵ هەر دوو کومیتەی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان و کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێرانی لە دەفتەری کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە وڵاتی نۆروێژ بەڕێوە چوو.
سەرەتایی کۆبوونەوەکە هاوڕێ خوسرەو قادری بەرپرسی پێوەندییە کوردستانییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە نۆڕوێژ وێرای بەخێرهێنانی هەیئەتەکانی بەشداری کۆبوونە، تەوەرەکانی ئەو کۆبوونەوە سێ قۆڵییەی خستە ڕوو. پاشان هاوڕێ هاشم رۆستەمی بەرپرسی کۆمیتەی نۆڕوێژی حیزب، باسێکی گشتی لە پێوەندی دۆستانەی حیزبی دێموکراتی کوردستان و هێز و لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان لە نۆروێژ پێشکەش کرد و ئاماژەی بە هاوکاری و کاری هاوبەشی ئەو هێزە کوردستانییانە لە رابردوودا کرد و هەروەها هیوای خواست کە ئەو هاوکاری و بەدەنگەوەهاتنەی حیزب و لایەنەکان لە داهاتووشدا زیاتر و بەردەوامی هەبێت. هەر لەو راستایەدا هاوڕێ “هاشم رۆستەمی” گوتی کە پێویستە کارێک بکرێت تا هەموو هێزە کوردستانییەکان بتوانن خۆیان لەنێو کۆمیتەی هاوکاریی هێزە کوردستانییەکان لە نۆڕوێژدا ببیننەوە.
دواتر هەیئەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، کە پێکهاتبوو لە بەڕێزان: هەندرێن کەریم، ئاراس مستەفا و رزگار هۆرێنی، وێرای پیرۆزباییکردن بە بۆنەی کردنەوەی دەفتەری کۆمیتەی حیزب لە نۆڕوێژ، یەکڕیزی و هاوکاریی ناو ماڵی کوردیان لە نۆروێژ بە گرینگ زانی و جەختیان لەوە کردەوە کە پێویستە کۆمیتەی هاوکاری بە شێوازڤو بەرنامەیەکی نوێترەوە ببێتە چەترێک بۆ ئەوەی هەموو هێزە کوردستانییەکان خۆی تێدا ببینەوە.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، بەڕێزان ئیبرایم کۆنەپۆشی، فەرهاد مینبەری و بەهار فاتمی لە هەیئەتی کومیتەی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، وێرای پیرۆزبایی کردنەوەی دەفتەری کۆمیتەی حیزب، ئەوانیش بە نۆبەی خۆیان داکۆکیان لە هاوکاری و هاودەنگی هێزە کوردستانییەکان لە تاراوگەدا کرد و خوازیاری ئەوە بوون کە هەوڵی زیاتر بدرێ بۆ کۆکردنەوەی هەموو هێز و لایەنەکان و تەنانەت کەسایەتییە سیاسییەکانی کوردەکانیش لە نۆڕوێژ.
پێویست بە ئاماژەیە کە هەیئەتی حیزبی دێموکراتی کوردستان پێکهاتبوو لە هاوڕێیان: هاشم رۆستەمی بەرپرسی کومیتە، خوسرەو قادری بەرپرسی پێوەندییە کوردستانییەکان، سەردار محەممەدپور و عەلی لالە ئەندامانی بەشی پێوەندییە کوردستانییەکان لە نۆروێژ.
کۆبوونەوەکە دوای زیاتر لە دوو کاتژمێر باس و خواسی زەروور و پێویست،
لە فەزایەکی دۆستانەدا کۆتایی پێ هات.
حیزبی دێموکراتی کوردستان- کومیتەی نۆڕوێژ

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*