هەیئەتێکی حیزبی دێموکراتی کوردستان سەردانی بنەماڵەی رەوانشاد کاک “جەلیل گادانی”یان کرد

رۆژی پێنجشەممە، ٦ی ئوتی ٢٠٢٠ی زایینی ، هەیئەتێکی کۆمیتەی نۆڕوێژی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە سەرپەرەستی هاوڕێ “هاشم رۆستەمی” بەرپرسی کۆمیتە، بە بۆنەی کۆچی دوایی کەسایەتی سیاسی، تێکۆشەر و ماندوویینەناسی کورد و حیزبی دێموکراتی کوردستان کاک جەلیل گادانی، سەردانی بنەماڵەی کۆچکردوویان کرد و لە نزیکە وە سەرەخۆشی و هاوخەمیی کۆمیتە و ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە وڵاتی نۆڕوێژیان بە بنەماڵەی بەڕێزیان راگەیاند. لە سەرەتادا هاوڕێیانی کۆمیتە و بەشدارانی بنەماڵە، بە بۆنەی کۆچی دوایی تێکۆشەری رێگای ئازادیی کوردستان، ساتێک بە بێدەنگی لە بەرانبەر وێنەی نەمر کاک “جەلیل گادانی”دا بە پێوە وەستان و دواتر تاجەگوڵینەی رێز و خۆشەویستییان لە ژێر وێنەی نەمر کاک جەلیل دانا. پاشان بەڕێز “هاشم رۆستەمی”، لە باسێکی کورتدا پەیامی هاوخەمی و هاودەردی ئەندامان و کۆمیتەی گشتی حیزب لە وڵاتی نۆروێژی بە بنەماڵەی نەمر کاک جەلیل راگەیاند و پاشان چەند وتەیەکی لەسەر کەسایەتی و پێگەی سیاسی و کۆمەڵایەتی و قۆناغە جۆراوجۆرەکانی خەباتی کاک جەلیل گادانی لە تەمەنی ١٣ ساڵییەوە تا دوایین ساتەکانی ژیانی باس کرد و رێزی لە خەباتی ٧ دەیەی نەمر کاک جەلیل گرت و هیوای خواست کە هەموو لایەک لە سەداقەت، پاکی، شۆڕشگێری، کوردایەتی، خاکی و خەڵکیبوونی کاک جەلیل وانە و ئەزموون وەرگرن و قوتابییەکی بەوەفای رێگا و ئامانجەکانی کاک جەلیل گادانی بین. هاوڕێ هاشم رۆستەمی باسی لەوەش کرد کە کەسایەتی رەوانشاد کاک جەلیل گادانی لە مێژە سنووری بنەماڵە و حیزب و تەنانەت رۆژهەڵاتی کوردستانیشی تێپەڕ کردووە و ئەو ببووە یەکێک لە رێبەرانی ماندوویینەناسی بزووتنەوەی نەتەوایەتی سەرجەم خەڵکی کوردستان.
لەبەرانبەردا بنەماڵەی بەرێزی نەمر کاک “جەلیل گادانی” بە تێکڕا سەرەخۆشی خۆیان لە حیزبی دێموکراتی کوردستان و کادر و پێشمەرگەکان کرد و هاوخەمی خۆیان دەربڕی و هیوای سەرکەوتن و گەیشتن بە ئامانجەکانیان بۆ حیزبی دیموکراتی کوردستان و هاوڕێیان و هاوسەنگەرانی کاک جەلیل خواست.
لە کۆتاییدا هەم هەیئەتی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستان و هەم بنەماڵەی رەوانشاد کاک جەلیل، سوپاس و پێزانینی خۆیان بۆ هەموو هاوڕێ و هاوسەنگەران و دۆستان بە گشتی دەربڕی کە لە ماوەی نەخۆشیی کاک “جەلیل”دا بە پەرۆشەوە لە رێگای جۆراوجۆرەوە پێوەندییان گرتووە. هەروەها سوپاسی تایبەتی خۆیان بۆ خاتوو “گلارا گادانی” کچی نەمر کاک جەلیل دەربڕی کە لەو ماوەیەدا شەو و رۆژ لە خزمەت کاک “جەلیل”دا بووە و بۆ ساتێکیش لێی غافڵ نەبووە.
روحی کاک جەلیل گادانی شاد و رێگای خەباتی پڕ رێبوار بێ.
کۆمیتەی نۆڕوێژی حیزبی دێموکراتی کوردستان
١٦ی گەلاوێژی ١٣٩٩ی هەتاوی

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*