
خەڵکی تێکۆشەری کوردستان!
هاوسەنگەران، بنەماڵە و ئازیزانی کاک جەلیل گادانی!
بەداخەوە سەرلەبەیانی ئەمڕۆ پێنچ شەممە 16ی گەلاوێژ، کاک جەلیل گادانی، تێکۆشەری دێرین و سیمای ناسراوی بزووتنەوەی کورد و حیزبی دێموکرات، دڵە گەورەکەی لە لێدان کەوت و بۆ هەمیشە ماڵاوایی لە کۆڕی هاوسەنگەران و ئازیزانی کرد.
کاک جەلیل کە زیاتر لە حەوت دەیە لە تەمەنی پڕ سەروەری خۆی بۆ خەبات لەپێناو وەدیهاتنی مافە ڕەواکانی گەلی کورددا تەرخان کردبوو، نموونەی هەرە بەرزی ئەو تێکۆشەر و خەباتکارە دەگمەنانە بوو، کە بێوچان تا دوا هەناسەکانی ژیانی رۆژ لە دوای رۆژ مکوڕتر و پێداگرتر بوو لەسەر ویست و داخوازییەکانی گەلە بەشخوراوەکەی و بۆ ئەو مەبەستەش لە هیچ هەوڵ و تێکۆشانێک درێغی نەکرد.
کاک جەلیل لەسەردەمی رێژیمی حەمەڕەزا شا، وەک رەمزێکی خۆڕاگریی، لە کونجی بەندیخانەکانەوە بەگژ ستەم و چەوساندنەوەدا چووەوە و بوو بە هاندەر و داکۆکیکارێکی سەرسەختی ماف و ئازادییەکانی خەڵکی کوردستان. دوای هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامییش، کاک جەلیل گادانی، وەک سەرکردەیەکی دیار و لێوەشاوەی دێموکرات، بە تێکۆشانی بێوچان و سەرکەوتن بەسەر کەند و لەند و دژوارییەکانی رێی خەباتدا، بوو بە رەمزی نەسرەوتن و ئاڵاهەڵگرێکی بەردەوامیی خەبات لە دژی کۆنەپەرستی و سەرەڕۆییەکانی رێژیمی دژە کوردی کۆماری ئیسلامی ئێران.
بێگومان لەدەست دانی کاک جەلیل گادانی لەم ساتەوەختەدا بۆ هەمووان جێگای داخ و پەژارەیە و نەبوونی خەسارەتێکی گەورەیە بۆ بزووتنەوەی کورد و تەنیا و تەنیا بە خەبات و تێکۆشانی بەردەوام دەتوانین روحی کاک جەلیل و هەموو ئەوانەی کە وەک کاک جەلیل بەسەربەرزی سەریان نایەوە، شاد بکەین . بەم بۆنەوە، وەک کۆمیتەی بەڕێوەبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە دەرەوەی وەڵات سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی خەڵکی کوردستان، بنەماڵە بەڕێزەکەی و سەرجەم هاوسەنگەران و دۆستانی کاک جەلیل دەکەین.
روحی کاک جەلیلی خۆشەویستی هەمووان شاد و رێگای خەباتی بۆ وەدیهاتنی مافە رەواکانی خەڵکی کوردستان بەردەوام بێ.
لەگەڵ رێزدا
حیزبی دێموکراتی کوردستان
کۆمیتەی بەڕێوەبەریی دەرەوەی وڵات
٦ی ئۆگوستی ٢٠٢٠
Be the first to comment