بەڕێوەچوونی سمینارێکی سیاسی- تەشکیلاتی بۆ کۆمیتەکانی بریتانیا و فەرانسە بە بەشداری سکرتێری گشتی حیزب

رۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ١٤ ـ ٠٦ ـ ٢٠٢٠ ی زایینی، کۆمیتەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە وڵاتەکانی فەرانسە و بریتانیا، لە رێگای ئێنتەرنێت و بە شێوەی ئانلاین سمینارێکی سیاسی – تەشکیلاتیان بۆ بەڕێز کاک خالید عەزیزی، سکرتێری گشتی حیزبی دێموکراتی کوردستان پێک هێنا.

لەو سمینارەدا کە بەشێکی بەرچاوی ئەندامانی حیزب لە وڵاتی بریتانیا و فەرانسە تێیدا بەشدار بوون، سەرەتای سمینارەکە بە سروودی نەتەوایەتی ئەی رەقیب و خولەکێک بێدەنگی بۆ رێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی رێگای رزگاریی کوردستان دەستی پێ کرد.

پاشان لە لایەن بەڕێوەبەرانی سمینارەکە هاوڕێیان کاک هەڵمەت بابۆلی بەرپرسی کۆمیتەی حیزب لە فەرانسەو کاک ئیدیسۆن فەرامەرزی بەرپرسی کۆمیتەی حیزب لە بریتانیا، بەخێرهاتنی بەرێز کاک خالید عەزیزی و هەروەها هاورێیانی رێبەری کۆمیتەی دەرەوەی وڵات و ئەندامانی بەشداربوو کرا، ئەوجار  لەلایەن کاک ئیدیسۆن فەرامەزیەوە ئامانج و مەبەستی کۆبوونەوەکە بۆ بەشداران ڕوونکرایەوە.

دواتر بەرێز کاک خالید عەزیزی باسێکی بەپێزی لەسەر چەند بابەت و مەوزوعی ڕۆژ پێشکەش کرد. بەڕێزیان لە قسەکانیدا وێرای بەخێرهاتن و دەستخۆشی گووتی: ئارەزووم ئەوە بوو ئەگەر پەتای کۆرۆنا نەبوایە لە نزیکەوە لەگەڵ ئێوە و لە کۆبوونەوەیەکی بەرینتر دا پێکەوە باس و  خواستەکانی ڕۆژمان بخستایە بەر باس و لە نیزێکەوە لەگەلتان بوومایە، بەڵام سەرەڕای ئەوەش بە هەوڵ و ماندوو بوونی هاوڕێیانی کۆمیتەی دەرەوەی وڵات توانیومانە لەم ئامرازانە کەڵک وەرگرین و ئەم کۆبوونەوەیە پێک بێنین و خۆمان لەگەڵ وەزعی مەوجوود تەتبیق بدەین.

بەرێزیان لەبەشێکی دیکە ووتەکانی دا بەگرینگی دان بەپەتای کۆرۆنا و بەرخوردی ناپەرپرسانەی کۆماری ئیسلامی ئێران و گرینگی نەدانی بەگیانی خەلك و بەکارهێنانی ئەو فایرۆسە بۆ کیشە سیاسیەکانی ناوخۆ و دەرەوەی کۆماری ئیسلامی، داوای لە هەموو ئەندامانی حیزب و دڵسۆزانی نەتەوەی کورد کرد کە بە هەر شێوەیەك بۆیان دەلوێت یارمەتیدەرو پشتیوانی گەلی کورد لە رۆژهەلاتی کوردستان ببن. هەروەها بەرێزیان ئاماژەی بەوە کرد کە بەداخەوە هاتنی پەتای کۆرۆنا یارمەتیدەر بوو بۆ بەشێکی بەرچاو لە قەیرانەکانی کۆماری ئیسلامی کە لە چل ساڵی رابردووی رژیمی ئێراندا بێ وێنە بوون، بەتایبەت کوژارانی قاسم سولیمانی و خستەخوارەوەی فرۆکەی ئۆکراینی و هەروەها زیاد کردنی گەمارۆکانی ئەمریکا و خۆپێشاندانەکانی نێوخۆی ئێران و کوردستان بۆ ماوەیەکی کورت توانی لە ژێر پەتای کۆرۆنادا دایان پۆشێت.

لەپیوەندی لەگەل یەکگرتنەوەی هەر دوو لایەنی دێموکرات بەرێزیان ئیشارەی بەوە کرد کە هەموومان لەگەل یەکگرتنەوەی بنەماڵەی گەورەی دێموکراتین و هەروەها نابێت یەکگرتنەوە ببێتە موزایدەی سیاسی و گووتی: لە بواری یەکگرتنەوەدا خۆمان بەقەرزدار نازانین، لەبەر ئەوەی ئێمە زۆر چوینە پێش  تەنانەت لە ناوی حیزب و پۆستی سکرتێری و ئارمیش دا. هەمووی ئەوانە نیشاندەری جیدی بوونی و گەورەی حیزبی دێموکرات کوردستانەو بەرژەوندی نەتەوەی لە سەرەوەی هەموو ویستەکانمان بووە.

لەبەشی کۆتای قسەکانی دا بەرێزیان گووتیان: ئیمە بە لەحازی سیاسی حیزبێکی ئێرانی و لەچوارچێوەی ئێراندا بەدوای کێشەو مافەکانی کورد لە رۆژهەلات دا دەرۆین. ئیمە جیا لە کۆماری ئیسلامی ئێران لەگەل هیچ نەتەوەو حیزب و لایەن و ئایینێك کیشەمان نیەو خۆمان بەدۆستی هەمووان دەزانین و لەگەل زۆربەی هەرە زۆریان دانیشتن و دانوسان دەکەین بۆ رزگاری گەلەکەمان.

بەشێکی تری کۆبونەوەکە تەرخان کرابوو بۆ پرسیار و رەخنەو پیشنیارەکانی ئەندامان و بەرپرسانی حیزب لە هەردوو ولاتی بریتانیا و فەرانسە، کە لەلایەن بەرێز کاک خالیدەوە وەڵام درانەوە.

لەبەشی کۆتای سمینارەکەدا هەریەك لەبەرێزان کاک سمایلی شەرەفی ئەندامی رێبەری و بەرپرسی کۆمیسیونی تەشکیلات و هەروەها بەرێز کاک حەمەرەسوڵ کەریمی ئەندامی رێبەری و بەرپرسی تەشکیلات و نوێنەری حیزب لە دەرەوەی ولات سرنج و تێبینیەکانیان لەسەر هێندێك باس و خواستی تەشکیلاتی و هەروەها پرسیارەکانی ئەندامان خستنە روو، سمینارەکە دوایی زیاتر لە ٤ کاتژمێر دیالۆگ و  ڕا گۆڕینەوە کۆتایی پێ هات

کۆمیتەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستان- بریتانیا و فەرانسە

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*