کۆچی دوایی تێکۆشەرێکی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە سوئێد

تێکۆشەرێکی دێرینی دێموکرات، بە ناوی مام “ڕەسووڵی حاجی برایمی”، خەڵکی ناوچەی سەردەشت لە وڵاتی سوئێد کۆچی دوایی کرد.

بەپیی هەواڵێک کە بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان گەیشتوە، ڕۆژی شەممە، ١٧ی جۆزەردانی ١٣٩٩ی هەتاوی، مام “ڕەسووڵی حاجی برایمی”، خەڵکی گوندی “بێوران”ی سەرێی ناوچەی سەردەشت بە هۆی نەخۆشییەوە کوچی دوایی کرد.

مام ڕەسووڵ لە گوندی بێورانی سەرێ چاوی بە دنیا ھەڵێناوە، کەسێکی نیشتمانپەروەر و خۆشەویستی خەڵکی ناوچەکە بوو. مام ڕەسووڵ  دوای  ڕاپەڕینی گەلانی ئێران بە دژی حکوومەتی پاشایەتی لە  ساڵی ١٣٥٨ی هەتاوی، لە دەستەی زەربەت بە فەرماندەیی شەھید “حەمەدەمین مەلاعەزیزی”، بوو بە پێشمەرگە و چەکی پاراستن لە خاک و نیشتمانی بەدەستەوە گرت و شان بە شانی ھاوسەنگەرەکانی لە زۆربەی شەڕەکانی کوردستاندا بەشداری چالاکانەی کرد و دیفاعی لە خاک و نیشتمانەکەی کرد. ساڵی ١٣٦٢ی هەتاوی کاتێک ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بە ھێزێکی زۆرەوە ھێرشی کردە سەر بێوران و ناوچەکە، مام ڕەسووڵ یەکێک لەو پێشمەرگانەی دەستەی زەربەت  بوو کە  قارەمانانە شەڕیان کرد و بەرەنگاری لەشکری دوژمن بوونەوە.

دوای داگیرکردنی ناوچەی سەردەشت لە لایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، مام ڕەسوول لە بنکە و بارەگاکانی حیزب لە سنوورەکانی کوردستان درێژە بە خزمەتی گەلەکەی دەدا و دواتر پەڕیوەی هەندەران بوو، تا کۆتایی ژیانی وەفادار بە حیزب و ڕێبازە پیرۆزەکەی مایەوە.

لەلایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانەوە سەرەخۆشی خۆمان ئاڕاستەی بنەماڵەی بەڕێزی مام ڕەسووڵ و خزم و کەسوکاری دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*