سمیناری سیاسی ـ تەشکیلاتیی سکرتێری گشتیی حیزب بۆ ئەندامان لە وڵاتی نۆروێژ

رۆژی یەکشەممە ١٠ی مای ٢٠٢٠ی زایینی، بەشی ئاموزش و راگەیاندنی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە وڵاتی نۆروێژ، سمینارێکی سیاسی ـ تەشکیلاتییان لە رێگای ئەنتەرنێت و بە شێوەی ئۆنلاین بۆ بەڕێز کاک “خالید عەزیزی”، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان، پێک هێنا. ئەو سمینارە کە زۆربەی ئەندامانی حیزب لە وڵاتی نۆروێژ تێیدا بەشدار بوون، بە سرودی نەتەوایەتیی “ئەی رەقیب” و خولەکێک بێدەنگی بۆ رێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی رێگای رزگاریی کوردستان دەستی پێ کرد. سەرەتا هاوڕێ “هاشم رۆستەمی”، بەرپرسی کۆمیتەی حیزب لە نۆروێژ، باسێکی کورتی سەبارەت بە پێکهێنانی ئەو سمینارە و بەشداری بەرچاوی ئەندامان بە شێوەی ئۆنلاین، پێشکەش کرد.
دواتر هاوڕێی کاک “خالید عەزیزی” سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان باسێکی بەپێزی لە دوو تەوەری ” ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان دوای کۆرۆنا” و ” کار و ئەرکی حیزبی دێموکراتی کوردستان لەو بازنەیەدا” پێشکەش کرد.
بەڕێزیان سەبارەت بە دۆخی ئێستای جیهان و ئێران بە دوای پەتای کۆرۆنا و شوێنەوارەکانی لەسەر پێوەندیی وڵاتان باس کرد کە لەو بارەوەدا هەڵسەنگاندنی هەڵسوکەوتی وڵاتانی دێموکراتیکی لەگەڵ خەڵکەکەیان و کۆماری ئیسلامیش لەم بوارەدا کرد و گوتی: “لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا، دنیای دەرەوەش لە سەرەتاوە کەمکاری هەبووە، بەڵام لە وڵاتە دێموکراتیکەکانی جیهان، شەفافییەت و راستگۆیی دەگەڵ خەڵک و وڵاتی خۆیان هەبووە و توانیان قەرەبووی کەمکارییەکانیان بکەنەوە و تا راددەیەک قەزییەی کۆرۆنا کەمڕەنگ بکەنەوە، بەڵام لە کۆماری ئیسلامیدا بەداخەوە پێچەوانە بوو و بەرپرسانی رێژیم دەگەڵ خەڵک درۆیان کرد و تا راددەیەکی زۆر نامەسئولانە جوڵانەوە.”
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا کاک “خالید عەزیزی” باسی لە وەزعییەتی ئێران و قەیرانەکانی پێش کۆرۆنای کرد و گوتی:” کۆماری ئیسلامی پێش کۆرۆنا ، خۆپێشاندان و ناڕەزایەتییەکانی مانگی خەزەڵوەری ١٣٩٨ی هەتاوی، کوژرانی قاسم سلێمانی، خستنەخوارەوەی فڕۆکەی نەفەرهەڵگری ئۆکراینی بە دەستی سوپای پاسداران و بەشداری کەمی خەڵک لە هەڵبژاردنی مەجلیس لەو دەورەیەدا، کە هەمووی فاکتۆری گرینگ بوون و رێژیمی دەگەڵ قەیرانگەلی نێوخۆیی بەرەوڕوو کردبوون کە لەو کاتەدا، بە بڕوای من کۆرۆنا بە هانای کۆماری ئیسلامییەوە هات و بێگومان سەرانی رێژیم توانیان لە قەزییەی کۆرۆنا بە قازانجی خۆیان کەڵک وەرگرن و ئەو قەیرانە ناوخۆییانەی تا راددەیەک کەمڕنگ کردەوە.”
سەبارەت بە هەڵوێستی رێژیمی کۆماری ئیسلامی لە رۆژهەڵاتی کوردستان لە قەیرانی کۆرۆنادا، کاک “خالید” ئاماژەی بەوەدا کە: “رێژیمی کۆماری ئیسلامی نەک بەپێی پێویست بە هانای خەڵکەوە نەهات، بەڵکو لەگەڵ خەڵکیش راستگۆیانە نەجوڵایەوە. ئەوە خەڵک و چالاکانی مەدەنی بوون کە بۆخۆیان تا راددەیەک بەڕێوەبەریی و خۆسازماندانیان کرد و شانیان وەبەر ئەرکی پارێزگاری لە شار و دێهات و ناوچەکانی کوردستان دا و هەرەوەزێکی خۆماڵییان وەرێ خست کە ئەوە هەستی بەرزی و رووحی نەتەوەییە بوو هەم توانی دڵگەرمی بە خەڵکەکەمان لە رۆژهەڵاتی کوردستان بداو هەم شعوری بەرزی نەتەوەیی گەلی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان جوانتر دەرخست.”
سەبارەت بە هەڵوێستی حیزب ، کاک “خالید عەزیزی” گوتیشی: “ئێمە وەک حیزبی دێموکراتی کوردستان لە هەموو بوارەکانی میدیایی و چالاکییەکانی خۆمان ئەولەوییەتمان بە سەلامەتی و پاراستنی خەڵکەکەمان داوە و تا ئەو جێیەی بۆمان کراوە رێنمایی پێوێستمان بۆ خەڵکەکەمان خستووەتە روو.”
سکرتێری گشتیی حیزب لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باسێکی لەسەر سیاسەتی کەلانی نێودەوڵەتی کرد و گوتی: “لە داهاتوویەکی نیزیکدا و بە تایبەتی دوای هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری ئەمریکا، ئەگەری ئەوە هەیە کە ئاڵوگۆڕێکی جیددی سەبارەت بە ئێران بێتە گۆڕێ کە دەبێ ئێمە وەک حیزبی دێموکراتی کوردستان و هێزەکانی دیکەی رۆژهەڵاتی کوردستان بەرنامە و پلانی خۆمان هەبێ و هەوڵ بدەین بە یەکڕیزیی نێوماڵی خۆمان و هەروەها هاوکاری دەگەڵ حیزب و رێکخراوەکانی دیکەی رۆژهەڵاتی کوردستان و هێزە سەرانسەرییە ئێرانییەکان، سەنگ و قورسایی کوردستان دەرخەین.
سەبارەت بە بەشەکانی دیکەی کوردستان، کاک “خالید” جارێکی دیکە جەختی لەسەر سیاسەتی دروست و ئوسوولیی حیزب کردەوە گوتی: “وەک حیزبی دێموکراتی کوردستان وێڕای پشتیوانی لە ماف و دەسکەوتەکانی بەشەکانی دیکەی کوردستان، هەوڵمان داوە خۆ لە کاروباری ئەوان وەرنەدەین و هیوادارین حیزب و لایەنەکانی دیکەی بەشەکانی کوردستانیش بەو رووحییەوە هەڵسوکەوت لەگەڵ رۆژهەڵاتی کوردستان بکەن.”
لە کۆتایی باسەکەیدا کاک “خالید عەزیزی” باسێکی سەبارەت بە هەڵسوکەوتی ئەندامانی حیزب لە دەرەوەی حیزب و بە تایبەتی دنیای مەجازیدا کرد و تیشکی خستە سەر رێنماییە تەشکیلاتییەکانی حیزب لەو پەیوەندییەدا.
لە بەشی دوووهەمی سمینارەکەدا، دەرفەت درا بە ئەندامانی بەشدار کە پرسیار، رەخنە و تێبینییەکانی خۆیان دەگەڵ سکرتێری گشتی حیزبی دێموکرات کوردستان، بێننە بەر باس.
لەو بەشەشدا، بەڕێز “عەزیزی” بە سینگێکی فراوانەوە وەڵامی پرسیار و رەخنەکانی ئەندامانی حیزبی لە نۆروێژ دایەوە.
پێویست بە ئاماژەیە کە لەو سمینارەدا هەریەک لە بەڕێزان: ئیسمایل شەرەفی، ئەندامی رێبەری و بەرپرسی تەشکیلاتی حیزب لە کوردستان، حەمەرەسوڵ کەریمی، ئەنامدی رێبەری و بەرپرسی تەشکیلاتی حیزب لە دەرەوەی وڵات، مادیح ئەحمەدی، ئەندامی رێبەری و بەرپرسی پێوەندییە کوردستانییەکان لە دەرەوەی وڵات و کوێستان بابایی، ئەندامی کۆمیسیۆنی تەشکیلات لە دەرەوەی وڵات، بەشداری ئەو سمینارە بوون.
سمینار دوایی ٤ کاتژمێر بە سەرکەوتوویی کۆتایی پێ هات.

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*