کۆچی دوایی کەسایەتییەکی کوردپەروەر لە شاری سەردەشت

بە پێی هەواڵێک کە لە شاری سەردەشتەوە بە دەستمان گەشتووە، بە داخێکی زۆرەوە سەرلەبەیانی ڕۆژی شەممە ڕیکەوتی ٢٤ی ڕەشەمەی ١٣٩٨ی هەتاوی، کەسایەتی ناودار و خۆشەویستی شاری سەردەشت حاجی دەروێش برایم خالیدنژاد ناسراو بە دەروێش برایمی نێزەڕۆ، باوکی هاوڕێیانی تێکۆشەرمان کاک ئەحمەد دەروێش و وەستا ڕەحمان خالیدنژاد ماڵ ئاوایی لێکردین. دەروێش برایم کەسایەتییەکی نیشتمان پەروەر،گەل دۆست مرۆڤێکی دڵ پڕ لە ئاواتی سەربەرزی و سەربەخۆیی کوردستان بوو تێکەڵاوی و دۆستایەتییەکی زۆری لەگەڵ تێکۆشەرانی دیموکرات هەبوو. شایانی باسە کە دەروێش برایم لە سەردەمی رژێمی پاشایەتیدا چەندین جار بە چەند مانگ زیندانی کراوە ، هەروەها لە هەر دوو رژێمی پاشایەتی و کۆماری ئیسلامیدا بە مەبەستی دوور خستنەوەی کوڕەکانی لە ریزی شۆرشدا ئەزیەت و ئازار دراوە و بە شێوەی جۆراوجۆر فشاریان بۆ هێناوە، بەڵام مام دەروێش هەرگیز لە هەرشە و چاو سورکردنەوەی دەستەڵاتداران نەترساوە وبە چۆکدا نەهاتووە. خۆی گوتەنی ئینسان جارێک لە دایک دەبێ و جارێکیش دەمرێ هەر بۆیە هیچ کات گوێی بە هەرشە و بانگ کردنەکانی کاربەدەستانی میری نەداوە. حاجی دەروێش برایم هەموو ئەندامانی بنەماڵەکەی بە هەستی نیشتمان پەروەری و ئازادیخوازی گۆش کرد و دەرسی کوردایەتی و خۆراگری و ئازادیخوازی فێرکردن، هەر بۆیە هەر لە سەرەتای ئاشكرا بوونی چالاکی حیزبی دیموکراتی کوردستان لە شاری سەردەشت، دوو کوڕی بە ناوەکانی کاک ئەحمەد و وەستان ڕەحمان و برازاکانی هاتنە ڕیزی حیزبەوە و ڕێچکە و ڕێبازی کوردایەتییان کردە ئامانج، هاوکات چەندین تێکۆشەری دیکەی ئەو بنەماڵە شانیان دایە بەر باری قورسی خەبات و تێکۆشان دژ بە ڕژیمی دژ بە کوردی کۆماری ئیسلامی. مام دەروێش برایم یەکێک لەو کەسایەتییە خۆشەویستانەی شاری سەردەشت بوو کە لە هەموو کۆڕ و کۆبوونەوە جەماوەرییەکانی شار دا بوونی هەبوو و بۆ مەسڵەت و چارەسەری گرفتە کۆمەڵایەتییەکان لە ڕیزی پێشەوە بوو. حاجی دەروێش برایم مرۆڤێکی بەخشندە، دڵ ئاواڵا و خاوەن کەسایەتییەکی بەرزی کۆمەڵایەتی بوو. مەرگی ئەو پیاوە خۆشەویست و کەسایەتییە ناسراوەی شاری سەردەشت خەم و پژارەی خستە دڵی هەموو ئەو کەسانەی لە نزیکەوە مام حاجی دەروێش و بنەماڵەکەی دەناسن. ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دیموکراتی کوردستان بە بۆنەی کۆچبار بوونی حاجی دەروێش برایمی نێزەڕۆوە، پرسە و سەرەخۆشی ئاراستەی بنەماڵە و کەس و کاری لە ناخۆ و دەرەوەی وڵات بە تایبەتی هاوڕێیانمان کاک ئەحمەد دەروێس، وەستا رەحمان، کاک نادر ئەمینی و کاک ڕەحیم دەروێش و هەموو خەڵکی شاری سەردەشت و دەروبەری دەکات و خۆمان لە خەمیان دا بە شەریک دەزانین.