کاری مرۆڤدۆستانە لە کوردستان لە پێوەندی لەگەڵ کۆرۆنا بەردەوامە

لەگەڵ بڵابوونەوەی کۆرۆنا لە ئێران و دواتر تەشەنەکردنی بە شارەکانی کوردستاندا، خەڵکی کوردستان لە ئەرکێکی نیشتمانپەروەری و مرۆڤدۆستانەدا چەندین ڕێوشوێنیان گرتەبەر بە مەبەستی پێشگرتن لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە و بە هەر جۆرێک بۆیان کرا بێت هاوکاریی خەڵکیان کردوە بۆ مانەوە لە ماڵەکانیان.

بۆ ئەم مەبەستەو لە کارێکی تری مرۆڤدۆستانەدا، کۆمەڵێک لە پزیشکان و پسپۆڕانی بواری تەندروستی لە کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویان کردۆتەوە کە ئامادەن لە ڕێگەی تەلەفۆن و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وڵامی پرسیاری نەخۆشەکان بدەنەوە.

ئەوان ڕایانگەیاندوە تا تەواوبوونی نەخۆشیی کۆڕۆنا پێویست ناکا خەڵک سەردانی کلینیکەکان بکەن و ئەوان لە ڕێگەی ئەو ژمارە تەلەفۆنانەی بڵاویان کردۆتەوە دەتوانن هاوکاریان بن و ڕێنمانییە پزیشکییەکانیان پێ بدەن .

جێی ئاماژەیە کە ئەم پزیشکانە بێ بەرامبەر ئەم کارە دەکەن و ئامانجیشیان پێشگرتن لە بڵاوبوونەوەی زیاتری ئەو نەخۆشییەیە.شایانی باسە، لە ماوەی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی کۆرۆنا خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە وەڕێخستنی چەندین کەمپەینی دژە ڤایرۆسی و بڵاوکردنەوەی زانیاری و ئاگاداری بۆ هۆشیارکردنەوەی خەڵک و هەوڵدان بۆ قەرەنتینەکردنی شارەکان بە ڕێگەی جۆراوجۆر بەردەوامن.