کۆچی دوایی برای شەهیدێکی دیموکرات لە مەهاباد

رۆژی یەکشەممە ١١ی رەشەممەی ١٣٩٨ی هەتاوی، خوسرەو شێخ محەممەدی برای شەهید جەواد شێخ محەممەدی، بە کارەساتێکی دڵتەزێن کۆچی دوایی کرد.
خوسرەو شێخ محەممەدی کوڕی عەزیز، ساڵی ١٣٣٧ی هەتاوی لە بنەماڵەیەکی زەحمەتکێش و نیشتمانپەروەری شاری مهاباد چاوی بە ژیان هەڵێنا و هەر لە تەمەنی مێر منداڵییەوە شانی داوەتە بەر کار و کاسبی و رۆژی ١١ی رەشەممە لە بەر دەرگای ماڵی خۆی دەکەوێتە ژێر ماشێن و گیان لەدەست دەدات.
خوسرەو شێخ محەممەدی کەسێکی خۆشناو و خۆشەویستی کۆمەڵانی خەڵک و کوردێکی نیشتیمانپەروەر بوو کە تادواهەناسەکانی ژیانی دڵی بۆ ئازادی و رزگاریی نەتەوەکەی لێی دا و بە ئاواتەشەوە سەری نایەوە.
شایانی باسە، جەواد شێخ محەمەدی برای کۆچکردوو خوسرەو شێخ محەممەدی، کادری لێهاتووی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە کومیتەی شارستانی مهاباد، ساڵی ١٣٦٧ی هەتاوی لە گوندی “ئەسحاب”ی ناوچەی مەنگوڕایەتی مهاباد، کەوتە کەمینی هێزە داگیرکەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و شەهید بوو.
ناوەندی راگەیاندنی حیزبی دیموکراتی کوردستان سەرەخۆشی لە بنەماڵەی گەورە و بەڕێزی “شێخ محەممەدی” بە گشتی و بنەماڵەی کۆچکردوو بە تایبەتی و سەرجەم خزم و دۆست و هەڤاڵانیان دەکات و بەشداری خەمیانە.