بەرێوە چوونی سیمینارێک لە شاری ستوکهوڵم لە سەر بە نێو هەڵبژاردنی رژیم

ڕۆژی یەکشەممە ۱٦ی فیوریەی۲٠۲٠ی زایینی، بە دەسپێشخەری ناوەندی سیاسی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بە مەبەستی ڕوونکردنەوە و وشیار کردنەوەی خەڵک لە بە نێو هەڵبژاردنی دەوری یازدەی مەجلیسی شۆرای ئیسلامی سیمینارێکی سیاسی لە ستۆکهۆڵمی پایتەختی وڵاتی سوید بەڕێوە چوو.

لەو سیمینارەدا کە بە بەشداری نوێنەرانی هەر چوار حیزب و کۆمەڵێک میوان بەرێوە چوو،لایەنەکان پێداگریان لە سەر نارەوایی و مەشروع نەبوونی دەنگدان لە سیستیمی کۆماری ئیسلامی کردەوە کە ڕژیم بە بێ ئەوەی بڕوای بە هەڵبژاردن بێ و گرینگی بدات بە مافی هاووڵاتیان، وەک ئەمرازێک بۆ وەرگرتنی مەشروعیەتی خۆی هەوڵ دەدا بە فێڵ و تەڵەکە و بەرتیل و تەنانەت هەرەشە بەشداری بە خەڵک بکات تا لەو ڕێگایەوە چەواشەکارانە بە جیهان بسەلمێنی کە هەڵبژاردن لە سیستمی کۆماری ئیسلامی دا هەیە و خەڵک ئازادە چ شتێک هەڵبژیڕێ!

لەو پانێلە دا هەر یەک لە بەڕێزان چیا عەلیار بەنوێنەرایەتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، زاگروس خوسرەوی بە نوێنەرایەتی کۆمەڵەی شورشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، حەسەن حاتەمی بە نوێنەرایەتی حیزبی دێموکراتی کوردستان وئەسعەد درودی بە نوێنەرایەتی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان قسەیان کرد و سیاسەتی حیزبەکانیان لە هەمبەر شانۆگەری دەورەی یازدەهەمی هەڵبژاردنەکانی ئێران هێنایە زمان.

نوێنەرانی هەر چوار حیزبی ئەندام لە کومیتەی هاوکاری، تێڕوانیی خۆیان بۆ بەشداری نەکردنی خەڵک لە بە نێو هەڵبژاردنی ڕژیم دوپات کردەوە و داوایان لە خەڵکی کوردستان کرد کە لە وەها هەڵبژاردنێک دا کە قازانجەکەی بۆرژیمە، بەشداری نەکەن .

لە بەشی دووهەمی ئەو سیمینارەدا بەشدارانی کۆڕەکە، هێندێک تێبینی و پرسیاریان ئاراستە نوێنەری حیزبەکان کرد کە وڵامیان درایەوە. لە کۆتایی دا داواکارێک بە تێکرایی دەنگ پەسەند کرا کە دەقی داواکارییەکە بە ئەم جورەی خوارەویە:

داواکاری ئەم سیمینارە لە خەڵکی ناوەوەێ ئێران بە گشتی بە تایبەت خەڵکی کوردستان:
 
ژنان، پیاوان،لاوانی هێژا !
جارێکی دیکە ڕژیم بۆ مانەوەی خۆی شانۆی هەڵبژاردنی مەجلیس وەڕێ دەخات!
کارنامەی ئەم حکوومەتە نیشانی داوە کە درۆتان لە گەڵ دەکا !
مەچنە سەر سەندووقەکان!
مەبنە دەستەچیلەی ئەم حکوومەتە!
دەنگ نەدان، مافی هەر تاکە کەسێکە، ڕژیم ناتوانی لە ڕێگای یاساییەوە گرفتتان بۆ پێک بهێنێ!
دەنگ مەدن  مەچنە ناو سەفی دەنگ دان!
 دەنگ مەدەن بە نادادپەروەی و دڕێژەی کارەساتەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران!

١٦ی فوریەی ٢٠٢٠ ستۆکهۆڵم سیمیناری هاوبەشی ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران

[NPG id=7776]