نەک هەر فەرزەندی کەمتر، بەڵکوو نەبوونی دایک و باوکیش لە پێداویستییە بە پەلەکانە

دارسمە

پرۆژەی وەستاندنی لەدایکبوون لە لایەن دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لە باشووری ئەم وڵاتە وەک پاشگەزبونەوە لە پەرپێدانی رێژەی دانیشتووانی سەرانسەری ئێران خرایە بواری جێبەجێکردنەوە. ئەم پرۆژەیە لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری ئەهوازی باشووری ئێران واتە کەمێک ئەملاوەتری شاری “ئابادان” دەستی پێکرد. لە یەکەم هەنگاوی سەرەتای پرۆژەکە کە ڕۆژی ٢٦ی سەرماوەز هەواڵەکەی بڵاوکرایەوە، چوار ژن بە یەکەوە لە بەشی چاودێریی چڕ(ئای سی یوو)ی نەخۆشخانەی لەدایکبوونی گیانیان لێ سەندرا. لە جیاتی منداڵان بە سەلامەتی لە دایک بن دایکان بێ سەلامەتی گیانیان لەدەست دا.

“ئای سی یوو” یان بە کوردییەکەی خۆمان “بەشی چاودێریی چڕ”، بە ئەو بەشەی نەخۆشخانە دەگوترێ کە هەموو پێداویستییەکانی نەخۆشی کاتی سەرەمەرگی لێیە و پزیشکی شارەزا لەم بەشەدا بەردەوام خەریکی پارێزگاری‌کردن لە نەخۆشانی زۆر هیلاکن و زۆر جاران نەخۆشانی نیوەمردوو وەک فارس دەڵێن “احیا” یان بەکوردی بڵێن “دەژیێننەوە”. دیارە ئێران خۆی بە گشتی بۆ دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی و لەسەرووی هەموویانەوە میرزا عەلی ئاغای خامنەیی وەک “ئای سی یوو” وایە و بۆیان بووەتە بەشی “چاودێریی چڕ” و دەسەڵاتەکە وەک جەندەکێکی نەخۆشی لێ هاتووە کە بەئاستەم و دووبەڵا نەفتی لە بەر دەڕوات و بە زەحمەت پشووی ئابووری دەخواتەوە.

دەڵێن قسە قسەی لێ‌دەکەوێتەوە و ئێمەش لە سەرەوە گوتمان ئەهواز دەکەوێتە ئەملاوەتری ئابادانەوە. کاتێک ناوی ئابادانمان هێنا، دەکەوینەوە یادی “سینەما رێکس” و ئەو سینەمایەی لە کۆتایی تەمەنی ڕێژێمی پاشایەتی بەدەستی ئاغا و یاورانی بە دانیشتووانییەوە ئاگر درا و خەتاکەی خرایە سەر ملی دارو دەستەی دەسەڵاتی پاشایەتی دوای دەیان ساڵ دەرکەوت کەر لە کوێ کەتوە و هەرامە لە کوێ دڕاوە.

دەڵێن مرۆڤ ئەگەر زۆری گوت، بەسەر هەموو جۆرە قسەیەکدا دەکەوێ و ئێمەش خەریك بووین بە باسی ئەم ئابادان و شتی دیکە  بەسەر سیاسەتدا بکەوین. یادی بەخێر جاران کە سەیری پاسەکانی نێوان شارەکانی ئێرانمان دەکرد، لە سەر شووشەی دواوەیان بە خەتێکی جوان نووسرابوو “فرزند کمتر، زندگی بهتر”، بەڵام کاتێک دەچووینە نێو پاسەکە لە بان ئاوێنەی ژوورسەرکی کاکی شۆفیرکەی نووسرابوو “بحث سیاسی ممنوع”.

چەندساڵێکە  لەترسی جەندرمە چاوزەقەکان، نانا سەربازانی گومناو، کەس ناوێرێ باسی فەرزەندی کەمتر بکا و لە نێو پاسەکانیش بیر لە سیاسی بکاتەوە و هەر دوو دروشمەکە لە دەرەوە و نێوەوەی ماشێنەکان هەڵگیراون. ئاخر وەلیی فەقیهـ وەک خۆیان دەڵێن ناییبی بەرحەقی ئیمامی زەمان و نوێنەری خوا لە سەر زەوی لەم دواییانەدا بە مەبەستی زیادکردنی خێڵی چەکدارانی سەر بە ئیمپراتۆرییەتی هەناردەکاری ئینقلابی ئیسلامی و بە کوشتن‌دانیان لە لولبنان و سوریە و یەمەن و باشووری عێراق پێویستە لەشکری ساحێبولزەمان پەرە پێبدا. ڕێک بەم مەبەستە بوو دروشمی فەرزەندی کەمتر هەڵگیرا و کەڵک‌وەرگرتن لە حەب و ئامێر و ڕێگەی پێشگیری‌کردن لە منداڵبوون پێشی پێ‌گیرا. جەنابی رێبەر کە بۆ خۆی لە تەڕی دەخوا و لە وشکی دەنوێ، هیچ باکی لە برسیەتیی منداڵانی زۆر و زەوەندی خێزانە ئێرانییەکان نەبوو. ئەو هەر دەیەوێ دانیشتووانی ئێران زۆر بن و بە برسیەیتی و نەخوێندەواری گەوەرە بن و دەستیان تفەنگ بگرێ و بە ئاواتی جەمێک نانی گەرم و تێرکردنی سکیان کۆڵینەوەی گیرفانی کوژراوانی بەرکانی جەنگ روو بکەنە نێو ریزەکانی پیرۆزی “حیز”بۆ لای لوبنان و نێو چەکدارانی بەشار ئەسەد و خزمەت حووسیەکانی یەمەن و بۆ پاروویەک نان و کەمێک شڕە‌خۆری خۆیان بە ئاگر و ئاسندا بکەن.

کورد دەڵێ تەکبیر و تەغدیر لێک دوورن. جا چیرۆکەکەی زیادکردنی منداڵ‌بوون و وەچە‌نانەوە پێچەوانە کەوتەوە. ئەو مێرمنداڵ و لاوانەی چاویان بە جیاوازیی نەتەوەی و زوڵم و بێکاری و برسییەتی و گرانی و ستەمی ئاخوندەکان کەوت، لە دەستیان وەزاڵەهاتن. وای لێهات گرانبوونی بێنزینیان کردە بیانوو. ئەوە بوو راپەڕین و کەمێکی مابوو کۆشکی شای ئاخوندان تێک بڕمێین. ئەوانیش کە کونەمشێکیان لێ ببوو بەڵاخانە و دوای سەرکوت‌کردنی خەڵک بە خۆیان داهاتنەوە و ئەمجارە بیریان لە فەرزەندی کەمتر و ڕاپەڕینی خاوتر کردەوە، بەڵام سواربوونی کەر عەیبێکە و دابەزنینەوەی دەیکات بەدوو. هەر بۆیە بێ‌ئەوەی ڕایبگەیەنن، نەک دەستیان بە کەمکردنەوەی فەرزەند کرد، بەڵکو کەوتنە گیانی گەورەکانیش. دوای ئەوەی ڕاستەوخۆ لەسەر شەقامەکان گولـله‌بارانیان کردن و بەشێکی زۆریان لە ژێر ئەشكەنجەدا کوشتن، کەوتنە بیری ئەمە پرۆژەی فەرزەندی کەمتر بە شێوازێکی دیکە جێبەجێ بکەن. بۆ ئەم کارەش بە دوو هۆی زۆر سەرکی لە نەخۆشخانەی “لەدایک‌بوون”ی ئەهوازەوە دەستیان پێکرد.  هۆی یەکەم ئەوەیە: ‌كوشتنی دایکان لە حەب و کاندۆم باشترە، چونکە ئەگەر دایکە مرد ئیدی وەچە نانەوەکە دەوەستێ. هۆی دوویەمیش: کوشتن لە باشوورەوە ترس و تۆقاندن و کەمبوونەوەی ئەو عەرەبانەی لێ دەکەوێتەوە کە بە تەمای جیابوونەوەن.