پێشینەی دێرینی ڕێژیم لە بڕینی هێڵی ئینتەرنێت

ئا: ئەیوب شەهابی‌ڕاد

ئینتەرنێت و پەرەسەندنی خێرای ئەم دیاردەیە لە چەند دەیەی ڕابردوودا، بۆتە هۆکاری گۆڕانێکی گەورە لە پێوەندیی نێوان کۆمەڵگەکان و دەسڕاگەیشتنی گشتی بە زانیارییەکان. دەوڵەتەکان یاسا و مێتۆدی جۆراوجۆر و تایبەت بە خۆیان بۆ کۆنترۆڵ و دەسڕاگەیشتنی خەڵک بەم زەریا پڕ لە زانیارییە هەیە.

لە دنیای ئەمڕۆدا هیچ بەربەستێک بۆ دەسڕاگەیشتن بە ئینتەرنێت لە وڵاتانی ئازاددا نیە، بەڵام بۆ کەڵک وەرگرتن لێی، کۆمەڵێک یاسای تایبەت داڕیژراون. وەک پاریزگاری لە مافی بڵاوکردنەوە و هەرێمی کەسیی، قەدەغەبوونی سێکسی منداڵان، قەدەغەبوونی بانگەشە بۆ ڕەگەزپەرستی، دژایەتی کردنی تاوانە سایبێرییەکان. لە ڕاستی‌دا ئەمجۆرە یاسایانە لە وڵاتانی ئازاد، ئەمنییەتی کاربەران دابین دەکا و ڕێ لە سانسۆر دەگرێ. بەڵام لە وڵاتانی داخراو و دیکتاتۆرلێدراو، بەربەستەکانی دەستڕاگەیشتن بە ئینتەرنێت زۆر سەرترن لەم جۆرە یاسایانە و هەموویان بە ئاراستەی داخستنی ڕیگای زانیارییەکان لەسەر خەڵک دادەڕێژرێن. پانتایی ئەم بەربەستانە لە خاوکردنی بە ئەنقسەتی خێرایی ئینتەرنێت و بوونی فیلتێرینگ دەست پێدەکا و تا پچڕانی یەکجاریی ئینتەرنێتی هەموو وڵات دەچێتە پێش.

خواستی کۆنترۆڵ کردنی چڕوپڕی ئینتەرنێت، دەگەڕێتە بۆ هەوڵی جیددی حکوومەتە دیکتاتۆڕەکان بۆ دەستبەسەرداگرتنی جموجۆڵە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی وڵات. ک نموونەی ئەمجۆرە کردەوانە بریتین لە دروست کردنی کێشە و گرفت بۆ ئینتەرنێتی ئێران لە ڕەوتی خۆپێشاندانەکانی ساڵی 1388 و هەروەها خۆپێشاندانی سەراسەریی ڕێبەندانی ساڵی 1396 و پاشان بڕینی یەکجارەکی هێڵی ئینتەرنێت لە کاتی خۆپێشاندانی سەراسەریی خەزەڵوەری ئەمساڵدا.

بیانووی حکوومەتە دیکتاتۆرەکان بۆ ئەمجۆرە بێدەنگ کردنانە لە زۆربەی وڵاتانی هاوشێوە وەک یەک و تا ڕادەیەکی زۆر پێشبینی کراون. بۆ وێنە زۆربەی کات بیانوویان بۆ بڕینی ئینتەرنێت، بریتی بووە لە پاراستنی ئەمنییەت و بەرژەوەندیی گشتی. واتە هێنانەوەی کۆمەڵیک بیانووی پووچ و بێ بنەما لە بەرامبەر شاهیدە ئاشکراکانی دۆخێکی کارەساتبار. وەک ساڵی 2017 لە ئێتیوپی یان ساڵی 2018 لە ئەلجەزایر کە ئینتەرنێت بە بیانووی پێشگیری لە قۆپی کردن لە ئازموونی سەراسەری کوژابۆوە. کوژانەوە هاوشێوەکانی ئینتەرنیت لەپیوەندی لەگەڵ ئافریقا زۆر بەرچاوە. بۆ وێنە ساڵی 2019ی زایینی لە وڵاتانی وەک کامێرۆن، کۆماری دێموکراتیکی کۆنگۆ، چاد، سوودان و زینبابۆوێ ڕووی دا. لە ساڵی ، ٢١ دانە داخرانی لەم شێوەیە لە وڵاتانی وەک تووگۆ، سیرێلالێئۆن، سوودان و ئیتیۆپی و وڵاتانی تر ئەنجام درا.

بەڵگەیەکی ڕوون نییە کە بیسەلمێنێ ئەم کووژاندنەوە و بێدەنگ کردنانە لە درێژخایەندا سەرکوتوو بوون، بەڵکوو بەپێچەوانە بوونەتە هۆکارێک بۆ هاندان و ناڕەزایەتی زیاتری ناڕازییان. بۆ وێنە لە وڵاتانی بۆرکینافاسۆ و ئۆگاندا ئەمجۆرە قەدەغەکردنانە بوونە هۆی زۆرتر و تووندتربوونی زیاتری ناڕەزایەتییەکان.

جۆرج ئۆگۆلا ڕۆژنامەنووس و مامۆستای زانکۆ لە لەندەن لەم بارەیەوە دەڵێ: بەڵگە بینراوەکان لە وڵاتانی ئافریقایی نیشان دەدەن کە بەپێچەوانەی باوەڕی دیکتاتۆڕەکان، بڕینی هێڵی ئینتەرنێت پێشی خۆپێشاندانەکان ناگرێ و ڕێگری لە دروستبوون و بڵاوبوونەوەی دەنگۆکان ناکا. بەڵکوو یارمەتیی ناڕازییەکان دەکا بۆ خۆپێشاندانی زیاتر و بڵاوبوونەوەی زیاتری دەنگۆکان. هەروەها بە بوونی تێکنۆلۆژییە نوێیەکان، داخرانی ڕێگاکانی پیوەندیکردن و پێشگیری لە درزی زانیارییەکان بۆ دەرەوەی وڵات تا ڕادەیەکی زۆر نامومکینە. تەنانەت لە سنوورەکانی کۆرەی باکوور کە لە ڕیزی داخراوترین وڵاتانی دونیا دایە، زانیاری بۆ دەرەوەی وڵات دزە دەکا و بڵاو دەبێتەوە.

ڕاوێژکارانی ئابووریی شیرکەتی نێونەتەوەیی دیلۆیت بەراوردیان کردوە کە یەک ڕۆژ بڕینی هێڵی ئینتەرنێت لە وڵاتێکدا بە پێوەندییەکی مام ناوەند، لانیکەم 1.9 لە بەرهەمی پوختەنەکراوی نیشتمانیی دەفەوتێنێ و کۆمەڵیک زەرەر و زیان لە وڵاتدا جێگیر دەکا.

موحسینی جەلال‌پوور، بەرپرسی پێشووی ژووری بازرگانیی ئێران، دوای بڕینی سەراسەریی هێڵی ئینتەرنێت لە ئێران و لە ڕەوتی خۆپێشاندانەکانی ئەم دواییانەدا، ڕایگەیاند: ئابووریی وڵات لە ماوەی یەک حەوتووی ڕابردوودا خەسارێکی زۆری بەر کەوتوە. بەشێوەیەک کە دەتوانین بڵێین بەشێک لە بازاڕمان بەو هۆیەوە کە نەمانتوانیوە پێوەندییەکی بەردەواممان هەبێ و ئیمەیڵی شەریکە بازرگانییەکانمان وڵام بدەینەوە لە دەست داوە. بە پێی کۆبەندە ئەنجامدراوەکان لە ماوەی یەک حەوتووی ڕابردوودا، ئابووریی ئێران نزیکەی یەک میلیارد و پێنجسەد میلیۆن دۆلار زیانی بینیوە.

کوشتنی ئینتەرنێت، هەشتەگێکە کە لەم ڕۆژانەدا لە نێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی ئێران بە شێوەیەکی بەرچاو بڵاو بۆتەوە. کوشتنێک کە دەسەڵات لە ساڵانی پێشترەوە نەخشەی بۆ داڕشتبوو. خۆپێشاندانی سەراسەری و پڕ لە جۆش و خرۆشی ئەم دواییانە نیشانی دا کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران هەڵگری هیچ جۆرە چاکسازی و گۆڕانێک نییە و بە جێی ئەوەی پێداچوونەوە بە خۆی‌ بکا، پێی باشترە هەموو درگاکان بەڕەوڕووی دونیا ببەستێ و خەڵک بداتە بەر دەسڕێژی گولل‌ه و وڵات تووشی خەساری زیاتری ئابووری بکا. لە کۆتاییش‌دا خۆی وەک کەسێکی سەرکەوتوو لە شەڕ لەگەڵ کۆمەڵانی خەڵک‌دا بناسێنێ.

بەڵام ناڕازییە بوێرەکان بۆ جارێکی تر بێتوانایی ئەم رێژیمەیان بە نێو تەوێڵیدا دایەوە و بە بێ هێڵی ئینتەرنێت نیشانی هەموو جیهانیان دا کە سەرکوت و بێدەنگ کردن هیچ کاریگەرییەکیان جگە لە ڕشتنی بەنزین بەسەر ئاگری تووڕەیی ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتریان نییە.

سەرچاوە: ماڵپەڕی “توانا”