
ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٣٠ نوامبری ٢٠١٩ زایینی لە لایەن کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستان ھەروەھا بنەماڵەی کاک نەبی قادری کۆڕێکی ڕێزلێنان بە بۆنەی ٢٣ ساڵەی ساڵوەگەری کۆچی دوایی سیمای خۆشناوی گەل و حیزبەکەمان ، کادر و ڕێبەری بەوەج کاک نەبی قادری پێک ھات .
سەرەتای بەرنامەکان لە لایەن بەڕێوەبەری کۆڕیادەکە ئەحمەدی ڕەحمانی ئاماژەیەکی کورت بەم کۆڕیادە کرا .
سرودی نەتەوایەتی ئەی ڕەقیب دەستپێکی بەرنامەکان بوو ، پاشان خولەکێک بێ دەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەھیدان ڕاگەیەنرا .
دایە خەیاڵ ھاوژینی کاک نەبی قادری بە چاوێکی پڕ لە فرمێسکەوە توانی چەند پەیڤێک پێشکەش بکات ، دڵخۆش بوو بەوەی کە کاک نەبی قادری لە ڕێبازێکی پیرۆز و بەرزدا خۆی دیتەوە ، بەدەم باس کردنی ژیان و کوێرەوەریەکانی شانازی بە کاک نەبی قادری و خەباتەکەیەوە دەکرد و لەوەی کە خۆی لە نێو کۆڕی گەرمی یارانی کاک نەبی قادری دا دەدیت پشت ئەستوور بوو بە درێژەدانی ڕێبازەکەی .
پاشان کاک ناسری پیرانی سیمای دیارو خۆشناوی حیزب و گەلەکەمان لە سەر کەسایەتی کاک نەبی قادری دواو گەلێک ڕەھەندی جۆراو جۆری ژیانی کاک نەبی لەم کۆڕیادە دا باس کرد .
کاک بەکرە مــارەغانــی و ئەحمەد ڕەحمانی لە دوو ھۆنراوەدا ھەستی شۆڕشگێڕانەی خۆیان تێکەڵ بە وشەو پەیڤی شۆڕشگێڕی کرد و ھۆنراوەیان بۆ باڵای بەرزی پێشمەرگە ھۆنیەوە .
کاک وریا مەلاک بەرپرسی گشتی تەشکیلاتی حیزبی دێموکرات بە نوێنەرایەتی کۆمیتەی حیزب چەند وتەیەکی پێشکەش کرد .
کاک وریا سەرەتای وتەکانی ئەوە بوو کە بۆ ئەو جێگای فەخرو شانازیە کە لە سەر کەسایەتی کاک نەبی قادری بدوێ ، کاک نەبی کەسێکی ئەوەندە خەبات کارو جێی متمانە و تێکۆشەر بووە کە تاکو دوا چرکەساتەکانی ژیانیش لە حیزب و گەلەکەی دانەبڕاوە و رێبوارێکی تاسەری خەبات و تێکۆشان بووە .کاک نەبی قادری مرۆڤێکی بە پڕستیژ ، خاوەن ھەڵوێست و بڕیاردەر .ئەرکە لە سەرمان بیرو ھزری فکری رێبەرانی وەک کاک نەبی قادری بکەین بە سەرمەشقی ژیانی شۆڕشگێڕیمان .
بەشێکی تری بەرنامەی کۆڕیادەکە گێڕانەوەی چەند بیرەوەریەک بوو لە لایەن کاک ڕەئوف ھەر وەھا کاک ئارام قادری کوڕی نەمر کاک نەبی قادری و بە نوێنەرایەتی لەلایەن بنەماڵەوە سپاسی ھەموو ئەو ھاوڕێیانەی کرد کە ئامادەی کۆڕیادەکە بوون ، بە تایبەت سپاسی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی لە وڵاتی دانمارک کرد کە ئەرکی بەڕێوەبردنی کۆڕیاد و ڕێزلێنانەکەی بە شێوەیەکی زۆر باش بەڕێوە برد .
دوابرگەی ئەم کۆڕیادە سەردانی گۆڕی چەند ھاوڕێیەکی تر حیزب و گەلەکەمان بوو کە لە وڵاتی دانمارک کۆچیان کرد بوو . پەیمان لە گەڵ نەمران نوێ کرایەوە کە تا گەیشتن بە ئامانجە بەرز و پیرۆزەکانیان ڕێ و ڕێبازیان بەردەوام دەبێ .
حیزبی دێموکراتی کوردستان
کۆمیتەی دانمارک
[NPG id=6411]