بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی ٢٥ی گەلاوێژ ٧٤مین ساڵوەگەڕی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە وڵاتی دانمارک

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٢٤ ئاگۆستی ٢٠١٩ زایینی، ڕێوڕەسمێکی بەشکۆ بەبۆنەی ٢٥ی گەلاوێژ ٧٤مین ساڵەی دامەزرانی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان لە وڵاتی دانمارک بەڕێوەچوو. ژمارەیەکی بەرچاو لەئەندام، لایەنگران، دۆستانی حیزب و نوێنەرایەتی پارت و ڕێکخراوە کوردستانیەکان، نۆێنەرایەتی فێدڕاسیۆن و کۆمەڵە کوردییەکان تێیدا بەشدار بوون. دەستپێکی ڕێوڕەسمی ٢٥ی گەڵاوێژ بەسرودی نەتەوایەتی ئەی ڕەقیب بوو کە لە لایەن ڕۆڵە بەئەمەگەکانی حیزبەوە ئامادە کرا بوو پێشکەش کرا. پاشان ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێز گرتن لە گیانی پاکی شەھیدانی کوردستان راگەیەندرا و بەڕێوەبەری بەرنامە هاوڕێ ئەحمەد ڕەحمانی لە وتەیەکی کورت دا بە نوێنەرایەتی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە دانمارک بەخێرھاتن و پیرۆزبایی جێژنی ٢٥ی گەلاوێژ ٧٤مین ساڵوەگەڕی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی لە ئامادەبووان و میوانەکان کرد. پاشان کاک ڕەحیم خالیدنژاد بەرپرسی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە وڵاتی دانمارک پەیامی دەفتەری سیاسی حیزبی پێشکەش بە بەشداربوون و ئامادەبووانی ڕێو ڕەسمەکە کرد. لەو پەیامەدا ئاماژە بەوە کرابوو کە جوڵانەوەی ڕزگاریخوازی خەڵکی ڕۆژھەڵاتی کوردستان بە پێشڕەوی حیزبی دێموکرات و ڕێبەرایەتیی پێشەوا قازی محەممەد لە ماوەیەکی کورتدا بەشێوەیەک گەشەی کرد و پێشکەوت کە بتوانێ بە باشترین شێوە لە دەرفەتی ڕەخساو کەڵک وەرگرێ و کۆماری کوردستان دابمەزرێنێ، ئەویش بە پێی پێوانەی مۆدێڕن و نێونەتەوەییەکان. ھەنگاوەکانی حیزب و ڕێبەرە پێشەنگەکەی پێشەوا قازی محەممەد بەشێوەیەک سەردەمیانە بوون کە لە ماوەیەکی کورتدا ڕۆڵ و کاریگەریی ھەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵی کوردەواریی پێوە دیار بوو. ژنان شانبەشانی پیاوان ھاتنە مەیدانی خەبات و لاوان ئاوڕیان لێ درایەوە و تەنانەت کۆمەڵێکی بەرچاو لەوان بۆ خوێندن نێردرانە دەرەوەی وڵات. پاش پەیامەکەی کاک ڕەحیم خالید نژاد لە لایەن دوو سیمای ناسراو و خۆشەویستی حیزبەکەمان بەڕێزان کاک ناسر پیرانی و کاک ئالان بەھرامی مۆمی ٧٤ساڵی دامەزرانی حیزبەکەمان داگیرسان و خۆشی خستە دڵی بەشداربووان. لە ڕێوڕەسمەکەدا کۆمەڵێک لایەنی سیاسی و کۆمەڵە کوردی و کلتوری پەیام و بروسکەی پیرۆزباییان نارد بوو. کە بریتین بوون لە:

  • بروسکەی پیرۆزبایی یەکیەتی نیشتیمانی کوردستان
  • پەیامی پارتی ئازادی کوردستان
  • پەیامی پارتی سوسیالیستی کوردستان
  • بروسکەی پیرۆزبایی کۆمەڵەی کلتووری ئێزدیان لە دانمارک.
  • پەیامی پارتی دێموکڕاتی کوردستان -سوریە
  • پەیامی فیدڕاسێۆنی کۆمەڵە کوردیەکان لە دانمارک.
  • پەیامی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
  • پەیامی پارتی ئازادی ژیانی کوردستان –پژاک
  • پەیامی ھاوبەشی یەکیەتی لاوان و یەکیەتی ژنانی دێموکڕات  (

کوردم کوردستانم دەوێ ) ناونیشانی ھۆنراوەیەکی “مەلائاوارە “سومبول و ھێمای شۆڕشگێری ڕۆژھەڵاتی کوردستان بوو کە لە لایەن پێشکەشکاری بەرنامەوە خوێندرایەوە. بڕگەی کۆتایی ڕێوڕەسمەکە تەرخان کرابوو بۆ بەشی ھونەری، کە لەو بەشەش دا ھەڵپەرکێ و خۆشی بەشداران تاکو کاتژمێر ٢٣شەو درێژەی کێشا و بەشداران بەدڵێکی خۆشەوە پیرۆزبایی جێژنی ٢٥ی گەلاوێژیان لە یەکتر کرد.

حیزبی دێموکڕاتی کوردستان- کۆمیتەی دانمارک

[NPG id=4224]