به‌شداری كومیته‌ی ح د ک لە واشنگتۆن له‌ ڕێوڕه‌سمی چل ساڵه‌ی كۆچی دوایی مه‌لا مسته‌فای بارزانی

كومیته‌ی حیزبی دێموكراتی كوردستان لە واشنگتۆن،ی پایتەختی ئەمریکا ڕۆژی ٢ فێورییه‌ی ٢٠١٩ له‌ ڕێوڕه‌سمی چل ساڵه‌ی كۆچی دوایی مه‌لا مسته‌فای بارزانی،دا به‌شداری كرد.
لقی ٧ی پارتی دێموكراتی كوردستان له‌ ئه‌مریكا و كانادا بۆ ڕێز گرتن له‌ كه‌سایه‌تی مه‌لا مسته‌فای بارزانی و به‌ ئاماده‌بوونی چه‌ندین كه‌سایه‌تی و ئه‌ندامان و لایه‌نگرانی سه‌رجه‌م حیزبه‌ كوردستانییه‌كان، به‌ بۆنه‌ی چله‌مین ساڵی كۆچی دوایی بارزانی، مه‌راسیمێكی به‌ڕێوه‌برد كه‌ كومیته‌ی حیزبی دێموكراتی كوردستانیش وه‌ك میوان بانگهێشتی ئه‌م كۆڕه‌ كرابوو. لەو کۆڕیادە دا هاوکات لەگەڵ ڕێوڕەسمی ڕێزلێنان لەو ڕێبەری کورد، هاوکات له‌ لایه‌ن زۆر كه‌سایه‌تی و نوێنه‌رانی حیزبه‌ سیاسییه‌كانه‌وه‌ كه‌سایه‌تی مه‌لا مسته‌فا له‌ ڕوانگه‌ جۆراوجۆره‌كانه‌وه‌ هاتە بەرباس. كومیته‌ی حیزبیش په‌یامی تایبه‌تی خۆی پێبوو كه‌ لایه‌ن كاك خه‌بات ئیبڕاهیمپوور به‌رپرسی كومیته‌ی حیزب ئاراسته‌ی ئاماده‌بووان كرا. 
كاك خه‌بات له‌ وته‌كانیدا وێڕای به‌رز نرخاندنی ڕۆلی مه‌لا مسته‌فای بارزانی وه‌ك سه‌ركرده‌یه‌كی كاریزما له‌ بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی گەلەکەماندا، باسی له‌ دوو تایبه‌تمه‌ندی سه‌ره‌كی مه‌لا مسته‌فا كرد وه‌ك خه‌ڵكی بوون و خاكی بوون. پاشان ناوبراو ئاماژه‌ی به‌ ده‌وری ئه‌و سەرکردەیە كرد له‌ پێكهاته‌ی كۆماری كوردستان له‌ ڕۆژهه‌ڵات و پێدانی پله‌ی ژێنڕاڵی له‌ لایه‌ن پێشه‌وا قازی محه‌ممه‌ده‌وه‌ به‌ بارزانی و ساز بوونی په‌یوه‌ندییه‌كی پته‌و له‌ هه‌ردوو پارچه‌. 
له‌ بڕگه‌یه‌كی تری به‌رنامه‌كه‌دا كاك مراد ئه‌حمه‌دی پێشمه‌رگه‌ی دێرینی حیزبب، بیره‌وه‌ره‌ییه‌كی سه‌رده‌می گه‌نجی خۆی گێڕایەوە كه‌ به‌رپرسی گرووپی سروودی ڕێوڕه‌سمی به‌ خاك ئه‌سپاردنی مه‌لا مسته‌فا بووه‌ له‌ شاری شنۆ و بوونی چینه‌ جۆراوجۆر و جیاوازه‌كانی به‌ نیشانه‌ی وه‌فا و پێزانین دانا بۆ خه‌باتی بێوچانی سه‌ركردەیه‌ی گەلەکەمان.
شایانی باسه‌ شاندی كومیته‌ی حیزبی دێموكراتی كوردستان له‌ ئه‌مریكا پێكهاتبوو له‌ به‌ڕێزان: خه‌بات ئیبڕاهیمپوور، نه‌سرین كه‌ریمی، مراد ئه‌حمه‌دی، سوله‌یمان عه‌زیزی و كه‌ریم به‌ختیاری.
حیزبی دیموکراتی کوردستان- کومیتەی ئەمریکا

[NPG id=1866]