دیدارێکی دۆستانە لەگەڵ بەرێز ساندی مارتین ئەندامی پارلمان و سەرۆکی گرووپی پارلمانتەرانی بریتانیا بۆ رۆژهەڵاتی کوردستان

ئەمڕۆ چوارشەممە رێکەوتی ٢٧ی فێبریوێری  ٢٠١٩ بەرێز رەزا کەعبی جێگری سکرتێری کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان و مەولوود سوارە ئەندامی رێبەری حیزبی دیموکراتی کوردستان و کاک حەمید مورتەزا زادە ئەندامی رێبەری و بەرپرسی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان لەبریتانیا سەردانی پارلمانی ئەو وڵاتەیان کرد و دیدارو چاوپێکەوتنیان لەگەڵ بەرێز ساندی مارتین ئەندامی پارلمان و سەرۆکی گرووپی پارلمانتەرانی بریتانیا بۆ رۆژهەڵاتی کوردستان پێک هێنا.

ئەم دیدارە بۆ باس و لێدوان لەسەر دواین ڕووداوەکانی ئێران و بەتایبەت رۆژهەڵاتی کوردستان و هەروەها ئاگادار کردنەوەی بەرێزیان لە نوێترین هەنگاوی دە حیزب و ڕیکخراوی ئێرانی و کوردستانی ئۆپۆزیسیۆنی ڕژیمی ئیسلامی، بۆ هاوکاری و پێکهێنانی بەرەیەکی یەکگرتوو لە پێناو ئازادی و یەکسانی لە ئێران دا، بوو.

بەشێکی تری کۆبونەوەکە باسێکی گشتی لەسەر کەیسی چل ساڵەی کۆماری ئیسلامی و هەروەها دواین ئالوگۆرەکانی ئێران و بەتایبەت ڕۆژهەڵاتی کوردستان و دەست تێوەردان و خراپەکارییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە رۆژهەڵاتی نێوەراست بوو.

هەر لەو دیدارە دا باس لە نەرمی نواندنی وڵاتانی ئوروپا و داگیرساندنی چرا سەوزی بۆ ئێران و پشت نەگرتنی گەلانی ئێران لەلایەن وڵاتانی ئەوروپایی و هێشتنەوەی کۆماری ئیسلامی تا ئەمرۆ، هاتە بەرباس و پەنجەی ڕخنەی بۆ درێژ کرا.

بەرێز ساندی مارتین، وێڕای دەربڕینی خۆشحالی خۆی لەم دیدار و چاوپێکەوتنە، پشتیوانی خۆی لە جوڵانەوەی کورد بەگشتی و بەتایبەت ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەربری و پێی لەسەر ئەوە داگرتەوە کە ئەو رژیمانە درەنگ یا زوو دەرۆن و کورد و نەتەوەکانی تری ناو جوگرافیای ئێران بە مافەکانی خۆیان دەگەن.

پێویست بە ئاماژەیە کە ئەم کۆبونەوەیە، دەسپێکێک بوو بۆ واڵا کردنی دەلاقەی دۆستایەتی و هاوئاهەنگی و دیدارو چاوپێکەوتنەکانی سیاسی ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران و کۆکردنەوەی وزە و تواناکان و خستنە سەر یەکی بیرو بۆچوونەکان یەک دەنگی و یەک ووتاری بە دیوی دەرەوە دا و بە تایبەت لەگەڵ کەسایەتی و دەسەلادارانی وڵاتانی بیانی و درێژە دان بە کاری دیپلوماسی هاوبەش.

نوێنەرایەتی حیزبی دێموکراتی کوردستان- بریتانیا

[NPG id=1848]