کۆچی دوایی باوکی ئەندامێکی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ناوچەی شنۆ

 

مام عەبدوڵڵا ئیمامی ناسراو بە عەوڵای میرزا قاسم کەسایەتیی خۆشناوی ناوچەی شنۆ و باوکی ئەندامێکی حیزبی دێموکراتی کوردستان رۆژی سێ شەممە ٤ی گەلاوێژی ١٤٠١ بۆ هەمیشە ماڵاوایی لە کۆڕی بنەماڵە و ئازیزانی کرد.

 

مام عەبدوڵڵا لە بنەماڵەیەکی نیشتمانپەروەر و ئایینی چاوی بە دونیا هەڵێناوە و وەک کەسێکی خۆش نێو و نیشتمانپەروەر ناسراو و جێگای رێز بوو. مام عەبدوڵڵا، لە تەمەنی لاوەتییەوە هەستی نیشتمانپەروەریی لە دڵی‌دا چەکەرەی کرد و هێشتا تەمەنی ١٦ ساڵ بوو کە دامەزرانی کۆماری کوردستان و ئازادی نیشتمانەکەی بەچاوی خۆی دیت. مام عەبدوڵڵا هێندە دڵ گەرم دەبێ بەو سەرکەوتنە کە لە ڕۆژی دووی رێبەندان دا خۆی دەگەێنێتە شاری مهاباد لە ئاپۆڕای خەڵک و لەو رۆژە مێژووییەدا بە دیداری پێشەوا قازی محەممەد شاد دەبێ.

مام عەبدوڵڵا دوای ئەوەی زانی کە کوڕەکەی واتە هاوڕێ قادر ئیمامی بەهۆی چالاکیی حیزبییەوە (لە ریزی تەشکیلاتی نهێنی حیزبدا لە نێوخۆ) ئاشکرا بووە و کەوتووەتە مەترسییەوە، بۆ ئەوەی نەکەوێتە دەستی جەلادەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران وەک بابێکی نیشتمانپەروەروگەل خۆشەویست بۆ خۆی بەدەستی خۆی کوڕەکەی لە ساڵی ١٣٨٣دا ڕەوانەی نێو ڕیزەکانی پێشمەرگەی دێموکرات دەکات.

 

مام عەبدوڵڵا گەلێک شانازی بەخۆی دەکرد کەباوکی پێشمەرگەیەکی دێموکراتە. لەناو خەڵکی شاری شنۆ و دەورووبەر رێزێکی زۆریان لێ دەگرت وخۆشەویستی ناوچەکە بوو. مام عەوڵا هەمیشە ئاواتی ئەوە بوو کە گەلەکەی بەئامانج بگات و بە چاوی خۆی جارێکی دیکە نیشتمانی بە ئازادی ببینێتەوە، بەڵام مخابن مام عەبدوڵڵا لەتەمەنی ٩٢سالی لەئاوایی گرکاشان بە هۆی پیری و نەخۆشییەوە بەرەبەیانی رۆژی سێ شەممە ٤ گەلاوێژی ١٤٠١ بۆ هەتایە ماڵاوایی لە کۆڕی بنەماڵە و ئازیزانی کرد

لەلایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە دەرەوەی وڵات، بەبۆنەی کۆچی دوایی کاک عەبدوڵڵا ئیمامی یەوە، پرسە و سەرەخۆشیی خۆمان ئاراستەی هاوڕێ قادر ئیمامی و  بنەماڵە و ئازیزانی مام عەبدوڵڵا دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.

 

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*