بەخاکسپاردنی تەرمی تێکۆشەرێکی دێرین و باوکی شەهیدێکی حیزبی دێموکرات لە نۆروێژ

رۆژی سێ‌شەممە ٤ی گەلاوێژی ١٤٠١ی هەتاوی بەرانبەر بە ٢٦ی ژووییەی ٢٠٢٢ی زایینی، رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی کاک” محەممەد قادری” ناسراو بە کاک ” ئەحمەد سیمبان” تێکۆشەری دێرینی حیزبی دێموکراتی کوردستان و باوکی شەهید “سوهەیلا قادری”، ئەندامی جێگری کۆمیتەی ناوەندی و سکرتێر یەکیەتی ژنانی دێموکراتی کوردستان، لە نێو ئاپۆرای کوردانی دانیشتوویی نۆروێژ و بە بەشداری ئەندامان، لایەنگران و دۆستانی حیزبی دێموکرات لە گۆرستانی “شێدسمۆکۆشە” لە دەڤەری ” ئۆسڵۆ” بەرێوەچوو.

رێوڕەسمەکە بە بەجێهێنانی نەریتی ئایینی و ساتێک بێدەنگی بۆ رێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدان و رۆحی نەمر کاک” ئەحمەد سیمبان” دەستی پێکرد.  پاشان ” لوقمان حوسێنی”، ئەندامی کۆمیتەی حیزب لە نۆروێژ وێڕای بەخێرهێنانی بەشداران چەند وتەیەکی بەم بۆنەوە پێشکەش کرد.  دواتر پەیامی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە وڵاتی نۆروێژ لە لایەن ” خوسرەو قادری”، بەرپرسی کۆمیتە پێشکەش کرا. لە پەیامی کۆمیتە دا هاتبوو :”  کاک “ئەحمەد سیمبان” سیمایەکی ناسراوی ناو ریزەکانی حیزبی دێموکرات و پێشمەرگەیەکی بە وەفا بۆ حیزب و گەلەکەی بو کە هەر لە یەکەم رۆژەکانی خەباتی ئاشکرای حیزبی دێموکرات، واتا لە ساڵی ١٣٥٩ی هەتاوی بەرانبەر بە ١٩٨١ی زانییەوە چەکی پێشمەرگایەتی کردە شان و بە بنەماڵەوە، سەنگەری دیفاع لە ئازادی گەلە بەشخوراوەکەی هەڵبژارد و تێکۆشانی خۆی لە ناو ریزەکانی حیزبی دێموکراتدا دەست پێ کرد.”

لە بەشێکی دیکەی پەیامی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە نۆروێژ بە بۆنەی کۆچی دوایی نەمر کاک ” ئەحمەد سیمبان” وێڕاێ بەرز نرخاندنی خەبات و تێکۆشانی کۆچکردوو و بنەماڵە تێکۆشەرەکەی هاتبوو:” کاک ئەحمەد لە ریزی پێشمەرگایەتی دا لە بەشی خەدەماتی کۆمیسیۆنی ماڵیی حیزب بەدڵسۆزی و سەداقەتەوە کار و خزمەتی دەکرد. هەروەها هاوسەرە ماندوونەناسەکەی خاتوو” ئامین کۆنەلاجانی” لە بنکەی دەفتەری سیاسی و کچە پێگەیشتووەکانی لە کۆڕی پەروەردە و چاپەمەنی و راگەیاندنی حیزب دا جێ پەنجەیان دیار و بەرچاوە کە هەرکامیان لە سەنگەرێکدا بۆ بەرەوپێش بردنی جوڵانەوەی مافخوازی گەلی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان بێ ماندوو بوون، ئەمەگناسی و وەفاداری  خۆیان بە حیزب و گەل نیشان داوە، کە هەر لەو رێگایەدا خاتوو سۆهەیلا قادری ـ کچی کاک ئەحمەد ـ  ئەندامی جێگری کۆمیتەی ناوەندی و سکرتێری یەکیەتی ژنانی دێموکراتی کوردستان لە کارەساتی دڵتەزێنی ١٧ی خەرماناندا وێڕاێ پۆلێک لە تێکوشەرانی دێموکرات گیانی خویان پێشکەشی گەڵ و نیشتمان کردو شەهید بوون.”

لە بەشێکی دیکەی رێورەسمەکە دا تاجە گوڵی رێز و خۆشەویستی لە لایەن : بنەماڵەی نەمر کاک ئەحمەد سیمبان، کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە نۆروێژ، یەکیەتی ژنانی دێموکراتی کوردستان لە دەرەوەی وڵات، کۆمیتەی نۆروێژی یەکیەتی ژنانی دێموکراتی کوردستان و کۆمیتە ناوچەی رۆمەریکەی حیزب و بەشدارانی رێورەسمەکە لە سەر گڵکۆی رەوانشاد کاک ” ئەحمەد سیمبان” داندرا.

لە کۆتایی دا پەیامی سپاس و پیزانینی بنەماڵەی کۆچکردوو لە لایەن خاتوو” شوعلە قادری” پێشکەش کرا.

دواتر کۆڕی پرسە و سەرەخۆشی لە کاتژمێر ٢ تا ٦ ی ئێوارە لە ” ناوەندی قازی” بەرێوەچوو.
پێویست بوترێ، کاک ” محەممەد قادری” ناسراو بە کاک ” ئەحمەد سیمبان” ئێوارەی رۆژی هەینەی ٣١ی پووشپەری ١٤٠١ی هەتاوی بەرانبەر بە ٢٢ی ژووییەی ٢٠٢٢ی زایینی لە وڵاتی نۆروێژ کۆچی دوایی کرد.

 

 

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*