١٧ رێکخراوی بواری مافەکانی مرۆڤ: پارلمانی بێلژیک پرۆژە یاسای ئاڵوگۆڕی بەندکراوان لەگەڵ ئێران پەسەند نەکات

١٧ رێکخراوی بواری مافەکانی مرۆڤ داوا لە پارلمانی وڵاتی بێلژیک دەکەن کە هەرچشنە رێکەوتنێک بەمەبەستی ئاڵوگۆڕی بەندکراوان لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران رەت بکەنەوە.

ئەو ١٧ رێکخراوە کە ئەندامی هاوپەیمانیی “ئیمپەکت ئێران”ن لە بەیاننامەیەکی هابەش‌دا کە رۆژی ١٢ جوولای بڵاویان کرووەتەوە، روو لە پارلمانی وڵاتی بێلژیک، نیگەرانی خۆیان لەمەڕ پرۆژە یاسای ئاڵوگۆڕکردنی بەندکراوان لە نێوان کۆماری ئیسلامی و وڵاتای بێلژیک دەربڕیوە و داواکارن کە پارلمانی ئەو وڵاتە ئەو پرۆژە یاسایە پەسەند نەکات.

ئەو رێکخراوانە لە بەیاننامەکەیاندا بە ئاماژە بە سیاسەتی بەبارمتەگرتنی مرۆڤەکان لە لایەن کۆماری ئیسلامی‌یەوە، داوا دەکەن کە وڵاتی بێلژیک ئەم سیاسەتەی کۆماری ئیسلامیی ئێران وەک بەشێک لە  سیاسەتی نێودەوڵەتیی بەفەرمیی نەناسێت و رێگا نەدا ئێران وەک کەرەسەیەک یاریی بە گیانی مرۆڤەکانەوە بکات.

ئەو رێکخراوانە لە بەیاننامەکەیان‌دا، دەسەڵاتدارانی بێلژیک لەوە ئاگادر دەکەنەوە کە ئەوان نیگەرانن لەوەی کە لە ئەنجامی پەسەند کردنی ئەم پرۆژە یاسایەدا کەسانێک وەک “ئەسەدوڵڵا ئەسەدی” کە بە تاوانی کوشتن و هەوڵدان بۆ ئەنجامدانی کردەوەی تیرۆریستی لە زیندان دایە، رادەستی ئێران بکرێنەوە.

بەگوێرەی بەیاننامەی ئەو ١٧ رێکخراوە، هەرچەشنە پرۆژە یاسایەک بۆ ئاڵوگۆڕی بەندکراوان لەگەڵ ئێران، بەفەرمیی ناساندنی سیاسەتی بەبارمتەگرتنی مرۆڤەکانە لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە و هەروەها ئەم کردەوەش دەستی کاربەدەستانی ئەو وڵاتە بۆ پێشێل کردنی زیاتری مافەکانی مرۆڤ ئاوەڵا دەکات.

جێگای ئاماژەیە، رۆژی ٢٩ی ژوئەنی ٢٠٢٢، ژمارەیەک یاسادانەری پارلمانی بێلژیک گەڵاڵەیەکیان بۆ ئاڵوگۆڕی بەندکراوان لە نێوان وڵاتەکەیان و کۆماری ئسلامی‌دا هێنا ئاراوە، کە ناڕەزایەتی توندی زۆربەی هێز و لایەنە سیاسییە مرۆڤ دۆستەکان و  چالاکوانان و رێکخراوەکانی بواری مافی مرۆڤی لێکەوەتەوە.

 

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*