پۆلیسی نۆرێژ: لێکۆڵینەوە لە رووداوی هێرش کردنە سەر باڕی هاورەگەزخوازەکان بەردەوامە

جێگری سەرۆکی پۆلیسی نۆروێژ لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیی‌دا رایگەیاند کە لێکۆڵینەوە لە رووداوی هێرش کردنە سەر باڕی هاورەگەزخوازەکان کە بە هۆیەوە دوو کەس کوژران و ٢١ کەسی دیکەش بریندار بوون، بەردەوامە.

سێسلی لیلاس، جێگری سەرۆکی پۆلیسی نۆروێژ دوا نیوەرۆی رۆژی یەکشەممە پێنجی پووشپەڕ لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانی دا رایگەیاند کە تا ئیشتاش هەر خەریکی لێکۆلینەوە و کۆکردنەوەی بەڵگەن لە سەر رووداوەکە و دڵنیایی بە خەڵک دا کە ئەمنیەتی گشتی شارەکە لە ژێر چاودێری پۆلیس دایە و خەڵک لە هەموو روویەکەوە پارێزراو دەبن.

کاتژمێر یەکی بەرەبەیانی رۆژی شەممەی رابردوو، لە شاری ئۆسلۆ پایتەختی وڵاتی نۆروێژ هێرش کرایە سەر بارێکی هاوڕەگەزخوازەکان لەو شارەدا کە لە ئاکامی‌دا دوو کەس کوژران و ٢١ کەسی دیکەش بریندار بوون و برینی ١٠ کەسیان قووڵە.

ئەو هێرشە لە سەروبەندی ئامادەکارییەکان بۆ فستیڤالی هاورەگەزخوازەکان‌دا لەو شارە رووی‌دا کە بەهۆی نیگەرانی لە دووپات بوونەوەی هێرشی لەوشێوەیە، فستیڤاڵەکە هەڵوەشاوەتەوە. پۆلیس چەند کاتژمێر دوای رووداوەکە لە راگەێندراوێکدا وێڕای پشت راست کردنەوەی هێرشەکە ئاماژی بەوەدا کە بە ئەگەری زۆر ئەو هێرشە کردەوەیەکی تیرۆریستیە. ئەنجامدەری ئەو کردەوەیە کە لە لایەن پۆلیسەوە دەستبەسەر کراوە، پیاوێکی تەمەن ٤٣ ساڵەی هەڵگری رەگەزنامەی نۆروێژیە کە لە دایک بووی ئێرانە و تا ئێستاش ئامانجی ئەو کەسە لەوهێرشە نادیارە و پۆلیس لەو بارەوە خەریکی لێکۆلینەوەیە.

تاونبار ناوی زانیار مەتاپوورە و لە تەمەنی هەشت ساڵیەوە لە وڵاتی نۆروێژ نیشتەجێیە و هەڵگری رەگەزنامەی ئەو وڵاتەیە. پۆلیس سەر لە بەیانی رۆژی شەممە رایگەیاند کە زانیار مەتاپوور کە شەوی رابردوو دەستبەسەر کراوە  لە ژێر چاوەدێری پۆلیس‌دا بووە. هەر لەو پێوەندییەدا بەشێکی زۆر لە میدیاکانی نۆروێژ ئاماژە بەوە دەکەن کە ناوبراو وێڕای ئەوەی لە رابردوودا پێوەندی بە گرووپی مافیاییەوە هەبووە و ئێستاش گومانی ئەوی لێ دەکرێ کە لە ژێر کاریگەریی گرووپە ئیسلامییە توندڕەوەکان‌دا ئەو هێرشەی ئەنجام‌ دابێ.

رۆژنامەی VG  کە یەکێک لە رۆژنامە بە ناوبانگەکانی وڵاتی نۆروێژە، لە سەر ئەو بابەتە ئاماژەی بەوە کردووە کە بەپێی بەدواداچوونی ئەوان ” ئەو پیاوە تەمەن ٤٣ ساڵەیە، لە رابردوودا کێشەی دەروونی هەبووە و ساڵی ٢٠١٥ بەشی خزمەتگوزاری و ئاسایشی پۆلیس(PST)، لەگەلی دانیشتوون و لە لایەن ئەو ئۆرگانەوە لە ژێر چاودێری‌دا بووە.  جێگای ئاماژەیە، بەشی خزمەتگوزاری و ئاسایشی پۆلیس(PST)ی وڵاتی نۆروێژ بەمەبەستی پاراستنی ئاسایشی گشتیی وڵات، لێکۆلینەوە و چاودێری ئەو کەسانە دەکات کە گۆمانی ئەنجامدانی کردەوەی توندڕەوانە و تێکدەرانەیان لێ دەکرێ.

بە وتەی پۆلیسی نۆروێژ، زانیار ماتاپوور تا ئێستاش رەتیدەکاتەوە لێپرسینەوەی لەگەڵ‌دا بکرێت. ناوبراو بە تاوانی کوشتن و ئەنجامدانی کردەوەی تیرۆریستی لە لایەن پۆلیسەوە دەستبەسەر کراوە.

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*