لێک‌کۆبوونەوەی ئەندامانی بنەماڵەی گەورەی دێموکرات لە وڵاتی سویس

بەهەوڵی دڵسۆزان و ئەندامان و لایەنگرانی بنەماڵەی گەورەی دێموکرات ڕۆژی یەک شەممە ١٩/٦/٢٠٢٢ دەیان ئەندام و دۆست و لایەنگری هەر دوو حیزبی دێموکرات، لە چوارچێوەی بەرنامەیەکی هاوبەشدا، بە گیانی تەبایی و باوەڕ بە یەکڕیزی و ئومێدی هەرچی زووتر وەسەر یەککەوتنەوەی بنەماڵەی گەورەی دێموکرات، لە وڵاتی سویس لە دەوری یەک کۆبوونەوە.

سەرەتای بەرنامەکە، بە سروودی نەتەوایەتی ئەی ڕەقیب و پاشان ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێز گرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی ڕێگای ڕزگاری دەستی پێ کرد. دواتر پەیامێکی کورت لەمەڕ ئامانجەکانی ئەو کارە هاوبەشە، لە لایەن خاتوو چیمەن بارام میرزاەوە خوێندرایەوە.

پاشان ھەر دوو تێکۆشەری حیزبی دێموکرات بەڕێزان زاهیر قادر حاجی و کامران ڕەسووڵی چەند وتەیەکیان پێشکەش بە بەشداران کرد و وێڕای بەخێرهێنانی ئامادەبووان، ئامانج لەو کارە هاوبەشەیان  بۆ بەشداربووان  خستەڕوو. لە درێژەدا مامۆستا مەلا عەزیز ئەحمەدی، تێکۆشەری دێرینی دێموکرات، چەند وتەیەکی بە بایەخی لە سەر یەکڕیزی و تەبایی بنەماڵەی گەورەی دێموکرات پێشکەش کرد. ناوبراو لە وتەکانیدا، ڕوونی کردەوە کە بە چاو لێ کردن لە ڕابردوومان و ئەو هەڵانەی ڕوویانداوە، دەبێ هەوڵ بدەین یەکیەتیی ڕیزەکانی حیزب بپارێزین و گیانی لێبووردەیی بکەین بە کەلتووری بەهێزی یەک بوونێکی مانادارو ڕاستەقینە.

دواتر، دوو پارچە پەخشان لە لایەن بەڕێزان ڕەحمان ئیبراهیم زادەو عەلی سوورەچۆمی خوێندرایەوە. هەر لە درێژەی بەرنامەکەدا، عادڵ ئەلیاسی چەند کۆپەلە شێعرێکی پێشکەش بە ئامادە بووان کرد.

دوا بە دوای بەرنامەکە، سفرەیەکی هاوبەش دەیان بنەماڵەی دێموکراتی ئەوینداری تەبایی و یەکڕیزی لە دەوری یەک کۆکردەوە.

بڕگەی کۆتایی ئەم لێک‌کۆبوونەوەیە بریتی بوو لە شایی و هەڵپەڕکێ ئۆگرانی یەکڕیزی و وەسەریەککەوتنەوەی بنەماڵەی گەورەی دێموکرات، کە تا درەنگانێک درێژەی هەبوو.

 

 

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*