راپۆرتی کەناڵی ئێن ئاڕ کەی نۆروێژ لەسەر هەوڵی تیرۆری ویلیام نیگورد و تیرۆری میکۆنوس

 

کاناڵی “ئێن ئاڕ کەی” (NRK) نۆرویژ لە راپۆرتێکدا لەسەر سەفەرەکەی ئەم دواییانەی علی باقری کەنی، جێگری وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلای ئێران بۆ وڵاتی نۆروێژ، پەرەدەی لەسەر هەوڵەکانی دەزگا ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ تیرۆر کردنی خاوەنی بڵاوکراوەیەک لەو وڵاتە هەڵدایەو و ئاماژەی بە پیشوازی”عەلی باقری کەنی” لە تیرۆریست کازم دارابی لە ساڵی ٢٠٠٧دا کرد.

لەم راپۆرتەکەدا کە شەوی  ١٧/٦/٢٠٢٢ بڵاوکرایەوە، کاناڵی NRK نۆروێژ کە بە کاناڵی فەرمیی ئەو وڵاتە ناسراوە، تیشکی خستە هەوڵی تیرۆی “ویلیام نیگورد” کە ٣٩ ساڵ لەمەوبەر لە لایەن وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێرانەوە بە هۆی چاپ و بڵاوکردنەوەی کتێبی “ئایاتی شەیتانی” سەلمان رۆشدی، تەقەی لێکرا و بە سەختی بریندار بوو. هەروەها لە راپۆرتەکەدا تەلەفزیۆنی فەرمیی نۆروێژ باسی تیرۆری دوکتور سادقی شەرفکەندی، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکرات و هاوڕێیانی لە ئاڵمان دەکات کە بە تیرۆری میکۆنوس ناسراوە و نزیکەی ٣٠ ساڵ لەمەوبەر لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە لە وڵاتی ئاڵمان ئەنجام درا.

بەگوێرەی راپۆرتە، ئەم بابەتە لە پەراوێزی سەردانەکەی علی باقری کەنی، جێگری وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلای ئێران بۆ وڵاتی نۆروێژ لە کۆتایی مانگی مەی ٢٠٢٢ هاتووەتە گۆڕێ. لەم سەردانەدا کە بەمەبەستی لابردنی گەماوروکان لە سەر حکومەتی ئێران بووە، لە کاتی دانیشتنێک لە پارلمانی نۆروێژ و دوای تێپەربوونی 39 ساڵ بە سەر تیرۆری ناکامی  ویلیام نیگورددا جارێکی دیکە ئەو باسە هاتووەتە گۆڕێ. لەم دانیشتەدا “عوبەید راجا” نوێنەری حیزبی چەپەکان (Venstres) لە پارلمانی نۆروێژ لە پێوەندی لەگەڵ پرسی تیروری ویلیام نیگارد دا باسی لەوە کرد کە ئەو پەروەندە بابەتێکی پۆلیسی نییە و ئەو کێشەیەکی دیپلۆماسییە لە ئاستی پێوەندییە نێو دەولەتیەکاندا.

لە ئۆکتۆبری ساڵی ١٩٩٣ ویلیام نیگۆرد لە بەر دەرکی ماڵەکەی خۆی لە شاری ئۆسلۆ لە لایەن چەند کەسیکەوە تەقەی لێ کرا و زۆر بە توندی بریندار بوو. ویلیام نیگۆردی خاوەنی دەزگای چاپ و بڵاو کردنەوە ئێشچۆئۆگ بوو کە لە ساڵی١٩٨٩دا کتێبەکەی سەلمان رۆشدی چاپ و بڵاو کردەوە. چەند ساڵ دواتر دەرکەوت کە یەکێک لە تیرۆریستەکان دیپلۆماتێکی سەفارەتی ئێران لە وڵاتی نۆروێژ بووە و ئەوی دیکەشیان کەسێکی لوبنانی بووە.

کاناڵی “ئێن ئاڕ کەی” (NRK) نۆرویژ لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە دەکات کە “عەلی باقری کەنی” لە کاتی گەرانەوەی کازم دارابیش دا لە ساڵی ٢٠٠٧، وەک قارەمانێک پێشوازی لەو تیرۆریستە کردووە. ئەوە لە کاتێک دا کە کازام  دارابی لە لایەن دادگای فیدرالی ئاڵمانەوە سەلمێندرا کە یەکێک لە ئەنجامدەرانی تیرۆری میکۆنوس بووە کە بەهۆی ئەو کردەوە تیرۆریستییەوە دوکتور سادق شەرەفکەندی، هۆمایون ئەردەڵان، فەتاح عەبدولی و نووری دێهکوردی شەهید بوون. کازم دارابی لەو پێوەندییەدا سزای زیندانی هەتا هەتایی بە سەر دا سەپا، کە دوای تێپەربوونی پانزدە ساڵ و شێست و چوار رۆژ بە سەر سزاکەی دا،  لە لایەن وڵاتی ئاڵمانەوە رادەستی ئێران کرایەوە. لە کاتی  گەڕاندنەوەی‌ کازم دارابی‌دا، عەلی باقری کەنی وەک قارەمانێک پێشوازی لەو تیرۆریستە کرد.

جێگای ئاماژەیە، لە کاتی سەردانەکەی ئەو تیرۆریست دیپلۆماتەکەی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ وڵاتی نۆرێژ کۆمەلێکی بەرچاو لە چالاکانی سیاسی لە بەردەم پارلمانی ئەو وڵاتە خۆپێشاندانێکیان ریک خستبوو وێرای وتنەوەی کۆمەلێک دروشمی سیاسی ، پێشوازی حکومەتی نۆرێژیشان مەحکوم کرد.

تێبینی: ئەو وێنانە لە ماڵپەڕی کانالی NRK وەرگیراون.

 

 

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*