بە خاکسپاردنی تەرمی دایکی دوو شەهیدی رێگای رزگاری کوردستان لە وڵاتی سوئێد

رۆژی ھەینی ١٠-٠٦-٢٠٢٢ زایینی، تەرمی دایە مریەم رۆستەمپوور لەنێو ئاپۆڕای دڵ بەخەمی بنەماڵە و خزم و ئاشنا و هاوڕێیانی، لە شاری “ڤێسترۆس”ی وڵاتی سوئێد بە خاک سپێردرا.

دایە مریەم رۆستەمپوور، دایکی شەهیدان “حەمەعەزیز عەزیزی”و “رەسووڵ عەزیزی” رۆژی ٠٥-٠٦-٢٠٢٢ دوای ماوەیەکی زۆر بەربەرەکانی لەگەڵ نەخۆشی، لە ئامێزی بنەماڵەی تێکۆشەری دا لە شاری “سالا” لە وڵاتی سوئێد کۆچی دوایی کرد..

بە نوێنەرایەتیی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە وڵاتی سوئێد، بەڕێزان کاک کەریم جاف و خاتوو شلێر حەسەنپوور تاجەگوڵینەی ڕێز و خۆشەویستییان لەسەر گڵکۆی دایە مریەم دانا و هاوخەمی و بە پەرۆشبوونی حیزبی دێموکراتی کوردستانیان بە بنەماڵەکەیان راگەیاند.

دوای مەڕاسیمی خاکسپاری،بەشداربووان بەرەو ساڵۆنی کۆڕ و پرسە گەڕانەوە. لەسەر ژیان و بەسەرھاتی دایە مریەم چەندین وێنە و دێکۆمێنت نیشاندرا و ھاوکات لایەلایەکی بەھەست و سۆز بە دەنگی دایە مریەم بڵاو کرایەوە و دەنگی بلاوێنی بوو بە ھۆی خەمباری زیاتری کۆڕگێران و بەشدار بووان..

کورتەیەک لەسەر ژیانی پڕ لە تەنگ و چەڵەمە و سەروەری دایە مریەم لەلایەن کاک عەلی درەختی پێشکەش بە بەشدرابووان کرا, ئەمجار پەیامی کۆمیتەی حدکا خوێندرایەوە و دوابەدوای ئەو، پەیامی ھاوبەشی  کۆمیتەی حیزبی دیموکراتی کوردستان لە وڵاتی سوئێد و یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان لە  سوئێد لە لایەن “خاتوو شلێر حەسەنپوور” پێشکەش کرا.

“لە پەیامەکە دا باس لە ژیان و خەباتی بنەماڵەی مام عەزیزو بەتایبەت دایە مریەم کرا بوو و ئاوڕێکی خێرا لەسەر ژیانی نێو شۆرش و پێشمەرگایەتی دایە مریەم و بوێری ئەو خاتوونە تێکۆشەرەی دێموکرات درابۆوە.”

لەپاشان پەیامی بەڕێز کاک مەلا حەسەن شیوەسەڵی خوێندرایەوە و دوایین بڕگە نووسینێکی بەھەست لە لایەن “ھاژە بایزیدی”کە بە زمانی سوئێدی نووسرابوو پێشکەش کرا..

پێویست بە ئاماژەیە کە لە نێوبڕی بەرنامە، چەندین ھۆنراوەی جوان سەبارەت بە دایک “ژن” لەلایەن خاتوو نیشتمان عەزیزیەوە خوێندرایەوە..

لە کۆتایی دا کاک برایم عەزیزی، بە نوێنەرایەتی بنەماڵەی عەزیزی، سوپاسی ھەموو لایەکی کرد کە بەشداریان لە کۆڕی بەخاکسپاردن و پرسەی دایە مریەم دا کردبوو.

 

 

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*