کۆبوونەوەی هەیئەتێکی حیزبی دێموکراتی کوردستان لەگەڵ پارلەمانتارێکی پارتی کرێکاری ئۆسترالیا

هەیئەتێکی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە وڵاتی ئۆسترالیا رۆژی دووشەممە ٦ی ژوئەنی ٢٠٢٢ لەگەڵ گراهام پیریت، ئەندامی پارلەمانی ئۆسترالیا و بەرپرسی کۆمیتەی مافی مرۆڤ لە پارلەمانی ئەو وڵاتە کۆبوونەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی راگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە دەرەوەی وڵات، رۆژی دووشەممە ٦ی ژوئەنی ٢٠٢٢ هەیئەتیكی حیزبی دێموکراتی کوردستان پێکهاتوو لە هاوڕێیان سەلاح پوورئەسەد، بەرپرسی پێوەندییەکانی حیزب لە ئۆسترالیا و کامران سۆهرابی ئەندامی بەشی پێوەندییەکان لەگەڵ گراهام پیریت، ئەندامی پارلەمانی ئۆسترالیا لەسەر لیستی پارتی کرێکار و بەرپرسی کۆمیتەی مافی مرۆڤ لە پارلەمانی ئەو وڵاتە کۆبوونەوە.

لەسەرەتای دیدارەکەدا، هەیئەتی حیزب بە پێشکەش کردنی چەپکە گوڵێک بەبۆنەی سەرکەوتنی گراهام پیریت و حیزبەکەی لە هەڵبژاردنەکانی ئەم دواییەی ئۆسترالیادا، پیرۆزباییان لە ناوبراو کرد. هەر بەم بۆنەوە نامەی پیرۆزبایی بەڕێز کاک خالید عەزیزی، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانیان  پێشکەشی ناوبراو کرد کە بیگەێنێ بە دەستی ئەنتۆنی ئاڵبانیس، سەرۆک وەزیرانی ئۆسترالیا.

لە کۆبوونەوەکەدا کە نزیک یەک کاتژمێری خایاند، دوایین ئاڵوگۆڕەکان لە پێوەندیی لەگەڵ پرسی کورد و بارودۆخی نێوخۆی ئێران و دۆخی نالەباری مافەکانی مرۆڤ لە ئێران تاوتوێ کران. لەم بارەوە هەیئەتی حیزبی دێموکراتی کوردستان دوایین زانیارییەکان و روانگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانیان بۆ گراهام پیریت، بەرپرسی کۆمیتەی مافی مرۆڤ لە پارلەمانی ئۆسترالیا باس کرد.

لەم دیدارەدا هەیئەتی حیزب لەپێوەندی لەگەڵ گوشارەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر چین و توێژە جیاکانی ناو ئێران باسیان لە بڕیاری ناڕەوای دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی لە سەر “وریا غەفوری” فوتباڵیستی ناسروای کورد کرد کە بە ھۆی دەنگی ناڕەزایەتی ناوبراو بەرانبەر بە سیاسەتە دژە مرۆییەکانی کۆماری ئیسلامی، حەقی دەرکەوتنی لە میدیاکان‌دا لێ زەوت کراوە.

لە میانەی کۆبوونەوەکەدا گراهام پیریت بە گرنگییەوە روانییە ئەو باس و بابەتانە و هەروەها کۆمەڵێک پرسیاری لەسەر دۆخی کوردستان و ئاستی هاوکاری و یەکگرتوویی نێوان لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان خستە بەرباس و بەلێینی دا کە سەرنج و داواکاریی هەیئەتی حیزبی دێموکراتی کوردستان بگەێنێتە شوێنی خۆی.

جێگەی ئاماژەیە کە حیزبی کرێکاری ئۆسترالیا لە هەڵبژاردنەکانی ئەم دواییەی ئەو وڵاتەدا، توانی دەنگی زۆرینەی دەنگدەرانی ئەو وڵاتە بەدەست بێنێ و ببێت بە براوەی یەکەمی هەڵبژاردنەکان.

 

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*