مەرجەکانی بنیاتنانی ئێرانێکی دێموکراتیک و سەقامگیر

[کاک خالید عەزیزی، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە کاردانەوە بە قسەکانی ڕۆژی هەینی ١٣ی جۆزەردانی ڕەزا پەهلەوی کە لەودا کورد و نەتەوەکانی دیکەی ئێرانی بە هۆز و عەشیرەیەک! لە ئێران ناوبرد، پەیامێکی بڵاو کردەوە. «کوردستان» دەقی ئەو پەیامەی بڵاو کردۆتەوە.]

 

خەڵکی مافویست و ئازادیخوازی ئێران!

حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکان!

ڕۆژی هەینی، ١٣ی جۆزەردان ڕەزا پەهلەوی لە پەیامێکدا کۆمەڵە بابەتێکی پێوەندیدار بە داهاتووی ئێرانی باس کرد. لێرەدا بە پێویستی دەزانین لەبارەی کۆمەڵە ڕاستییەک کە بەشێک لە حیزب و کەسایەتییە سیاسییەکان بەئانقەست خۆی لێ دەبوێرن، چەند ڕوونکردنەوەیەکمان هەبن.

لەپێشدا هەر ئەوە کە هەموو حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکانی ئۆپۆزیسیۆن، هەموو هێزە گۆڕانخوازەکانی کۆمەڵگە و هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵ لەهەمبەر داهاتووی وڵاتدا خۆیان بە بەرپرسیار بزانن و بەکردەوەش بۆ گۆڕانکاری بە ئاراستەی دەستەبەری ئازادی و دێموکراسی و مافی وەک‌یەک بۆ هەمووان تێ‌بکۆشن هەم بەجێیە و هەم پێویست. بەڵام ئەوەی گرینگە ڕوانگەکان و نەخشەڕێی تێپەڕین لە کۆماری ئیسلامی و دروست‌کردنەوەی وڵاتە بەپێی واقعە سیاسییەکانی کۆمەڵ کە مەسەلەی جۆراوجۆری پێکهاتەیی و فرەنەتەوە بوونی ئێران یەکێکە لەو واقعە سیاسییە هەرە گرینگانەی ئێستای وڵات.

ئێران وڵاتێکی فرەنەتەوە و فرەئایینە، بەڵام لەبەرچاونەگرتنی ئەو حەقیقەتە لە بنیاتنانی ئێران، بە تایبەت لە مێژووی سەد ساڵی ڕابردوودا خۆی هۆکاری سەرەکیی هەموو ئەو کۆمەڵە کێشە و قەیرانەیە کە ئەمڕۆکە بەرۆکی خەڵکی وڵات و ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامیی گرتوە. سیاسەتی تواندنەوەی نەتەوە نافارسەکان، هەڵاواردنی ناوچە پەراوێزخراوەکان و کۆکردنەوەی هەموو دەسەڵاتەکان لە ناوەند لە پێناو دروست‌کردنی حاکمییەتێکی بەهێز لە دوو سەردەمی دەسەڵاتی پاشایەتی و کۆماری ئیسلامیدا ئاکامەکەی ئێرانێکی پڕقەیران بە داهاتوویەکی لێڵ و ناڕوون بووە.

تێپەڕین لەو دۆخە بەر لە هەموو شتێک لەگرەوی داننانی هەمووان بەو ڕاستییانەیە کە بەداخەوە ئاغای ڕەزا پەهلەوی لە قسەکانی ڕۆژی هەینیی خۆیدا، بەتایبەت بە ناوهێنانی کورد و عەرەب و نەتەوەکانی دیکەی ئێران بە هۆز و عەشیرە سووڕێکی باتڵی دیکەی لەو مەزنیخوازییە وێنا کرد.

حیزبی دێموکراتی کوردستان لە پێوەندی لەگەڵ ئەو بەشە لە قسەکانی ئاغای پەهلەویدا بەداخبوونی خۆی ڕادەگەیەنێ و هیوادارە ئەمە تەنیا ئاکامی دابڕانی بەڕێزیان لە کۆمەڵگەی ئێران و گۆڕانکارییەکانی ئەم وڵاتە بە درێژایی چەند دەیەی ڕابردوو بێت، نەک بنەمای فکری و سیاسیی ئەو بۆ ئێرانی داهاتوو.

لە کەس شاراوە نییە کە خەباتی نەتەوایەتیی کورد وەک نەتەوەیەک لە نەتەوەکانی ئێران کە داوای مافی نەتەوەیی و دیاریکردنی چارەنووسی خۆی بە دەستی خۆی دەکات، لە سەد ساڵی ڕابردوودا مێژوویەکی دەوڵەمەند و بەبایەخی خوڵقاندوە. کوردەکان لە ٧٧ ساڵ لەوەپێش بە دامەزراندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان لەسەر بنەمای وەک‌یەکی مافە نەتەوەیی و دێموکراتیکەکان، بوون بە پێشەنگ و هاوبەشی خەباتی دێموکراسیخوازی لە ئێراندا. دواتریش کە دروشمی دێموکراسی بۆ ئێران و خودموختاری بۆ کوردستان بۆ زیاتر لە سێ دەیە دروشمی ستراتیژیکیی حیزبی دێموکراتی کوردستان بوو، هەموو هەوڵی ئێمە دێموکراتیزەبوونی حکوومەت و وڵاتی ئێران و دەستەبەری مافە نەتەوەییەکانی کورد و باوەر‌هەبوون بە دابینبوونی ئەو مافانە بۆ هەموو نەتەوەکانی دیکەی ئێران بووە. لە قۆناغەکانی دواتریشدا کە دروشمی فدرالیزم لە ئێرانی دێموکرات و فدرال‌مان هەڵگرتوە، نەک لەو ئامانجانە دانەبڕاوین، بەڵکوو پتریش بۆی تێکۆشاوین. بەڵام هەردوو ڕێژیمی پێشوو و ئێستای ئێران سیاسەتی وتووێژ و چارەسەری ئاشتییانەی پرسی کورد لە ئێرانیان بە لەشکەرکێشی، سەرکوت و قەڵاچۆ وەڵام داوەتەوە. هەر لەو سۆنگەیەش نەتەوەی کورد بە درێژایی مێژووی هەشت دەیەی ڕابردوو زۆرترین قوربانی و تێچووشی بۆ ئەو بەها و بایەخە دێموکراتیکانە داوە. بۆ نموونە لە ئاکامی ڕوانینی دوژمنکارانە و ناوەندتەوەری حکوومەتی ناوەندییەوە هەزاران تێکۆشەری کورد و ڕێبەرانی سیاسیی ئەو نەتەوەیە شەهید بوون، چەندین هەزار تێکۆشەری سیاسی و بەندیی سیاسیی کورد تێرۆر و ئێعدام کراون، ڕێبەرانی کورد تێرۆر کراون و هەر لە درێژەی ئەم سیاسەتی سڕینەوە و دژمنکارانەیەدا بە مووشەکی بالستیک لە بنکە و بارەگاکانمان درا. بەڵام جووڵانەوەی ڕزگاریخوازیی کورد بە سەرکوت و قەڵتوبڕ و تێرۆر و قەڵاچۆ  بە چۆک دانەهات و دەبینی  کە هاوتەریب لەگەڵ هەموو ئەوانە ڕەوتی مافویستی و شوناسخوازیی کورد لە ئێران لە هەموو بەستێنە سیاسی، کۆمەڵایەتی، کولتووری و ئەدەبییەکاندا هەتا هاتووە پتر گەشەی کردوە کە ئاغای ڕەزا پەهلەوی ئەگەر بەڕاستی بیهەوێ دەتوانێ بەڕوونی لێکەوتەکانی لە کۆمەڵگەی کوردستاندا ببینێ. بۆیە پێویستە بەڕێزیان بزانێ کە پرسی کورد لە ئێرانی داهاتوو پرسی هۆز و عەشیرەیەک نییە، بەڵکوو پرسی نەتەوەیەکی مافخوازە کە بەو پاشخانە دەوڵەمەندە لە ئەزموون و وزەی خەباتگێری دەتواندرێ وەک دەرفەتێکی باش بۆ داهاتووی سەقامگیری ئێران چاوی لێ بکرێت.

ئێمە پێ لەسەر ئەو ڕاستییە دادەگرینەوە کە یەکەم هەنگاوی چارەسەری کێشەکانی ئێستای وڵات و ڕوانین بۆ داهاتوو بینین و داننان بە بوونی کێشەکانە کە بنەڕەتیترینی ئەوە فرەنەتەوەیی، فرەئایینی و جۆراوجۆرییەکانی دیکەی ئێرانە و تێپەڕین لە کۆماری ئیسلامی و دروست‌کردنی ئێرانێکی سەقامگیر لە داهاتووشدا، لەگرەوی دابەشبوونی دێموکراتیکی دەسەڵات و وەدیهاتنی ئازادی، بەرانبەری و مافی وەک‌یەکی هەموو پێکهاتەکانی ئەم وڵاتە بەبێ هیچ جیاوازییەکی نەتەوەیی و ئایینی‌دایە.

حیزبی دێموکراتی کوردستان بەدوای ناکۆکی و دوژمنایەتی لەگەڵ هیچ کەسایەتییەکی سیاسی و حیزبێکی دژبەری کۆماری ئیسلامیدا ناگەڕێ. ئێمە وێڕای داکۆکی لە مافە نەتەوەیی و دێموکراتیکەکانمان نەک هەر بەنیسبەت داهاتووی ئێران کەمتەرخەم نابین، بەڵکوو وەک چۆن لە ڕابردووشدا هەمیشە تێکۆشاوین هەوێنی یەکیەتیی بەکردەوەی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی دژی کۆماری ئیسلامی بین؛ لەو هەوڵانەمان بەردەوام دەبین.

 

سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان

خالید عەزیزی

١٥ی جۆزەردانی ١٤٠١

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*