سێ هاوپەیمانیی دژبەری کۆماری ئیسلامی: رووخانی بینای مێترۆپۆلی ئابادان، بەرهەمی گەندەڵیی دەسەڵاتی ئیسلامیی ئێرانە

سێ هاوپەیمانیی دژبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران لە راگەێنداوێکی هاوبەش‌دا کە رۆژی٨ی جۆزەردان بەرانبەر بە 29ی مانگی مەی بڵاویان کردووەتەوە لە پێوەندیی لەگەڵ رووخانی بینای مێترۆپۆلی شاری ئابادان‌دا، دەسەڵاتی ئیسلامیی ئێران بە بەرپرسیاری ئەو کارەساتە دەازانن و رایانگەیاندووە کە رووخانی بینای مێترۆپۆل، بەرهەمی گەندەڵیی دەسەڵاتی ئیسلامیی ئێرانە.

ئەو سێ هاوپەیمانییە کە پێکهاتوون لە کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدراڵ، شورای دێموکراسی خوازان و هاوپێوەندیی بۆ ئازادی و بەرابەری لە ئێران لە راگەێندراوێکی هاوبەشدا بەئاماژە بەهۆکارەکانی رووخانی بینای مێترۆپۆل رایانگەیاندووە کە بەرپرسانی دەسەڵات، سەرۆکی شارەوانی وبەرپرسانی دیکەی شاری ئابادان بە وەرگرتنی بەرتیل لەگەڵ خاوەنی بیناکە پێکهاتوون، بۆیە بەرامبەر بەم کارەساتە و گیان لەدەستدانی هاووڵاتییان بەهۆی رووخانی بیناکەوە، بەرپرسیارن.

ئەو سێ هاوپەیمانییە، وێڕای پشتیوانی لە ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی ئابادان و شارەکانی دیکە رایانگەیاندووە کە رووخانی بینای مێترۆپۆل یەکێکە لە لێکەوتەکانی چل ساڵ دەسەڵاتداریەتیی دیکتاتۆری مەزهەبی لە ئێران کە تێ‌دا گەندەڵیی دەزگامەند بووەتەوە و کۆمەڵێک دز و جەردە لەسەر کۆرسی دەسەڵات دانیشتوون و تەنیا لە خەمی پڕ کردنی گیرفانی خۆیان دان.

کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدراڵ، شورای دێموکراسی خوازان و هاوپێوەندیی بۆ ئازادی و بەرابەری لە ئێران لە کۆتایی راگەێندراوەکەیاندا وێڕای دەربڕینی پشتیوانی و هاوخەمی لەگەڵ کەسوکاری قوربانییەکانی ئەو کارەساتە، داوای بەسزاگەیاندنی خاوەنی بیناکە و ئەو بەرپرسانە دەکەن کە هۆکار بوون لە رووخانی ئەم بینایە و درووست بوونی ئەو کارەساتەدا.

رۆژی دوو شەممە دووی جۆزەردان یەکێک لە بیناکانی مێترۆپۆلی شاری ئابادان داڕووخا و بەو هۆیەوە تا ئێستا زیاتر لە ٣٠ کەس گیانیان لە دەست داوە و هەروەها نزیکەی ٤٠ کەسیش بریندان و رەوانەی نەخۆشخانە کراون.

کارناسانی بواری بیناسازی هۆکارەکانی رووخانی ئەم بینایە بۆ لەبەرچاونەگرتنی پێوەر و ستانداردەکانی بیناسازی دەگەڕێیننەوە، کە دوای ئەوەی چەند جار لە لایەن رێکخراوی ئەندازیاریی بیناسازییەوە خاوەنی بیناکەوە ئاگادر کراوەتەوە کە پێویستە لە دروست کردنی بیناکەدا ستانداردەکانی بیناسازی ڕچاو بکا، بەڵام ئەو داوایە پشتگوێ خراوە.

دوای رووخانی بیناکە کە بەوهۆیە ژمارەیەکی زۆر بوونەتە قوربانی، خەڵکی ناڕازی لە شاری ئابادان و ژمارەیەکی دیکە لە شارەکانی ئێران بە هاتنە سەر شەقامەکان دژی حکوومەت خۆپێشاندانیان کرد و دروشمی دژی دەسەڵات و بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامی بەرز کردەوە.

خۆپێشاندان و ناڕەزایەتییەکان لە شاری ئابادان و چەند شارێکی دیکە هەر درێژەی هەیە و تا ئێستا ژمارەیەک زۆر لە خۆپیشاندەران لەلایەن دەزگا سەرکوتکەرانی دەسەڵاتەوە گیراون و چارەنووسیان نادیارە.

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*