‎کۆبوونەوەی “هاوپێوەندیی بۆ ئازادی و بەرابەری لە ئێران” لە ئاڵمان

هاوپەیمانیی “هاوپێوەندیی بۆ ئازادی و بەرابەری لە ئێران” (همبستگی برای آزادی و برابری در ایران)  رۆژانی ٧ و ٨ی مانگی مەی لە شاری هانۆفێری ئاڵمان کۆبوونەوەیەکی بەڕێوە برد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی راگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە دەرەوەی وڵات، نوێنەرانی هاوپێوەندیی بۆ ئازادی و بەرابەری لە ئێران کە پێکهاتووە لە ١٠ حیزب و رێکخراوی سیاسی لەم کۆبوونەوەیەدا بەشدار بوون.  لەم کۆبوونەوەیەدا، بەڕێز خالید حەسەنپوور، ئەندامی رێبەری حیزب و بەرپرسی بەشی پێوەندییە ئێرانییەکان لە کۆمیتەی دەرەوەی وڵات بە نوێنەرایەتی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەشدار بوو.

بەپێی ئەم هەواڵە، کۆبوونەوەی هاوپێوەندیی بۆ ئازادی و بەرابەری لە ئێران  لە سێ پانێلی سەرەکی پێکهاتبوو کە بریتی بوون لە یەکەم: پێداچوونەوە بە کەموکۆڕییەکانی هاوپێوەندیی بۆ ئازادی و بەرابەری لە ئێران، دووەم: پرسی هاوکاری لەگەڵ لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆنی کۆماری ئیسلامی ئێران، سێیەم: بارودۆخی ئێستای ئێران و بەرنامەی هاوپێوەندیی بۆ ئازادی و بەرابەری لە ئێران.

لە کۆبوونەوەکەدا نوێنەرانی حیزب و لایەنە سیاسییەکان، سەرنج و بۆچوونەکانی خۆیان لە هەر کام لە پانێلەکاندا خستەڕوو و جەختیان لەسەر رێگا چارەی گرفتەکان و نەهێشتنی کەموکۆڕییەکان کردەوە.

لە پێوەندیی لەگەڵ هاوکاری لەگەڵ لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆنی کۆماری ئیسلامی ئێران جەخت لەسەر زەروورەتی هاوكاری و پێویستی پێکهێنانی یەکیەتییەک لەگەڵ ” شۆرای دێموكراسی خوازان ” و “كۆنگرەی نەتەوەكانی فیدڕاڵ” كرایەوە. هەروها لە پێوەندی لەگەڵ بارودۆخی سیاسی ئێراندا، بەشدارانی کۆبوونەوەکە کۆمەڵێک پێشنیاریان بۆ چالاكتر كردنی “هاوپێوەندیی بۆ ئازادی و بەرابەری لە ئێران” تاوتوێ و پەسەند كرد.

شایانی باسە کە هاوپێوەندیی بۆ ئازادی و بەرابەری لە ئێران پێکهاتووە لە ١٠ حیزب و رێکخراوی سیاسی ئۆپۆزسیۆنی کۆماری ئیسلامی ئێران کە بریتین لە: حیزبی دێموكراتی كوردستان، حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران، جووڵانەوەی كۆماریخوازانی لائیك و دێموكرات، یەكیەتی فیدائیانی گەلی ئێران، كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران، كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان، یەكیەتی دێموكراتیكی ئازەربایجان ( بیرلیك )، حیزبی تەزامونی ئەهواز،  شورای یەکگرتووی چەپ و حیزبی مەردوومی بەلووچستان .

 

May be an image of 11 people, people standing and indoor

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*