کۆنفرانسی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە وڵاتی سویس بەڕێوەچوو

کۆنفرانسی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە وڵاتی سویس رۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٨/٥/٢٠٢٢  بە بەشداریی سکرتێری گشتیی حیزب و ژمارەیەکی بەرچاو لە ئەندامانی حیزب بەڕێوەچوو.

سەرەتا، کۆنفرانس بە سروودی نەتەوایەتی ئەی ڕەقیب و ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێز گرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی ڕێگای ڕزگاری دەستی پێکرد و پاشان بە چەند وتەیەکی مامۆستا مەلا عەزیز ئەحمەدی، تێکۆشەری لەمێژینەی دێموکرات کۆنفرانسەکە بەفەرمیی کرایەوە.

لە بڕگەی یەکەمی کاری کۆنفرانسەکەدا بەڕێز کاک خالید عەزیزی سکرتێری گشتیی حیزب لە رێگای  ئۆنلاینەوە وتارێکی سیاسی لەمەڕ دۆخی ناوچەکە، ئێران و جیهان و هەروەها سیاسەت و روانگەکانی حیزبی دێموکرات لەپێوەندیی لەگەڵ گۆڕانکارییەکاندا پێشکەش کرد.

بەڕێز سکرتێری گشتیی حیزب لە وتارەکەیدا تیشکی خستە سەر سیاسەتی حیزب لە پێوەندی لە گەڵ پرسەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و پێوەندییەکانی حیزب لەگەڵ لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی و چۆنییەتی ڕوانینی حیزبی دێموکرات بۆ داهاتووی کێشەکانی ئێران. بەڕێز کاک خالید عەزیزی لە بەشێکی دیکەی باسەکەیدا، بە ئاماژە بە گرنگی و زەروورەتی یەکخستنەوەی بنەماڵەی گەورەی دێموکرات دوا هەوڵ و پەرەسەندنەکانی پێوەندار بە پرۆسەی یەکگرتنەوەی دوو لایەنی حیزبی دێموکرات هێنایە بەرباس و رایگەیاند کە پێویستە ئێمە وەک کورد بە یەکگرتووییەوە خۆمان بۆ گۆڕانکارییەکانی داهاتوو ئامادە بکەین.

لە کۆتایی باسەکەی سکرتێری گشتیی حیزبدا ژمارەیەک لە بەشداربووان سەرنج و پرسیارەکانی خۆیان خستەڕوو کە دواتر لە لایەن بەڕێزیانەوە وڵام درایەوە.

لەبڕگەیەکی دیکەی کاری کۆنفرانس‌دا، بەڕێز “زاهیر قادر حاجی”، بەرپرسی کۆمیتە راپۆرتی کاروچاکییەکانی کۆمیتەی پێشکەش بە بەشدارانی کۆنفرانس کرد و هەروەها بەڕێز مەولوود سوارە وەک نوێنەری تەشکیلات لەسەر چەند راسپاردەیەکی تەشکیلاتی وتەیەکی پێشکەش کرد.

لەبەشێکی دیکەی کاری کۆنفرانس‌دا پەیامی یەکیەتی ژنانی دێموکراتی کوردستان لە لایەن خاتوو تەوار ئەبرووزەنی یەوە پێشکەش کرا و هەر لەو بەشەشدا لەوحی ڕیزلێنانی بەشی تەشکیلاتی حیزب لە دەرەوەی وڵات  پێشکەش بە ئەندامانی کۆمیتەی پێشوو کرا.

بەشی کۆتایی کۆنفرانس کە تایبەت بوو بە هەڵبژاردنی ئەندامانی دەستەی بەرێوەبەریی کۆمیتەی حیزب، کە لەم بەشەشدا ژمارەیەکی بەرچاو لە ئەندامان خۆیان بەربژێر کرد و لە ئەنجامدا بە دەنگی ئەندامانی بەشدار دەستەی بەڕێوەبەریی کۆمیتەی نوێ حیزب لە وڵاتی سویس هەڵبژێرا. جێی ئاماژەیە کاک یاسین مەولوودی بە نوێنەرایەتی کۆمیسیۆنی پارێزگاریی لە پەێڕەوی نێوخۆی حیزب لەم کۆنفرانسەدا ئامادە بوو.

 

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*