چارەنووسی مرۆڤ‌کوژەکەی کۆماری ئیسلامی

حەسەن حاتەمی

خاتوو “کریستینا لیندهۆف کارڵسۆن”، سەرگرووپی چوار کەسیی دادئەستێنەکانی دادگایی‌کردنی حەمید نووری (عەبباسی) دوای تەواوبوونی پڕۆسەی دادگایی و وەرگرتنی شایەتحاڵەکان داوای زۆرترین سزا (زیندانی هەتاهەتایی) لە تۆماس ساندر، قازی و سەرۆکی دادگاکە و ٦ کەسی دیکەی ئەندامانی “هەیئەت مونسیفە”، بۆ ناوبراو کرد. بەدوای ئەوەدا مێدیاکانی سۆئێد سەبارەت کردەوەکانی حەمید نووری کە لە دادگادا تاوانی “جینایەتی شەڕ” و “بەشداری لە کۆمەڵکوژیی بەئەنقەست”ی زیندانییە سیاسییەکان لە گەوهەردەشتی کەرجی لەسەر ساغ ببۆوە، بە “مرۆڤکوژ”ەکەی کۆماری ئیسلامییان ناو برد.

حەمید نووری کە لە زینداندا بە حەمید عەبباسی خۆی ناساندبوو؛ لە شەممۆ ٩ی نۆڤیمبری ٢٠١٩ و لە کاتی سەفەر بۆ وڵاتی سوئێددا، بەحوکمی دادسەرا لە لایەن پۆلیسی ئەو وڵاتەوە، لە فڕۆکەخانە دەسبەسەر کرا. ناوبراو بە پێی زانیاری و هاوکاریی سەرەتایی کوردێک (هێرش سادق ئەیووبی)، “زڕ زاوا”کەی و سکاڵای دوو زیندانیی پێشوو ( ئیرەج میسداقی و حەمید ئەشتەری) کە لە زیندووماوەکانی کارەساتی کۆمەڵکوژییەکەی ١٣٦٧ی هەتاوی بوون؛ بە پشتبەستن بە “بنچینەی سەلاحییەتی نێونەتەوەیی” گیرا. پاشان لەلایەن دادئەستێنە بوێرەکانی سوئێدی، لە چوارچێوەی سەربەخۆیی بەشی قەزایی لە وڵاتێکی دێمۆکراتیکدا و دوای نزیکەی ٩ مانگ کاری دادگایی، ١٠٠ ڕۆژ کارکردن لەسەر بەڵگەکان و ٨٨ دانیشتنی گشتی و ئازاددا، بەپێی کۆمەڵێکی بەڵگەی نووسراوەیی وەک: کتێب و وتار، بیرەوەریی نووسراوی ژمارەیەک لە زیندانییەکان، لێکۆڵینەوەی مەیدانیی ڕێکخراوە جیهانییەکانی پشتیوانی لە مافی مرۆڤ، بونیادی بروومەند، ڕێکخراوی عەداڵەت بۆ ئێران، قسەکانی سکاڵاکار و شایەتحاڵە بانگکراوەکان بۆ دادگا و بنەماڵەی کۆژراوەکان، کارناسان و پسپۆرانی شەڕ، مامۆستایانی زانستگە و دروونناسان و … قۆناغەکانی لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی حەمید نووری بەڕێوەچوو. خاڵی سەرنجڕاکێش و بەڵگەی هەرە گرینگی حاشاهەڵنەگر و مەحکەمە پەسند دژی درۆیەکانی حەمید نووری کە لە چوارچێوەی “تەقییەی مەزهەبی- سیاسی” بۆ خۆشاردنەوە، حاشاکردن، هاوکاری‌نەکردنی لەگەڵ پۆلیسی سوئێد و شاردنەوەی پێناسەی زیندان و ئاکار و کردەوە چەپەڵەکانی بۆ خۆدەربازکردن لە تیغی “عەداڵەت؛ موبیلە تایبەتییەکەی خۆی یا بەقەولێک “کانگا زێڕەکە” بوو.

لە تەلەفوونەکەی حەمید نووریدا ٧٢٩١ پێوەندی جۆراجۆری دەنگی، کورتەنامە -کە ١٥٠ دانەیان پاککرابوونەوە و تەنیا ناوەکانیان مابوون- و ناوی زۆربەی بەرپرسانی سەرووی دەزگای قەزایی و کاربەدەستانی زیندانی هەبوون. وەک: “ڕەئیسی، سەرکۆماری داندراوی خامنەیی، موحسینیی ئیژەیی، سەرۆکی ئیستای دەزگای قەزای، “قازی” محەممەد مەقیسە، کۆمەڵێک لە نیگابانە تایبەتییەکانیان (محافظان) و دەست‌وپێوەند و خزمەکانیان کە بەشی هەرە زۆریان لە کۆمەڵکوژیی زیندانیانی سیاسیدا بەشدار بوون. هەروەها دەنگی ژن و کچەکەشی لەبارەی پاککردنەوەی ئەو فایلانە بەشێک لەو هەمووە بەڵگانە بوون کە دژ بە ناوبراو بەکارهاتن.

 

گرینگیی ئەم کەیسە لە چی‌دایە؟

هەتا پێش گیرانی حەمید نووری، پێناسەی ئەو مۆرە بەڕواڵەت “پیاو چاک و خۆش لیباسە و باڵا شمشاڵی و دەوڵەمەندە”، واتە “ئەو مارە سڕە چەند سەرە” بۆ زڕزاواکەی، هێرش سادق ئەیووبی کە هەموو جارێ بە هاوکاریی ئەو سەفەری کردبوو، نەناسراو بوو. تا ئەو کاتەی سادق سەفەری تاران دەکا و لەگەڵ یەکێک لە چوار کچی ژنە “صیغە”ییەکەی نووری ژیانی هاوبەشی پێک دێنێ و ڕۆژێک؛ لە کاتی نانخواردن لە ڕێستووڕانێکدا، کاتی هەستان و چوونە دەرێی نووری، دەمانچەکەی دەبێنێ کە لە لاکەلەکەی چەقاندوە! هەروەها، جارێک ژنە پێشووەکەی هێرش -کە منداڵێکی کچیشیان لێک هەیە- پێی دەڵێ ئەگە کەسێک لە خزم و ناسیارەکانت، لەسەر هەر تاوانێک بە کوشتن (ئێعدام) مەحکووم کرابێ، بابم بە پووڵ دەتوانێ حوکمەکە بگۆڕێ! تەنانەت دوای ئەوەش کە لە ساڵی ٢٠١٨دا کێشەی نێوان هێرش و هاوژینەکەی دەبێتە هۆی جیابوونەوەیان لە یەکتری؛ پێوەندییەکانی هێرش لەگەڵ نووری هەر بەردەوامە. بەڵام خزمێکی هێرش کە لە بەشی قەزایی کار دەکا، ئاگاداری دەکایەوە کە وشیاری خۆت بە ئەو “نووری”یە، مەترسیدارە! ئەو جار هێرش دەکەوێتە پێوشوێنی حەمید نووری و لە وتارێکی “ئیرەج میسداقی”دا، ناوەکەی دەبیینێ. هێرش ئادرەسی میساقی دەبینێتەوە، نامەی بۆ دەنووسێ و دوای نامەکەی یەکتر دەبیین. بەمجۆرە ڕەخساری ڕاستەقینەکەی کۆنەخزمەکەی بۆ دەردەکەوێ. بەڵام، دوای گیران و پتر لە ٢ ساڵ بەندکرانی نووری و لێپێچینەوەکانی پولیس و نزیک ٩ مانگ کاری دادگادا، ئێستا نیزیکەی ١٠ هەزار لاپەڕە بەڵگە و زانیاری لەسەر کارنامەی حەمید نووری و ژمارەیەک لە هاوکارەکانی و جینایەتەکانی ڕێژیم لە سێ زیندانی ئێڤین، گەوهەردەشت و قزڵحەساردا لە بەردەستە.

هەموو دانیشتنەکانی دادگا بە دەنگ و ڕەنگ تۆمار کراون و ئەگەر ڕۆژێک ئیزنی بڵاوبوونەوەیان بدرێتێ، بیروڕای سوئێد و خەڵکانی جیهان ئەویش لە ڕێگەی میدیای کەم پێچ‌وپەنا و ڕووندا، پتری لێی ئاگادار دەبن و دیوی شاراوەی دیمەنەکانیان کە لە هەر دوو کۆمەڵە لێپێچینەوەکان (پۆلیس ٣٥ دانیشتن و دادئەستێنەکان ٨٦ دانیشتن)دا پتر بۆ دەردەکەوێ. ئەوکات دەبینن جینایتکارەکانی ڕێژیم کە خوێنی زیندانیانی سیاسییان لە شووشە کردوە و “شەلم کوێرم کەس نابوێرم” و بە ناوی “بسم الله قاصم الجبارين” بەربوونەتە گیانی بەندییە سیاسییەکان کە حەمید نووری یەک لەوان بوو، چۆن لەو دادگایەدا کەسێکی دیکەی پێچەوانەی کەسایەتیی خۆی دەنوێنێ. ئەوەی گرینگە ئەوەیە کە بەشی قەزایی سوئێد،  بەشێوەی زۆر مرۆڤانە، بەبێ ئەشکەنجە و گوشار و تەنیا بە پشتبەستن بە بەڵگە و شایەتحاڵ و بە خەرجکردنی بەمیلیۆن کڕۆنی سوئیدی کەیسی نووریی کردە هیوایەک بۆ دادپەروەری و ماف‌ئەستێنی.

وانەیەکی دیکەی گرینگ و جێی سەرنج ئەوەیە کە سیستمی دێمۆکراتیکی سوئێد لەسەر “بنچینەی سەڵاحییەتی نیونەتەوەیی” بەڵگەنامەی دوو کەس لە زیندانییە بەڕابردوویەکانی ئێرانی کە لەبەر زۆڵم و زۆری و توتالیتاریزمی کۆماری ئیسلامی وڵاتیان جێ هێشتووە، بە هێند وەردەگرێ و ڕووداوی کوشتاری بەکۆمەڵی زیندانییە سیاسییەکان دەکاتە کەسێکی قانوونی و ڕێگە دەدا تۆمەتبارێکی ئەو کەیسە کە سەردانی وڵاتەکەیان دەکا دەسبەسەر بکرێ و لەو تاوانە بکۆڵێتەوە و هەتا دواوێستگە بە ئەنجامی بگەیەنێ.

 

حەمید نووری و حوکمی دادگا

ئەگە ئەو داوا پێشنیارییەی “توندترین سزا” کە لە وڵاتی سوئێد بەندکرانی هەتاهەتاییە، لەلایەن لێژنەی سەرۆکایەتیی دادگاوە پەسند بکرێ، ئەوە سەرکەوتنی گرینگی هەوڵێکی نزیک ٣ ساڵە دەبێ کە ناوی “بزووتنەوی دادخوازی”ـی لەسەر داندراوە. هەروەها ئەو حوکمە سوکناییەک دەبەخشێتە دەروونی بنەماڵە و قوربانییانی کوشتاریی بەکۆمەڵی زیندانییە سیاسییەکان و ڕزگاربووەکانی دیکەی ئەو ڕووداوە و ئەو پەیامەش دەدا کە تاوانبارەکان ناتوانن لە سۆنگەی تێپەڕینی کاتەوە لە سزای تاوان و کردەوە و ئەو جینایەتەی کردوویەتی دەربازی ببێت.

دادگایی‌کردنی حەمید نووری هاوکات دادگایی‌کردنی کۆماری ئیسلامییە و پەسندکردنی ئەو بڕیارە سزادانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیشە و لەگەڵ مێژووسازی و لێکەوتە سیاسییەکانیدا ئەو هیوایە دروست دەکا کە ئەو تیمەی ئەوکات لە زیندانی گەوهەردەشت، ئەو کارەساتەیان خوڵقاندوە، بە “کوشتاری دەوڵەتی” حیسێب بکرێ و وەک: حوکمی دادگای موابێتی ئاڵمان لە کەیسی میکۆنۆسدا، جگە لە حەمید نووری (عەبباسی)، هەئیەتی مەرگی ئەوکات: حوسینعەلیی نەییری،  ئیبراهیم ڕەئیسی، فەریدوون ئیشراقی و مستەفا پورمحەممەدی و بەرپرسانی زیندان ناسریان (محەممەد مەقیسە)، داود لەشکری و چەند کەسی دیکە کە سەرکوتکار و زیندانیکوژ بوون، بە تاوانبار بناسرێن و حوکمی گیرانی نێونەتەوییان بۆ دەربچێ.

 

کورد لەو کەیسەدا

حەمیدی نووری لە کاتی یەکەم بەرگریی لە خۆی لە جەلەسەی ٤٣دا، حاشای لەو کارەساتە گەورەیەی ساڵی ١٣٦٧ دەکرد و وەک “یووران یاڵمارشۆن”، یەکەمین پارێزەری ئەو پەروەندیە گوتی: ئەوجۆرە کەسانە “سیستمی حاشا”یان کردۆتە فەرهەنگی هەڵەی خۆیان و هەتا دەورانی زۆر پیری، وەک کوشتاری بەکۆمەڵی جوولەکەکان، دان بە ڕاستییەکان دانانێین. بەڵام سەبارەت بۆ کوردکوژی و بەشداری لە قەڵاچۆیەی کوردستان، حەمید نووری (عەبباسی)، زۆر ڕاشکاوانە و بە شانازییەوە گوتێ: من لە ساڵی ١٣٥٩ هەتا ١٣٦١، لە “بەرەی شەڕی کوردستان” سەرباز بووم و ٤ مانگیش زیادی لەوێ مامەوە و لەسەر داوای “خەڵک”، هەموو دێموکراتەکان، کۆمەڵەکان و سپای ڕزگاریمان لەنێو بردن! ئەو لەنێو قسەکانی لەو بەشەدا ئەوەشی گوت کە برایەکیشی لە مەریوان کوژراوە.

کاتێک کێنێت لوئیس، یەکێک لە پارێزەرانی دادخوازەکان لێی پرسی “کە بۆچی لە کوردستان بووی و ئایا جیا لە دێموکرات و کۆمەڵەکان ئەندامانی موجاهیدینیشتان لەو شەڕانەی باست کردن، کوشتوە؟”؛ ئەو جارێکی دیکە بە شانازییەوە باسی لە بەشداریی خۆی لە جینایەتەکانی کۆماری ئیسلامی لە کوردستان کردەوە و لەبارەی  موجاهیدینی خەڵقیش گوتێ: ئەوکات ئەوان خەباتی سیاسییان دەکرد.

لەو دادگایەدا خاتوو شادی سەدریش باسی ئەندامان و تێکۆشەرانی حیزب و ڕێکخراوە کوردییەکانی کرد کە بە دەستی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی کوژراون و لە گۆڕە بەکۆمەڵە نهێنییەکان لە کوردستان و دەروەی کوردستاندا ژێر گڵ نراون. ئەو قسەیەی حەمید نووری (عەبباسی)، لەبارەی کوردکوژی لە کوردستان و جینایەتەکانی ڕێژیم لە کوردستان دەنگدانەوەی زۆری هەبوو و کاریگەریی زۆری لەسەر بیروڕای گشتی دانا.

هەوڵی نوێ لەو پەروەندیەدا لە ڕۆژی سێ شەممۆ ٢٨ ی ئاوریلەوە دەستی پێ کردەوە. بێگومان بزووتنەوەی سیاسیی کورد، حیزبە سیاسییەکان و ڕێکخراوە مەدەنی و سیاسییەکان دەتوانن دەسکەوتەکانی ئەو دادگایە بکەنە وانەیەکی گرینگ بۆ دادخوازیی و لادانی تەپ‌وتۆزی بیرچوونەوە لە جینایەتە بێ‌ئەژمارەکانی کۆماری ئیسلامی لە کوردستان.

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*