توندوتیژی و بەرهەم‌هێنانەوەی لە کۆمەڵگەدا

عومەر باڵەکی

لە سەردەمی ئیستادا کە سەردەمی پێشکەوتنی مرۆڤە لە هەموو بوارەکانی ژیاندا، پاراستنی ژینگە و ژینگەپارێزی یەکێک لە بابەتە گرینگەکانی کۆمەڵگە و تەنانەت کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە. بە بەرچاوی مێدیاکانەوە ساڵانە چەندین کۆڕ و کۆبوونەوە و کۆڕبەند لە ڕادەی جیاوازی سیاسیی و زانستی لە ئاستی وڵاتان و نێودەوڵەتییشدا لەسەر گرینگیی پاراستنی ژینگە دەگیرێ و هەروەها سروشت‌پارێزی و ڕێگەگرتن لە تێداچوونی تۆرەمەی زیندەوەرە جۆراوجۆرەکان بایەخێکی جیهانداگرە. بەڵام لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا ئەو بابەتەش وەک زۆربەی بابەتە سیاسی و کۆمەڵایەتی و پەروەردەییەکان جۆرێکی ‌ترە و ئاوێتە بە توندوتیژییەکی زۆرە. بەو واتایە کە لە سۆنگەی سیاسەتی هەڵە و تێڕوانینی ئەمنییەتی و پەرەپێدانی فەرهەنگی توندوتیژی، ژینگەی وڵاتیش گەلێک خەساری بەرکەوتوە کە قەرەبووکردنەوەیان زۆر زەحمەتە.

یەکیک لەو بابەت و دیمەنە قیزەونانەی کە ماوەبەماوە لە ڕاگەیاندنەکان بڵاو دەبێتەوە و ویژدانی مرۆڤ دەهەژینێ، ئاژەڵ‌ئازاریی هەمەچەشنە لە ناوچە جۆراوجۆرەکانی ئەو وڵاتەدا. دیاردەی ئاژەڵ‌ئازاری لە ئێرانی بندەستی کۆماری ئیسلامیدا لە حاڵێکدا پەرە دەستێنێ، کە  ئەم دیاردەیە لە زۆربەی وڵاتانی دنیادا بە تاوان داندراوە و سزای قورسیش بۆ کەس یا کەسانی تاوانبار دەستنیشان کراوە. بەڵام لە نیزامی کۆماری ئیسلامیدا ئەو بابەتە نەک لە قانووندا وەک تاوان تیشکی نەخراوەتە سەر، بگرە هیچ هەوڵێکی ئەوتۆش نابینین کە بەرەنگاری ئەو دیاردە ناسروشتی و قێزەونە بێتەوە. ئەوە لە حاڵێک‌دایە کە بەپێی سەلماندنی زانست و ئەزموونی ژیانی مرۆیی دەزانین کە ئاژەڵ و زیندەوەران بەشێک لە سروشت و ژینگەکەمان پێک دێنن و لە ڕاگرتنی هاوسەنگی لە نیزامی سروشتیدا ڕۆڵی گرینگ و چارەنووسسازیشیان هەیە؛ هەربۆیە ئەزیەت و ئازار و لەنێوبردنیان ڕاستەخۆ زیانێکی قەرەبوونەکراوە بە ژینگەی مرۆڤ دەگەیەنێ.

ئەو توندوتیژی و ئەزیەت و ئازاردانی ئاژەڵان لە ئێران بەپێی هەموو لێکۆڵینەوەکان ڕەگی لە کولتوور و جۆری ئیدارە و بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە لەلایەن نیزامی سیاسیی دەسەڵاتدار لە وڵاتدا داکوتاوە. دوای سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران بە سەر ڕێژیمی پاشایەتیی پاڵەویدا کە هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامیی لێ کەوتەوە، سیاسەتی سەرکوت و توندوتیژیی دەسەڵات دژی جیابیران بوو بە پێناسە و شوناسی سەرەکیی ئەو نیزامە. لە ماوەی ٤٣ ساڵی ڕابردوودا ڕێژیم لە دوو ڕەهەندەوە لەو بوارەدا کاری کردوە. یەکەم، سیستماتیک هەوڵی داوە توندوتیژی لە کۆمەڵگەدا برەو پێ بدا تا ئەو جێیە کە ببێتە بەشێک لە کولتووری زاڵ و بیباتە نێو هەناوی کۆمەڵ و بنەماڵەکانەوە. دووهەم، وێژمانی هەناردەکردنی شۆرشی ئیسلامی بۆ دەرەوەی سنوورەکانی ئێران و هەوڵی بەکردەوە بۆ جێبەجێ‌کردنی ئەو سیاسەتە کە دەستێوەردان و قەیرانخوڵقێنی لە وڵاتانی ناوچە و دراوسێیدا لێ کەوتۆتەوە. پشتیوانی لە گرووپە تێرۆریستییەکان و دژایەتیی ڕۆژاوا و کولتوورەکەی یەک لەو هۆکارانە بووە کە کۆماری ئیسلامی لە زۆر بواردا بکەوێتە ژێر گوشار و سزای ئابووری و، ئەو سزا ئابوورییانەش کە خەڵکی وڵات دەبێ باج و تێچووەکەی بدەن؛ خۆی یەکێک لە هۆکارەکانی سەرهەڵدان و بنچ‌داکوتانی توندوتیژییە لە کۆمەڵگەدا.

لە کۆنەوە گوتراوە کە سفرەی پڕ تەبایی خێزانە. دەبینین و دەبیستین و هەستی پێ دەکەین کە لە ئێستادا خەڵکی ئێران لە بواری دابینکردنی بژیوی ژیانەوە چەندە لە تەنگانەدان و ئەو کیشە و ئارێشانە زۆر جاران دەبنە هۆی لێک‌هەڵوەشانی بنەماڵە، یا خوڵقانی توندوتیژی لە خێزاندا تا ئەو ئاستەی کە هەژاری و دەسکورتی بگاتە جێگەیەک کە بەکۆمەڵ خۆیان بکوژن. بەپێی ئاماری ڕێکخراوی پزیشکی قانوونیی ئێران لە ساڵی ١٤٠٠ی هەتاویدا ٦٠٠ هەزار کەس لە ئێران بەهۆی شەڕ و پێک‌هەڵپڕژان سەردانی ناوەندەکانی پزیشکی قانوونییان کردوە و ئەو ئامارە ئەو بەشە لە شەڕ و پێک‌هەڵپڕژان و توندوتیژییانە ناگرێتە خۆی کە بەهۆی دوورەدەستی، بنەماڵەیی و عەشیرەیی، لایەنەکان سەردانی ئەو ناوەندانیان نەکردوە. بۆیە توندوتیژیی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی لە بوارەکانی سیاسی، ئەمنییەتی و ئابووری دەرحەق بە گەلانی ئێران، خوڵقێنەری توندوتیژیی تاکەکان لەنێو کۆمەڵگە و بنەماڵەشی لێ کەوتۆتەوە. مخابن زۆر جاریش ئەو توندوتیژیانە لە بازنەی مرۆڤەکان تێ‌دەپەڕێ و دەبنە هۆی ئەزیەت و ئازاردانی ئاژەڵ و گیانلەبەران، واتە کەسی توندئاژۆ و بەگێرەوکێشە ئەگەر ڕێگای نەبوو ڕق و توورەیی خۆی بە سەر بەرانبەرەکەیدا بەتاڵ بکا، ڕقەکەی بە سەر کەرەستە و کەلوپەلی دەوروبەریدا دەڕێژێ و خۆ ئەگەر هەر نەبوو هروژمی ئاژەڵ و گیانلەبەری بێ‌زمان و بێ‌دەسەڵات دەدا.

نیزامی سیاسی و پەروەردەیی کۆماری ئیسلامی لە چوار دەیەی ڕابردوودا وای لە کۆمەڵگەی ئێران کردوە بە جیگای ئەوەی لە قوتابخانە و پۆلەکانی خوێندندا وانەی مرۆڤدۆستی و خۆشەویستی فێری منداڵان بکرێ، تۆوی شەڕ و دوژمنکاری و دووبەرەکییان لە دڵ و دەروون و مێشکیاندا دەچێنن و ئەو شێوە پەروەردەیە زۆر سروشتییە کە مرۆڤی تووڕە و شەرەئەنگێز بەرهەم دەهێنێ. مرۆڤێک کە بە هەر بیانوویەک هەڵدەچێ و بە دەوروبەری خۆی هەڵدەپرژێ و ئەگەر هیچی دەست نەکەوت بەردەبێتە گیانی ئاژەڵان؛ بێ ئەوەی بیر لەوە بکاتەوە کە ئەو ئاژەڵە گیاندارە و سروشت مافی ژیانی پێ داوە و بەبێ ڕێوشوێنی قانوونی و ڕێگەپێدراو، هیچ کەس و لایەنێک مافی ئەوەی نییە ئازاری بدا و گیانی لێ بستێنێ. ئەوەش لەجێی خۆی کە لە ڕوانگەی دەروونناسانەوە کەسانێک کە خووی ئاژەڵ‌ئازارییان هەیە و بەو کار و ئاکارەی خۆیان دڵخۆش دەبن و ڕق‌وتووڕەیی خۆیانی پێ دادەمرکێنن، نەخۆشیی دەروونییان هەیە و بەداخەوە ژمارەی ئەو کەسانەش لە ئێرانی ئێستادا لە سۆنگەی سیاسەتەکانی ڕێژیمەوە کەم نین.

خاڵێکی سەرنجڕاکێش پێگەی کۆمەڵگەی کوردستانە لەو باسەدا. ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەروەک چۆن هەر لە سەرەتاوە بە ژیریی سیاسیی خۆی و بە دەنگی “نا”یەکەی هێڵی فیکری و سیاسیی خۆی لە ڕێژیمی ئیسلامی جیا کردەوە؛ لە هەموو ماوەی تەمەنی ئەو ڕێژیمەدا لە بەربەرەکانییەکی توندوتیژ بۆ بەرگری لە شوناسی نەتەوەیی و کولتوور و فەرهەنگی خۆی بووە. هاوکات کارکردی کولتووریی کۆمەڵگە و شوێندانەریی حیزبە سیاسییەکان و ڕێکخراوە مەدەنییەکانی کوردستان جۆرێکی جیاوازی لە پەروەردە و بارهێنان هێناوەتە ئاراوە. لە کوردستان ڕوانگەکان بە نیسبەت کوشتنەوە، بەندکران و ڕاوکردنی ئاژەڵ و باڵندەکان، پاراستنی ژینگە و ژینەوەران لە چاو ناوچەکانی دیکەی ئێران ئەوەندە جیاوازە کە مرۆڤی کورد ئامادەیە بۆ دامرکاندنی سووتمانی دارستانەکان، ڕزگارکردنی گیانلەبەران لە فەوتان و تێداچوون گیانی خۆیشی دابنێ و بۆ نموونەش چ زۆرن “شەریف‌باجوەر”، “ئومید کۆنەپۆشی”، “ڕەحمەت حەکیمی‌نیا” و “محەممەد پەژووهی”یەکان… .

دروست‌بوونی دوو جۆرە فەرهەنگ و ڕوانگەی جیاواز لەمەڕ ژینگە و ژینگەپارێزی لە جوغرافیای ئێران لە حالێک‌دایە کە ماوەی ٤٣ ساڵە سیستمی کۆماری ئیسلامیی ئێران سەرکوتی جووڵانەوەی مافخوازانەی گەلی کورد دەکا و لە دژایەتی و دژمنایەتیی ئەو بزووتنەوەیەدا هیچ‌کات دەستی لە تێکدان و فەوتاندن و زیان پێگەیاندنی ژێنگەی کوردستان نەپاراستوە و ئەوەندەی بۆی کراوە لەو دژمنایەتییەدا کردوویەتی. ڕاستە کۆماری ئیسلامی ئەوەی لە دەستی هاتوە دەرحەق بە کۆمەڵگەی کورد و ژینگەی کوردستان کردوویەتی و سەرەڕای داخوازی و بەدواداچوونی زۆر کەس و لایەن قەت خۆی لە بەرامبەر پرسی کورد و جوغرافیای سروشتیی کوردستاندا بە بەرپرسیار نەزانیوە، بەڵام بە خۆشییەوە کوردستان کولتوور و جیاوازییەکانی خۆی بە باشترین شێوە پاراستوە و هەبوون و چالاکیی دەیان ڕێکخراوی مەدەنی و ژینگەپارێزیی چالاک ئەو جیاوازییانە بەباشی دەسەلمێنن.

لە دەرەوەی سیاسەتی ئاسیمیلە و دژایەتیی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ ژین و ژیار و ژینگەی کورد، بەڵام ڕەفتار و سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی ژێرپێنانی قانوونەکانی سروشتە و بە زانست و ئەزموونی سەردەمیش دەرکەوتوە کە ژێرپێنانی قانوونەکانی سروشت لە دواجاردا هەر بە زیانی کۆمەڵگەی مرۆیی دەشکێتەوە، واتا ئەوەی زیانی زۆرتری بەر دەکەوێ هەر ژیان و ئاسایشی مرۆڤەکانە. بۆیە لە هەر حاڵەتدا ئەوە ئەرکە لەسەر هەموو دەوڵەت و وڵاتان –بە ئێران و کۆماری ئیسلامیشەوە- کە بە داڕشتنی قانوونەکانی ژینگەپارێزی و جێبەجێ‌کردنیان خۆیان لەگەڵ پێوەرە جیهانییەکان بگونجێنن و پەروەردەی کۆمەڵگە و تاکەکان لەسەر ڕێزدانان بۆ ئەو بایەخانە لە سەرووی هەموو شتێک دابنێن.

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*