خامنەیی و ڕێژیمەکەی لە خەونی جەمسەربەندیی جیهانیدا

کەماڵ کەریمی

کاتێک دیکتاتۆرەکان بێهیوا دەبن لە خەڵکی وڵاتەکەیان ئیدی بیر و زەینیان دەچێتە سەر پشتیوانی دەرەکی. ئەمەش ئێستا لە بیر و سیاسەتەکانی خامنەییدا بەڕوونی دەبیندرێ. سەردەمانێک خومەینی کە پێی وابوو شۆڕشە ئیسلامییەکەی ئەو بووەتە خاوەن پێگەیەکی بەهێز لەنێو خەڵکی ئێران و موسوڵمانانی وڵاتانی دەورووبەر، ئامۆژگاریی وڵاتانی جیهانی دەکرد کە بێنە سەر ڕێی ڕاست و ئەوەش بەو مانا بوو کە ڕێبازە شۆڕشگێڕییەکەی ئەو قبووڵ بکەن. ئەو لە دژایەتیی کۆمۆنیزم و سەرمایەداریدا، دروشمی نە شەرقی، نە غەربیی کردە پیناسەی سیاسەتەکانی. ئەم دروشمەی خومەینی بە مانای هێنانەئارای مۆدێلێکی نوی بوو لە حوکمڕانی، کە خراپەکانی ئەو دوو سیستمەی لەو دوو بەشەی جیهاندا ڕەد دەکردەوە بەبێ ئەوەی چاکەیەکیان لێ بەدی بکا. بەڵام ئێستا دەوران گۆڕاوە و خامنەیی کە لە جێی ڕێبەری شۆڕشی ئیسلامی دانیشتوە ڕێگەیەکی تری گرتووەتەبەر، بەڵکوو ئەگەر لەگەڵ ڕۆژاوا بۆی نەچێتە سەر، هەر نەبێ ڕۆژهەڵات لە کیس خۆی نەدا. بۆ گەیشتن بەو مەبەستەش چاو لە فرتوفێڵەکان و بە‌تاڵان‌بردنی سەرمایەی وڵاتەکەشی لەلایەن دۆستە شەرقییەکانیەوە دەنووقێنێ.

هۆکاری گرتنەپێشی ئەم سیاسەتە ڕوونە. خامنەیی و دەست‌وپێوەندەکانی بەباشی لەوە تێگەیشتوون کە دوای زیاتر لە چوار دەیە دەسەڵاتدارییان هیچ پێگەیەکی شەرعی و یاساییان لەنێو خەڵکی ئێراندا نەماوە. خەڵکێک کە بۆ ڕووخانی ڕێژیمی شا و هێنانەئارای نەزمێکی نوێی دەسەڵاتداری کە پارێزەری مافەکانیان بێ شۆڕشیان کرد و دواتر بۆ پاراستنی نیشتمانەکەیان لە شەڕی عێراقدا گیان و ماڵیان بەخشی، ئێستا هیچ متمانەیەکیان بە خامنەیی و تاقمە دز، تاڵانچی و ماڵخۆرەکانی دەوروبەری نەماوە. ئەوان بۆ دەربڕینی ئەم باوەڕەی خۆیان و نیشاندانی ناڕەزایەتییان لە دەسەڵاتداران ڕۆژانە ل سەر شەقامن و هاواری بەدەست‌هێنانەوەی مافەکانیان دەکەن. بۆیە سەیر نییە کاتێک خامنەیی دەبینێ لەوە زیاتر ناتوانێ خەڵک فریو بدا و پشتییان پێ ببەستێ، وەک هەر دیکتاتۆرێکی دیکە پەنا دەباتە بەر سەودا و سازان لەگەڵ لایەنێکی بەهێزی جیهانی کە ئێستا بۆ ئەو، چین و ڕووسییە لە پێشەنگیان‌دان و دروشمی نە شەرقی نە غەربی بە جۆرێک کە خۆیان و لاینگرانیانی پێ فریو بدەن، تەفسیر دەکەن. لە کاتێکدا وڵاتێکی گەورەی وەک چین کە ئێستاش لەلایەن حیزبی کۆمۆنیستەوە و بە پێداگری لەسەر پاراستنی بناخە فکرییەکانی ئەو حیزبە بەڕێوە دەبرێ، ئێران گەورەترین ڕێککەوتننامەی ئەمنی و ئابووریی لەگەڵ واژۆ کردوە. ڕێککەوتننامەیەک کە بە ڕای زۆربەی شارەزایانی ئابووری کەمترین خێری بۆ خەڵکی ئێران دەگەڕێتەوە و تەنیا لایەنی پشتیوانیی سیاسیی چین بۆ ڕێبەرانی ئێران گرینگە هەتا لە تەریک‌مانەوەیان لە کۆمەڵگەی جیهانی بێنە دەرەوە. بەڵام ڕاوێژکارەکانی خامنەیی لە باس لەسەر شەرق تەنیا دێنە سەر باسی پێوەندییەکانیان لەگەڵ ڕووسیە و دەڵێن کە، ئەم سیاسەتە دروشمی نە شەرقی نە غەربیی نیزام نابەنە ژێر پرسیار، چونکە ڕووسیەی ئێستا شۆڕەویی کۆمۆنیستیی جاران نییە. ئەمەش بەو مانایە دێ کە دژایەتیی ڕێبەرانی نیزام وەک ئیدیعایان دەکرد، لەگەڵ سەرمایەداری و بە وتەی ئەوان ئێستێکباری جیهانی نییە ڕووسیە با وڵاتێکی سەرمایەدارییش بێ، دەتوانی دۆستی ئەوان بێ!

ئەم بابەتە بەتایبەت لە دژایەتی لەگەڵ ئەمریکا و ڕۆژاوادا، بە ناوی سیاسەتی ڕوانین بەرەو ڕۆژهەڵات (نگاه بە شرق) هەمیشە لە بیر و زەینی خامنەییدا بووە و تەبلیغاتی بۆ کراوە. بەڵام ئەوەی کە یارمەتیی دا هەتا بەئاشکرا بێتە گۆ و دڵخۆشیی خۆی لێ دەربخا، هێرشی ڕووسیە بۆ سەر ئۆکراین بوو کە لەگەڵ بەرەنگاری و بەربەرەکانیی دەوڵەت و خەڵکی ئۆکراین ڕووبەڕوو بوو. بە دوای دەست‌پێکردنی ئەم شەڕە خامنەیی دەڵی کە “ڕووداوە سیاسی و نیزامییەکانی ئەم ڕۆژانە ئەو جۆرەی شکی بۆ دەچوو هەر ئەو سووڕانە مێژووییانەی جیهانن و دەبێ بەرپرسانمان بە ناسینی بەرە جیاوازەکان خۆیان ئامادە بکەن بۆ ڕۆڵگێڕان لە گۆڕانکارییەکاندا بە قازانجی بەرەی حەق” کە بەپێی پەیامە جۆراوجۆرەکانی کاربەدەستەکانی ڕێژیم ئەمە لە سەرکەوتنی ڕووسیەدا دەبیندرێ و ئاواتیشی بۆ دەخوازن. هەروەک لە مێدیا ڕەسمییەکانی ڕێژیمدا لێکدانەوەی بۆ دەکەن و دەڵێن “شەڕی ڕووسیە و ئۆکراین وەک هەنگاوی بەکردەیی قۆناغێکی نوێیە لە نەزمی جیهانی. ئەگەر ئەم شەڕە بە سەرکەوتنی ڕووسیە کۆتایی بێ بە مانای دروست‌بوونی شێوەیەکی نوێ لە نەزمی جیهانییە”.

ئێستا ڕوونە کە خامنەیی و ڕێژیمەکەی ئەم نەزمە نوێیە لە دوو جەمسەری‌بوونی جیهاندا دەبینن و بە هیوان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا، بوونی ئەوان لە یەکێک لەم جەمسەرانەدا ببێتە نەوایەک بۆ حەسانەوەیان و خۆدەربازکردن لەژێر فشارە نێودەوڵەتییەکان. بەبێ ئەوەی بیر لەوە بکەنەوە کە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی لەمێژە ئەو پێگە جیهانییەی لە دەست داوە کە زلهێزەکان وەکوو هاوبەش و شەریکەبەشی خۆیان چاوی لێ بکەن و جگە لە بەستراوەیی و ماڵوێرانیی زیاتر هیچ بەرهەمێکی بۆ خەڵکی ئێران نابێ.

ئەزموونی دەیان وڵاتی جیهانی سێهەم لە سەردەمی جیهانی دوو جەمسەریدا ئەوەیان دەرخستوە کە بە خۆبەستنەوە بە جەمسەرەکانی ڕۆژاوا و ڕۆژهەڵات دەبنە بەشێک لە کەرەسەی جێبەجێ کردنی ئەرکەکانی زلهێزەکان لە پێناو ستراتێژییەکانی ئەواندا. ئەگەر لە سەردەمی بوونی حکوومەتی شۆڕەویدا پشتیوانی شۆڕشی گەلانی بندەستی ئێمپریالیزمی ڕۆژاوایی بوون، ئێستا لە بوونی دوو جەمسەری سەرمایەداری دوای ئەو گۆڕانکاریی قووڵانەی سێ دەیەی ڕابردوو، چاوەڕوانی ئەوەشیان لێ ناکرێ. هەر بۆیە پشتبەستن بە ئیرادەی خەڵکی وڵات و پاراستنی سەربەخۆیی و هەنگاونان بەرەو ئیدارەی وڵات لە ڕێگەی سیستمێکی دێموکراتیک باشترین ڕێگەیە بۆ خۆدوورخستنەوە لە ساتوسەودا جیهانییەکان و بردنە سەری توانای کایەکردنە لە مەیدانی گۆڕانکارییەکاندا. بابەتێک کە ئاخووندەکان هەر لە سەرەتاوە لێیان نەزانیوە و خەڵکی ئێران بۆ گێڕانەوەی پێگەی وڵاتەکەیان بۆ ئەو ئاستە دەبێ کۆسپی سەر ڕێگەیان کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییە لەسەر ڕێگەیان لاببەن.

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*