شوێنی ئێران لە هاوکێشەکانی چین و ڕووسیەدا، هەرهەمان سووچی مێزەکەی پوتین

شۆڕش شاباز

شەڕی ئۆکراین و بۆنبەستی سەردەمی دنیای تەک‌جەمسەری وڵاتانی ڕۆژئاوا بەتایبەت ئەمریکای نەک تووشی بەرگژەیەکی سەخت، بەڵکوو ئاوقای ئارێشەیەکی جدی لەپێناو پاراستنی پڕێستیژی خۆیاندا کردوە. ئێستا بێتوو ئەو شەڕە سەرەتایەک بۆ شەڕێکی خوێناویی درێژخایەن یان سەردەمێکی نوێ لە شەڕی سارد بێت، پێویستە لەودا بۆ گەیشتن بە هاوسەنگی، گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە باڵانسی هێزەکاندا ڕوو بدات.

لە ئێستای شەڕی ئۆکراین‌دا بە دەستپێشخەریی ئەمریکا هاوکێشەکان بەلای دوو جەمسەریدا شکاوەتەوە، هاوکات وڵاتانی ئورووپا بەو تێگەیشتنە هاوبەشە هاتوونەتە نێو زۆرانەکە، کە نەهێڵن کێشەکە بگاتە شەڕی ئەتومی. هەر ئەوەشە کە ماکڕۆن، سەرۆک‌کۆماری فەڕانسە لە کەمپەینی هەڵبژاردنەکانی سەرۆک‌کۆماریی وڵاتەکەیدا دەڵێ: ئورووپا کەوتۆتە دۆخی شەڕەوە و فەڕانسە دەبێ بەبێ تێوەگلان ئەو شەڕە بوەستێنێ. بوریس جانسۆن، سەرۆک‌وەزیرانی بریتانیاش سەرەڕای گەیاندنی یارمەتیی لۆجستیکی و چەکوچۆڵ بە ئۆکراین -و ناوهێنانی زلینسکی وەک هاوڕێیەکی باش- خۆ لە هاتنەنێو شەڕی ڕاستەوخۆ دەبوێرێ.

بە سەرنجدان بە ئامادەیی ڕووسیە بۆ هەڵگیرسانی شەڕی سێهەمی جیهانی ئەوجۆرە خۆبواردنی دوو وڵاتی ئورووپایی وەک فەڕانسە و بریتانیا کە هەم مافی ڤێتۆ لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانیان هەیە و هەم خاوەنی بۆمبی ئەتومی و چەکی کۆمەڵکوژی دیکەن، سروشتی و مەنتیقییە و تەواو لەجێی خۆی‌دایە. هۆکارەکەشی ئەوەیە کە دەستڕاگەیشتنی ئاسانی ڕووسیە بە خاکی ئەو دوو وڵاتە و مەترسییەکانی گۆڕەپانی شەڕ لەم دوو وڵاتە زۆر نیزیکترە هەتا ئەمریکا و، هەرئەوەش وا دەکا ئەوان نەیانەوێ ڕاستەوخۆ بگلێنە نێو شەڕی ئۆکراینەوە.

لە ئێستادا ئەگەر وای دابنێین لە سیاسەتی نێودەوڵەتیدا دوو جەمسەری یان چەند جەمسەری‌بوونی جیهان خەریکە دێتە ئاراوە و نیشانە و فاکتەکان ئەو بۆچوونە دەسەلمێنن، پێچەوانەی شەڕەکانی یەکەم و دووهەمی جیهانی -کە دوو بەرەی وڵاتانی هاوپەیمانان و وڵاتانی میحوەر لە بەرانبەر یەکتریدا بوون- وێنایەکی نوێ لەو

جەمسەربەندییە دەکرێ. واتە جۆرێک هاووێژمانی لە بەرەی ڕۆژاوادا دەبینین کە لە ئاخاوتنەکاندا خۆ لە وەڕێکەوتنی شەڕێکی جیهانداگر دەبوێرن، لە حاڵێکدا کە ئۆکراین بەئاشکرا یەکەم سەنگەر و هێڵی پێشەوەی ڕۆژاوایە و یارمەتی و پاڵپشتییەکانیان بۆ ئۆکراین لە پشتی بەرەکانی شەڕەکەش شتێک نین کە بتوانن لە ڕووسیەی بشارنەوە. لە تەنیشت گرتنەبەری ئەو سیاسەتە لەلایەن ڕۆژاواوە، دەنگی چین وەک زلهێزێکی دیکەی سیاسەتی نێودەوڵەتی بۆ گەمارۆخستنە سەر ڕووسیە یان “نا”یە یان “بێلایەن”، کە ئەوەش نیشانەیەکی دیکەی ئینتیمای نەرمی ئەو وڵاتە بۆ ڕاگەیاندنی جەمسەرێکی دیکەی دژ بە ئۆرووپایە.

کۆماری ئیسلامیی ئێران هەر لە پێش هەڵگیرسانی شەڕی ئوکراینەوە خۆی لە بەرەی چین و ڕووسیە هاویشتبوو. هاوکاریی توندوتۆڵ و پێوەندیی چڕی ئێران و ڕووسیە بەتایبەت دوای کشانەوەی کۆمپانیای زیمنس لە نیروگای ئەتومیی بوشێهر و پڕکردنەوەی جێگای ئەوان بە کۆمپانیا ڕووسییەکان لە بەرنامەی ئەتومیی ئێران چووە قۆناغێکی دی. دواتر هاوپەیمانی لە شەڕی سووریە و تەنانەت ئیزندان بە ڕووسیە بۆ بەکارهێنانی خاکی ئێران -بنکەی ئاسمانیی نوژەی هەمەدان- بۆ مووشەک‌تێگرتن لە دژبەرانی دیمەشق ئێرانی بەتەواوی لە باوەشی ڕووسیە هاویشت. پێوەندییەکانی نێوان کۆماری ئیسلامیی ئێران و وڵاتی چینیش لە کاتی شەڕی ئێران و عێراقدا بە کڕینی چەکوچۆڵ دەستی پێ کرد و دواتر بە ناردنی هێزەکانی سپای پاسداران لە دەیەی ٧٠ بۆ فێرکارییە سەربازییەکان چووە قۆناغێکی دی و بە ڕێککەوتنە ئابوورییەکان و گرێبەستی پڕ باس و پرسیار و شوورەیی ٢٥ ساڵەی هاوکارییەکانی دوولایەن -شوورەیی بۆ ئێران- گەیوەتە تروپکی خۆی.

مانەوەی ئێران لە بەرەی چین و ڕووسیە بۆ دژایەتیی ئەمریکا بەتایبەت ڕۆژاوا تێچووی زۆر و دۆخی کارەساتباری بەسەر کۆمەڵگەی ئێراندا سەپاندوە. بە سەرنجدان بەوە کە نیزامی سیاسیی چین و ڕووسیە لە فۆڕمی مۆدێڕنی خۆیدا بەدوور لە پارادایمی دینیی ڕیئال‌پۆلۆتیک تەوەرە و، هەروەها لە هەموو هاوکێشەکاندا ئەمنییەتی نیشتمانی، سەقامگیریی نێوخۆیی لە بوارەکانی ئابووری و کۆمەڵایەتیی خۆیان پێش هەموو شتێکە، کۆماری ئیسلامی ناتوانێ ستاتۆیەکی لەو بەرەیەدا هەبێ و پتر وەک ڕەعیەت و مانگاشیرییەکە سەیری دەکرێ هەتا هاوبەش و هاوپەیمان. لە نیزامی سیاسیی چین و ڕووسیەدا بەپێی بۆچوونەکانی ” ویلیام گلاسێر” کە دەڵێ مرۆڤی مۆدێڕنی نابەپرسیار دەبێ ئەرک و بەرپرسایەتیی خۆی یان هەڵبژێرێ یان ملی بۆ ڕاکێشی، هەندێ ئەرک و دەروەستی لە چوارچێوەی وڵاتەکەیاندا بۆخۆیان دیاری دەکەن و لە هەمبەر ئەوانی دی و لە بوارەکانی سیاسەتی دەرەکیدا هەرهەمان نوێنگەی مرۆڤی مۆدێڕنی ئەرک‌وەخۆنەگریان هەیە. دەرەنجامی ئەوەش دەسەڵاتی خۆسەپێنانە و سەرەڕۆیانەی ئەو دوو وڵاتە بەسەر ئێران و عەبدایەتیی ڕێژیمی ئیسلامیی لێ کەوتۆتەوە.

بیرکردنەوەی ڕێبەرانی کۆماری ئیسلامی لەو بارەوە کە خۆهاویشتنە بەرەی چین و ڕووسیە بەو پێیە کە ئەندامی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایش و خاوەنی مافی ڤێتۆن و ئەمە دەتوانێ ڕێ لە سەپاندنی گەمارۆی نێودەوڵەتی و تەنانەت دەستێوەردان و هێرشی سەربازی بۆ ئەو وڵاتە لە سۆنگەی بەرنامە ئەتومییەکانی بگرێ؛ هەر لەجێدا چەوت و هەڵەیە. چونکی نەزمی جیهانی لەسەر بنەمای ئەو پێوەرانەی زلهێزەکان لە چوارچێوەی پێوەندییە نێودەوڵەتیەکاندا دایدەڕێژن و باسکی جێبەجێکاری ئەو نەزمەش لە فۆڕمی مافی ڤێتۆدا کە لە پاوانی خۆیان‌دایە؛ ئیدی دەرفەتی خۆڕانان و ئیمتیازوەرگرتن بە وڵاتانێکی وەک کۆماری ئیسلامیی ئێران نادا کە بەدوای چەکی ئەتومییەوەن. هەر ئەو لاڕێ‌چوونەی کۆماری ئیسلامی وایکردوە ئێران لە بواری ئابووری و لە هاوکێشە جیهانییەکاندا بە تەواوی بەستراوە بە چین و ڕووسیە بمێنێتەوە و تێچووی قورسی ئەو بەستراوەیی و عەبدایەتی و تێگەیشتنە چەوتەی لە پێوەندییە نێونەتەوەییەکاندا بەسەر خەڵکی ئێراندا بسەپێنێ.

کۆماری ئیسلامی ئەگەر سیلەی چاوی لە هەندێ وڵاتی دیکەی خاوەن چەکی ناوکی وەک هیندوستان، کۆرەی باکوور و پاکستان بێت، دیسانەکەش هەر ڕەنج‌بەخەسار چووە. کۆرەی باکوور کە بەهۆی ئیزۆلەبوونی و کاریگەریی سزا قورسەکان بۆتە کاولاشێک و خەڵکەکەی نوقمی هەژاری و داماویین و کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش کە هەر لە ئێستادا بە گرتنەبەری سیاسەتی هاوشێوە بێ‌ئەوەش کە دەستی بە چەکی ئەتومی ڕابگا وەها دۆخ و چارەنووسێکی بەسەر وڵاتدا سەپاندوە. قەیرانە کەڵەکەبووە ئابوورییەکان لە هیندوستان و پاکستان و دۆخی کارەساتباری ژیانی خەڵک لەو دوو وڵاتەش بۆتە هۆی ئەوە کە خاوەنێتیی چەکی ئەتومی هیچ شانازییەکی بۆ ئەوان نەبێ و بیانەوێ بە سازان و پتەوکردنی پێوەندییەکانیان لەگەڵ ڕۆژاوا لەو دۆخە ڕزگاریان بێت. هۆکاری ئەمەش بۆڵدبوونی ڕاستییەکە کە ئەتومی‌بوون بەبێ خاوەنێتیی مافی ڤێتۆ لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکاندا هیچ ئیمتیازێکی زیادە و ستاتۆی دیار و بەرچاوتری بەو وڵاتانە تەنانەت بە کۆرەی باکووریش نەداوە.

پوختەی مەبەست ئەوەیە کە سیاسەتی دەرەکیی کۆماری ئیسلامی کە لەسەر دوو تەوەری دەستێوەردان لە کاروباری نێوخۆیی وڵاتان و دەستڕاگەیشتن بە بۆمبی ئەتومی پێناسەی دەکەن و تێچوویەکی ئێجگار قورسی بووە، هەر لەجێدا هەوڵێکی چەوت و لەخۆڕایی و خیانەتێکی گەورە بە وڵاتە کە بە دڵنیاییەوە خەڵک لێیان خۆش نابن. بۆیەشە نیزامی کۆماری ئیسلامی کە دەزانێ هیچ ڕەواییەتێکی لە هەناوی کۆمەڵگەی ئێراندا نییە، بە بەردەوامی لەسەر ئەو ڕێچەکەیە دەڕوا و دەیەوێ بە خەیاڵی خۆی مانەوە و دەسەڵاتەکەی وەک ئەمری واقع لە هاوکێشە جیهانییەکاندا بە ئەندامەتی لە باشگای ناوکیدا مسۆگەر بکا؛ ئەوەش لە دۆخێکدا کە وەک نیزامێکی دیکتاتۆر و سەرەڕۆ کە لە هەموو بوارەکانی ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا خەریکە هەرەس دێنێ. بەڵام ئەو ڕێژیمە قەت ناتوانێ وەک زلهێزیکی ناوچەیی یان هاوپەیمانێک خۆی لە ڕیزی وڵاتانی چین و ڕووسیەدا ببینێتەوە و پتر وەک کارتێک لە گەمەی ئەو دوو وڵاتە لەگەڵ ڕۆژاوادا و بۆ بەرژەوەندیی ئەوان سەیری دەکرێ. هەروەک چۆن لە چاوپێکەوتنی ڕەسمیی پوتین لەگەڵ ڕەئیسی‌دا شوێنی ئێران سووچی مێزە پان و درێژەکە بوو کە پوتین بە زمان و جووڵەی دیپلۆماتیک دەری بڕی.

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*