دابڕانی پێکهاتەکانی کوردستان لە بەرژەوەندیی کێ‌دایە؟

شەهریار تەهماسبی

لە ماوەی یەک دەیەی ڕابردوو و لە ناوچەکانی کرماشان، ئیلام و لوڕستاندا کۆمەڵێک ناو و دەستەواژەی نوێی دیاریکراو بەر گوێ دەکەون، کە ناوگەلێکی لەمێژینە، ڕەسەن و کۆن نین، بەڵکوو کۆمەڵە ناوێکی دەستکردن و تازە هاتوونەتە نێو زار و زمانان. هەروەها سیستماتیک کار بۆ جێ‌خستنی پتر و گەورەکردنەوەیان دەدرێ کە مەبەست لەو کارەش لێکترازان و دابڕانی پێکهاتەکانی کۆمەڵگەی ئەو ناوچانە لە یەکترییە.  هەر ئەمەش مەترسییەکی گەورەیە بۆ یەکپارچەیی و یەکڕیزیی پێکهاتەیی نەتەوەی کورد بەتایبەت لەو ناوچانەدا و، ئەم هەوڵە مەترسیدارانە کورد و بەتایبەت ئەو ناوچەگەلە بەرەو قەیران و دابڕانگەلێکی قووڵتر دەبا. پرسیاری سەرەکی ئەمەیە کە ئەو ناو و دەستەواژانە بۆچی گەورە دەکرێنەوە و خەتی خوار لە بن سەری کێ‌دایە و ئەم ڕەوتە لە قازانج و بەرژەوەندیی کێ دەشکێتەوە؟

لەکستان، هەورامانستان، کەڵهۆڕستان و …هتد ناوگەلێکن کە ڕاستە لەنێو خەڵکدا باو بوون، بەڵام وەکوو هەنووکە بە مەبەست و ئامانجی دیاریکراو سنووری جوگرافیاییان بۆ دیاری نەکراوە. لەڕاستیدا لەمێژ ساڵە باو بووە کە ئاخێوەرانی شێوەزار و بن‌زارە جۆراوجۆرەکان لە ناوچە جیاوازەکاندا دەستەواژەی “ستان”یان پێ دەدرا و ئەمەش زیاتر وەکوو وێژەیەکی زارەکییە، بەڵام ئەوەی ئێستا جێی مەترسی و نیگەرانییە ئەوەیە کە هەوڵێکی چروپڕ بۆ دیاریکردنی سنوورگەلێکی دەستکرد و ئامانجدار بە مەبەستی لێکدابڕانی پێکهاتەیی و ئاژاوەگێڕییەکی مەبەستدار لە ئارادایە. هاوکات لە کوردستان لەگەڵ دابەشکردنی ناوچەکانی کرماشان و ئیلام و لوڕستان بەسەر چەند بەشی پاژ و بچووکدا، لە هەوڵی ئەوەش دان کە ئاژاوە و ڕەق و کینە لەنێوان ناوچە دابەش‌کراوەکانیشدا دروست بکەن و بۆ ئەم وابێژییەش نموونە و ئەزموونی مێژوویی لوڕستان و بەختیارییەکان هەیە کە نیگەرانییەکانی ئێمە زۆرتر و زیاتر دەکا.

پرسیارێکی تر کە لێرەدا لەسەر ئەو مەترسی و نیگەرانییە دێتە ئاراوە، ئەوەیە کە کە چ کەسانێک لەو دابڕانە کەڵک وەردەگرن یان بە واتایەکی تر ئەو دابڕانە لە قازانج و بەرژەوەندیی چ کەس یان لایەنێک‌دایە؟ وەڵامەکەش ڕوونە و، بێگومان ئامانجەکان لە هەوڵە چڕوپڕانە بۆ دروست‌کردنی دابڕان و کەلێنەکان لەو ناوچانە لە ژوورە فکری و پلاندانداڕێژییەکانی ناوەندە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمەوە دادەڕێژڕێ، بەڵام بۆ؟ کە ناوی ناوەندە ئەمنییەتییەکان دێنین، بە دڵنیاییەوە بۆمان ڕوون دەبێتەوە کە ئەم وابێژییانە لەخۆڕا و بەبێ بەڵگە نییە، چونکی هەوڵەکانی ڕێژیمی داگیرکەر بۆ پەرەپێدانی ئەم هەوڵانە و بەفەرمی‌ ناسینی شێوەزار و لکەزارەکانی زمانی کوردی لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵات وەکوو زمانگەلێکی جیاواز و تۆمارکردنی سیمبۆلە کوردییەکان وەکوو سیمبۆل و هێماگەلێکی قەومی و تایبەت، تەنیا لەپێناو دابرانی زیاتر لەنێو نەتەوەی کورددایە. بۆ نموونەی ئەم باسانەش دەتوانین ئاماژە بە تۆمارکردنی شیوەزار لەکی لە کوردیی خوارێ بکەین کە وەکوو زمانێکی سەربەخۆ تۆمار کراوە، یان تۆمارکردنی “گوڵوەنی” وەکوو هێما و سیمبۆلی لوڕ، ئەگەرچی ئەو تۆمارکراوانەی کە ئاماژەمان پێیان کردووە، نالۆژیکیە و بەبێ بەڵگە و فاکتی زمانناسی و کۆمەڵناسی کراون

 

پرسیاری دووهەم ئەوەیە کە هۆکاری نیگەرانیی ئێمە چین؟

ئێمە لە ناوچەیەکی فرەدیالێکتیکی و فرەپێکهاتەییدا دەژین، ئەو ناوچەیەش بە درێژاییی مێژوو بوونی هەبووە و خەڵک و پێکهاتەکانی ئەو ناوچەیە لەژێر ناوێکی هاوبەشدا (کوردبوون) پێکەوە ژیاون و هاودڵ بوون و بەو هۆوییەتەش خۆیانیان پێناسە کردوە. لەو کۆمەڵگەیەدا کە دەکرێ بە کۆمەڵگەیەکی فرەپێکهاتە دابندرێ، خاڵی هاوبەشی پێکەوەژیان لەژێر ناوێکی هاوبەشدا بووە و ئەمەش خاڵە هاوبەشەکانی تریشی کەمڕەنگ کردۆتەوە و هەوڵی کۆمەڵانی ئەو کۆمەڵگەیەش لەپێناو پێکەوەژیان و لێک‌نزیکبوونەوە بووە و ئەم هەوڵانەش لەسەر بنەمای ڕێزگرتن لە جیاوازییەکانی یەکتر بووە. بەڵام هەنووکە دەسەڵاتی نگریس و بەڕیوەبەریی ڕێژیمی داگیرکەر خەریکە ئەو جیاوازییانەی کۆمەڵگەی کوردستان کە خۆمان وەکوو بنەمای خاڵی هاوبەش لەبەرچاوی دەگرین، زەق دەکاتەوە و بە دروست‌کردنی کەلێن و دابران لە شوناسی ئەو خەڵکەدا، دەیەوێ ئەوان لە کوردبوون و چەمکی کوردایەتی دابماڵێ.

لە وەها بارودۆخێکی زۆر هەستیاردا ناوچەکانی خوارووی کوردستان بەو کێشەیەوە سەرقاڵ کراون و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ئەم کێشەیەش زیاتر و زیاتر پەرەی پێ دەدرێ، کەچی  بەداخەوە ناوچەی ئێمە زۆر دێر بەم دیاردەیەمان زانیوە، بۆیەش ئەوان دەیانهەوێ ئەم کێشانە لەو ناوچەیەش بە شیوەیەکی خێراتر بگاتە لووتکە، ئەم ڕوانگەیەش ڕێکارێکە بۆ دابڕان و جیاکردنەوەی ناوچەکانی کوردستان وەکوو دۆڕگەگەلێکی جیاواز لە یەکتر. ئەم پیلانەش لەسەر بنەمایەک داڕێژراوە کە ئەگەر تەنانەت هەر تاکەکەسێکیش لە دۆڕگەیەک پێ بنێتە نێو ئەو دۆڕگەکەی ترەوە، دەبێتە تێپەڕاندنی سنووری یەکتر و واتای ئەویە کە لە ناوچەکاندا یەکتر وەکوو بێگانەیەک سەیر بکرێن.

بەڵام بەداخەوە کێشەکە تەنیا بە دروست‌کردنی ئاژاوە و دووبەرکێ لەنێوان پێکهاتەکانی ئەو ناوچانەدا کۆتایی نایە و ئیستا ئیدی باس لە خودموختاریی پێکهاتە و عەشیرە جیاوازەکان دەکرێ و، وێستگەی دواتری ئەم ڕوانگە و وێژمانە، داوای سەربەخۆیی هەر تایەفە و عەشیرەیەکە و دواتریش ئەم داخوازییە شۆڕ دەبێتەوە بۆ نێو بنەماڵە و تاکەکەسەکان و لە ئاکامیشدا دەبێتە هۆی هەوڵوەشانەوەی کۆمەڵگەی کوردستان؛ سیناریۆکە و ئامانجی بنەڕەتی ئەمەیە! بەو خێراییە کە ناوچەگەرایی هەیەتی، ئینتیمای عەشیرەیی و قەومی لە کۆمەڵگەی فرەپێکهاتە و فرەڕەنگی ئێمەدا مەترسییەکی زۆر بۆ کۆمەڵگە و بەها لەمێژینەکانمانە و هەر وەکوو گوتمان ئەو هەوڵانە خەریکن کۆمەڵگە بەرەو هەڵوەشانەوە و لێکترازان ببەن. هەروەها زۆر بە خێراییش خەریکن بە پەرەپێدانی ئیلگەرایی نەتەوەخوازی بخەنە پەراوێزەوە، واتە دەگاتە ئاستێک کە لە ماوەی دە ساڵی داهاتوودا ئیتر ڕێگەی گەڕانەوەمان بۆ نەمێنێ، واتە بگەینە ئاستێک کە چاوەڕیی ئەوە بکەین کە هەر تاکێک لەنێو کۆمەڵێکدا خۆی بتەقێنێتەوە تاکوو بیسەلمێنێ کە بەهێزترین و دڵسۆزترین نوێنەری ڕەوا و مێژووییی خوا (واتە خۆی) لەسەر زەوییە، مەبەست لەمەش تیرۆریستێکی تاکەکەسییە نەک گرووپی و بەکۆمەڵ و ئیدئۆلۆژیک. ئەو کات دەبینین کە کۆمەڵگەیەکی لەڕادەبەدەر ترسناکمان هەیە و خۆمان خەریکی وێرانکردنی کۆمەڵگەی خۆمانین و خۆمان سەرقاڵی لەنێوبردنی یەکتری، واتە خۆمانین.

ئەو بارودۆخە بە جۆرێک لە کۆمەڵگەدا گەمژەیی و ساویلکەیی جێ خستووە، کە وا وێنا دەکرێ هەوڵدان بۆ دروست‌کردنی ناو و شوناسێکی ساختە و درۆیین لە سێبەری ئەو دواکەوتووییەدا، هونەر و زانست و فەلسەفە ورت و وێران بکرێ. ئەو کەسانە باوەڕیان دەرخوارد دەدرێ و دوای ئەوەش ئیدی پێویستیان بە هیچ شتێکی تر نییە. لەوانەیە ئەگەر ئەم ڕوانگە و وێژمانە ڕەوایی پێ نەدرایە، بەرە بەرە وزە و هێزی ئەوان بتوایاتەوە و بەتەواوەتی لەنێو چووبان، بەڵام ڕەواییدان و پەرەپێدانی ئەم ناو و هەوڵانە لەلایەن ناوەندە فەرمییەکانی دەسەڵاتەوە هەموو شتێکی ئاڵۆز و تێکەڵ‌پێکەڵ کردوە.

بەفەرمی‌ناسین و ڕواییدان و ناوهێنانی ئەو ناو و هێما و سیمبۆلانە لەلایەن دەسەڵاتەوە بە شێوەی فەرمی و لەلایەن ناوەندە فەرمییەکانی دەسەڵاتەوە، ئێمە دڵنیا دەکاتەوە کە دەستگەلێکی پشت‌پەردە لە پەرەپێدان و بڵاوبوونەوەی ئەم پرسەدا هەیە. زۆر جار دیکتاتۆرەکان نایانهەوێ بارودۆخەکە بەو شێوەیە بێ کە هەیە، بەڵکوو گەرەکیانە بەو شێوەیە ببێ کە ئەوان دەخوازن و بیری لێ دەکەنەوە. دیکتاتۆرەکان هەر ئەوەندە کە بزانن بەهێزن، ئەگەر هەموو کەرەستە و کەلوپەلی جیهانیشیان هەبێ بەڵام نەبیندرێن، بە هیچ شێوەیەک لە دۆخی خۆیان ڕازی نین، “پان”ەکان و چەقبەستووەکانیش ڕێک بەم شێوەیەن و بۆیان گرنگ نییە ژیرانە بیر بکەنەوە یان بدوێن و هەڵسوکەوت بکەن، بەڵکوو ئەوەی کە گرنگە ببیندرێن و بزانن هێزیان هەیە و بەهێزن، ئەوان خاوەنی بڕیار نەبن، نابێ چاوەڕوانی خێری ئاوەز و ژیرانەبێژی بین.

ئەوان لە باتی ئەوەی کە خەریکی داهێنان و ئافراندن بن، دواکەوتوویی و سواوی بەسەر جوانیناسیی ناوچەکەدا دەسەپێنن و دەبێژن: “ئەوەی کۆنتر بێ، ڕەواتر و جوانترە”. بێتوو ڕۆژێکیش هەستی جوانیناسیی گشت ناوچەکە بە لاڕێ سەرقاڵی ئەو کێشەیە بێت، بە دڵنایییەوە تیرۆریزمی قەومی، تایفەیی و عەشیرەیی سەر هەڵدەدات.

هەموو ئەو خاڵانەی کە ئاماژەمان پێ کرد، سەلمێنەری ئەوەن کە وەستانەوە و بەرەنگاربوونەوەی ئەو پلان و پیلان‌گەلە زۆر گرینگ و پێویستە، ئەوەمدە گرینگ و پێویست کە تاک بە تاکی کۆمەڵگە بۆ پاراستنی ئاکار و ڕەوشتی کۆمەڵایەتیی کۆمەڵگە، بێنە نێو ئەم پرۆسەی بەرگری و بەرپرچدانەوەیەوە.

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*