بەڕێوەچوونی کۆنفرانسی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە نۆروێژ

 

کۆنفرانسی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە وڵاتی نۆروێژ، بە بەشداری کاک خالید عەزیزی سکرتێری گشتی حیزب، خاتوو کوێستان گادانی، بەرپرسی کۆمیتەی حیزب لە دەرەوەی وڵات، کاک حەمەرەسول کەریمی بەرپرسی بەشی تەشکیلاتی حیزب لە دەروەی وڵات، کاک ئەبووبەکرقەدی کورد نوێنەری کۆمیسیۆنی پارێزگاری لە پەێڕەوی و رێژەیەکی زۆر لە ئەندامانی حیزب لە وڵاتی نۆروێژ، رۆژی شەممە ٢٣ی ئاپریلی ٢٠٢٢  بەرێوەچوو.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندیی راگەیاندنی حیزب لە دەرەوەی وڵات، کۆنفرانس بە سروودی نەتەوایەتی ” ئەی رەقیب” و ساتێک بێدەنگی بۆ رێزگرتن لە یادی شەهیدان دەستی بەکارەکانی خۆی کرد و بە پەیامێک لە لایەن تێکۆشەری دێرینی حیزبی دێموکرات کاک مەنسوور خوسرەوی کرایەوە. بەرێزیان لە پەیامەکەیدا وێرای سپاس و پێزانین بۆ کاروچالاکییەکانی کۆمیتە لە دوو ساڵی رابردوو دا و هەروەها بەشداری گەرموگوڕی ئەندامانی حیزب لەم کۆنفرانسەدا، داوای کرد کە یەکگرتنەوەی بنەماڵەی گەورەی دێموکرات کە ئاواتی خەڵکی کوردستان و دڵسۆزانی حیزب و گەلە، بە زوویی وەدی بێ. لە کۆتایی دا هاورێ مەنسوور خوسرەوی پێشنیاری کرد کە بۆ رێزگرتن لە خەبات و تێکۆشانی گەورەپیاوی حیزب و گەلەکەمان، نەمر کاک جەلیل گادانی، ئەم کۆنفرانسە بە ناوی ئەم نەمرەوە نێودێر بکرێ کە تێکرای بەشدارانی کۆنفرانس بە گەرمی پێشوازیان لەو پێشنیارە کرد و کۆنفرانسی کۆمیتەی نۆرویژ بە ناوی نەمر”کاک جەلیل گادانی”یەوە نێودێر کرا.

دواتر راپۆرتی هەئیەتی ئامادەکاری کۆنفرانس لە لایەن بەرێز حەسەن غەمبار پێشکەش کرا کە تێ‌دا تێشک خرابووە سەر ئەو رێکارانەی کە بۆ ئامادەکاریی و گرتنی کۆنفرانسەکە گیرابوونە بەر.

لە درێژەی بڕگەی یەکەمی کۆنفرانس، بەرێز کاک ” خالید عەزیزی”، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان وێرای ڕێز گرتن لە کار و تێکۆشانی کۆمیتەی حیزب لە نۆڕوێژ، بە پێشکەش کردنی وتارێکی سیاسی تیشکی خستە سەر هەلومەرجی رۆژهەڵاتی کوردستان، ئێران و هەڵوێستی حیزب لە گەڵ ئۆپۆزسیۆنی کوردی و ئێرانی، کاری دیپلۆماسی لە دونیای دەرەوە و هەروەها دوایین ئاڵوگۆرەکان و پرسی یەکگرتنەوەی بنەماڵەی گەورەی دێموکرات.

سکرتێری گشتی حیزب لە میانەی وتەکانیدا وێڕای بەرزنرخاندنی کار و تێکۆشانی چالاکوانانی ناوخۆی رۆژهەڵاتی کوردستان، رایگەیاند کە حیزبی دێموکراتی کوردستان بەپێی واقعبینی خۆی دەروانێتە ئاڵوگۆڕەکان و لە پێناو بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانی جوڵانەوەی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان سیاسەت و بەرنامەکانی خۆی دادەرێژێ.

لە درێژەی بەرێوەچوونی کۆنفرانس‌دا بەرێز حەمەرەسوڵ کەریمی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزب لە سەر پرسە تەشکیلاتییەکان، راسپاردە و بڕیارەکانی حیزب و کۆمیتەی بەرێوەبەریی دەرەوەی وڵات و هەروەها ماف و ئەرکی ئەندام چەند وتەیەکی پیشکەش کرد. هەم لەم بەشەدا، بەرێز ئەبووبەکر قەدیکورد، چەند وتەیەکی سەبارەت بە کارەکانی کۆنفرانس پێشکەش کرد.

هەروەها پەیامی یەکیەتی ژنانی دێموکراتی کوردستان بۆ کۆنفرانس لە لایەن خاتوو نەمام زەرین‌فام، بەرپرسی یەکیەتی ژنان لە نۆروێژ و پەیامی ئەنجومەنی زیندانیانی سیاسی رۆژهەڵاتی کوردستان بۆ کۆنفرانس لە لایەن بەرێز کامیل ئوستادئەحمەدی، بەرپرسی ئەنجومەنی زیندانیانی سیاسی رۆژهەڵاتی کوردستان لە دەرەوەی وڵات خوێندرانەوە.

لەکۆتایی ئەم بڕگەی کاری کۆنفرانسەکەدا، راپۆرتی کاروچالاکییەکانی کۆمیتەی حیزب لە وڵاتی نۆروێژ لە نێوان دوو کۆنفرانس، لە لایەن کاک هاشم رۆستەمی، بەرپرسی کۆمیتەی حیزب لە نۆروێژ (لە نێوان ئەم دوو کۆنفرانسەدا) پێشکەش کرا.

شایانی باسە، لە ڕاپۆرتی کۆمیتەدا بەوردی تیشک خرابووە سەر کار و تێکۆشانی کۆمیتەی حیزب لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا، هەر بۆیەش زۆر بە گەرمی لە لایەن بەشدارانی کۆنفرانسەوە پێشوازی لێ کرا.

لە بڕگەی دووەمی کارەکانی کۆنفرانس‌دا، بەشێکی بەرچاو لە ئەندامانی بەشدار، رەخنە و سەرنجەکانی خۆیان سەبارەت بە باسە سیاسی و تەشکیلاتییەکان و راپۆرتی کۆمیتەی نۆروێژ خستە بەرباس کە لایەن بەرێزان خالید عەزیزی، کوێستان گادانی، حەمەڕەسوڵ کەریمی و هاشم رۆستەمی‌یە وڵام درانەوە.

دواتر خاتوو کوێستان گادانی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان و بەرپرسی کۆمیتەی بەڕێوەبەریی دەرەوەی وڵات، چەند روونکردنەوەی پێویستی لە سەر پێکهاتەوە و رێکخستنەوەی کارەکانی کۆمیتەی دەرەوەی وڵات پێشکەش کرد و هەروەها بۆ رێزگرتن لە کاروچالاکی ئەندامانی کۆمیتەی پێشوو، لەوحەی رێزلێنانی کۆمیتەی دەرەوەی وڵاتی پێشکەش بە دەستەی بەرێوەبەری پێشووی حیزب لە وڵاتی نۆروێژ کرد.

هەر لەم بڕگەیەدا هاشم رۆستەمی بەرپرسی پێشووی کۆمیتە، وەک ڕێز گرتن لە دووساڵ کاری دلسۆزانەی ئەندامانی کۆمیتە و جێگر و مشاورەکان، ئاڵای کوردستانی پێشکەش کردن.

لە بەشێکی دیکەی کارەکانی کۆنفرانس‌دا، سپاسنامەی کۆمیتەی نۆروێژ لە لایەن هاوڕێیان حەسەن غەمبار و خوسرەو قادری‌یەوە، بە نوێنەرایەتی کۆمیتەی نۆروێژ پێشکەشی هاوکارانی بەشەکانی کۆمیتەی نۆروێژ لە ماوەی دوو کۆنفرانس‌دا کرا.

هەروەها لە لایەن کۆمیتەی نۆروێژەوە شاخە گوڵ پێشکەش کرا بە هەموو ئەو هاوڕێیانەی کە لە بەڕێوەبردنی کۆنفرانس‌دا وەک بەشەکانی ئەمنییەت و چاوەدێری، پەزیرایی، فیلم‌هەرگرتنەوە و کاری تیکنیکی و نووسینەوەی راسپاردەکانی کۆنفرانس، زەحمەت و ماندووبوونیان کێشابوو.

بڕگەی کۆتایی کۆنفرانس تایبەت بوو بە هەڵبژاردنی ئەندامانی دەستەی بەرێوەبەریی کۆمیتەی حیزب کە لەم بەشەشدا ژمارەیەکی بەرچاو لە ئەندامان خۆیان بەربژێر کرد و لە ئەنجامدا بە دەنگی ئەندامانی حیزب دەستەی بەڕێوەبەریی کۆمیتەی نوێ حیزب لە نۆروێژ هەڵبژێرا.

کۆنفرانسەکە، دوای زیاتر لە ١٠ کاتژمێر کاری بەردەوام بە سەرکەتوویی کۆتایی بە کارەکانی خۆی هێنا.

 

 

 

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*