بۆچی ڕووسیە ئەو جەنگە دەدۆڕێنێ؟

تویتەر-کامیل گالییەڤ و لە ئینگلیزییەوە: کەماڵ حەسەن‌پوور

 

لەپێشدا باس لەوە دەکەم کە بۆ ڕووسیە دەدۆڕێ. پاشان باسی بۆچوونی خۆم لەمەڕ چۆنیەتیی ڕوودانی ئەو دۆڕانە دەکەم. شاکلیلی ئەمە تێگەیشتن لە دۆکترینی سەربازیی سۆڤیەت/ڕووسیەیە. ئەوە چوارچێوەی ڕووداوەکانی هەنووکەیی شی دەکاتەوە و یارمەتیدەر دەبێ بۆ پێشبینی‌کردنی کردەوەکانی ڕووسیە.

وێنەکانی ئاژانسی هەواڵدەریی ڕووسیەی فێدڕاڵ پاشەکشەی بەربڵاو ئاشکرا دەکەن. بەئاشکرا دیارە کە ڕووسیە وازی لە پلانە سەرەتاییەکانی بۆ داگیرکردنی کییەڤ و بەدەستەوەگرتنی کۆنتڕۆڵی ئوکراین هێناوە. بۆیە ئامانجە سیاسییەکانی ئۆپەراسیۆنی Z دەستەبەر ناکرێن. گۆڕینی ڕێژیم و داگیرکردنی (ڕێژەیی؟) ئوکراین ڕوو نادا. ئەوەی کە هێندەی دیکە سەرنجڕاکێشە، شێوەی باسکردنەکەی گۆڕاوە. وەک دەبینن، تا ٢ی ئاپریل ئەوان نەخشەی “سەرکەوتنی ئۆپەراسیۆنی تایبەتی”یان بڵاو دەکردەوە. لە ٢ی ئاپریل بەولاوە، باس لە “جێبەجێ”کردنەکەی دەکەن. بەڕاستی، ئەو پاشەکشە خێرایە جێگایەک بۆ ئیدیعای سەرکەوتن ناهێڵێتەوە.

ڕووسیە چۆن پاشەکشەکەی شی کردەوە؟ ژەنڕاڵ فۆمین گوتی: “ئێمە بڕیارمان داوە کە بە شێوەیەکی بەرچاو، بە چەند وەجبە چالاکییە سەربازییەکانمان لە کییەڤ و چەرنیهیڤ کەم بکەینەوە. ئێمە گریمانەی ئەوە دەکەین کە کییەڤ بڕیاری لەو جۆرە بدا و مەرجەکانی هاوکاریی داهاتوو دروست بکا.” بەڵام ئەوە بە مانای ئاساییکردنەوە نییە. سەرگەئی شۆیگو کە لە پڕۆپاگانداکردندا دەستێکی باڵای هەیە گوتی کە یەکەم قۆناخی ئۆپەراسیۆنە تایبەتییەکە “بە سەرکەوتوویی کۆتایی هاتوە.” تواناییەکانی هێزی سەربازیی ئوکراین لاواز بوە، بۆیە ڕووسیە دەتوانێ هەوڵەکانی لە سەر ئامانجی سەرەکی، “ڕزگار کردنی دۆنباس” چڕ بکاتەوە.

هێندێک لایەن هەر ئێستا پیرۆزبایی ئەو سەرکەوتنەیان لە ڕووسیە کردوە و ئاکامگیرییان کردەوە کە “ئامانجەکانی ئۆپەراسیۆنی تایبەت زۆر لەوەی  بیرمان لێ دەکردەوە سنووردارتر بوو.”  ئەوە وەک کۆپیەی کتێبێک دەچێ. ئامانجە سەرەتاییەکەی Z دەستەبەر نەکراوە، بۆیە هەر دەسکەوتێکی وەدەست هاتبێ، وەک ئامانجی سەرەکی وێنا دەکرێ. زۆر لەو چاودێرانەی لایەنگری ڕووسیەن دەڵێن پاشەکشە لە باکوور، هەنگاوێکی ڕاستەقینەیە: ڕووسیەکان بۆ هێرشێکی مەزن لە خۆرهەڵات خۆ ڕێک دەخەوە. ئەوە هەڵە نییە. بە ڕاستی، ڕووسیەکان هێرش “دەکەنە” سەر خۆرهەڵات، لە دۆنباس. بەڵام، ئەو لێکۆڵەرەوانە وێدەچێ ناچاریی بکەنە چاکە.

پاشەکشەی ڕووسیە لە باکوور وا نایەتە بەرچاو کە ڕاهێنانی بۆ کرابێ. من زانیاریی تەواوم لەبەر دەستدا نییە بەڵام بە وێنەکانی ئامێرەکانی گواستنەوەی بەجێماوی ڕووسی ڕا دیارە ئەوان ڕا دەکەن و هەرچی خێرا نەبێ جێی دەهێڵن: تۆپخانە، مووشەک‌هاوێژ، سیستەمی بەرگریی ئاسمانی. چۆن ئەو شتە قەوما؟ بو جوابی ئەو پرسیارە، پێویستە بزانین چۆن “پێش” پاشەکشەی ڕووسیە دۆژمنایەتییەکان بەڕێوە دەچوون. کام ناوچەیە لەژێر کۆنتڕۆڵی ڕووسیەدا بوو؟ لێکۆڵەرەوەکان گاڵتەیان بەو نەخشانە کرد کە “تەنیا جادەکانی” ئەو شوێنانەی نیشان دەدا کە لە ژێر کۆنتڕۆڵی ڕووسیەدا بوون. لەگەڵ ئەوەشدا، “نەخشەی “جادەکان بە تەنیا” زۆر ڕاست بوون و لێکۆڵەرەوەکان لەهەڵەدا بوون. سترێلکۆڤ ئەفسانەی “خاکی پێکەوەگرێدراو” لەقاو دەدا و دەڵێ لانی کەم لە باکوور ڕووسیە تەنیا کۆنتڕۆڵی “ناوچەیەکی درێژ و باریکی دەوروبەری جادەکانی” بەدەستەوە. ڕووسەکان بەڕاستی “تەنیا جادەکانیان” لەژێر کوۆنتڕۆڵدا بوون. بە گوتەی سترێلکۆڤ، ڕووسەکان کۆنتڕۆڵی ناوچەی نێوان شاڕێیەکانی باکوور و شاری وەک چەرنیهیڤ و سومی‌یان بەدەستەوە نەبوو. بۆیە مەترسیی دووپاتبوونەوەی دۆخی جەنگی زستانی١٩٤٠ هەیە، کاتێک هێزی گەلێک بچووکتری فینلەندی، داگیرکارە سوڤیەتییەکانیان گەمارۆ دا و زۆریان لێ کوشتن. فینلەندییەکان بە کەڵک‌وەرگرتن لە تاکتیکی پارتیزانی لە زستاندا، هێزەکانی سۆڤیەتیان لەنێو بردن. ئوکراینییەکان بەو زووانە دەستی باڵایان لە کەڵک‌وەرگرتن لە تاکتیکی ئەوتۆ لە هاویندا دەبێ، کاتێک “وڵات شینە.” کاتێک کە دارەکان بە گەڵایان داپۆشراون پارتیزانە ئوکرایینییەکان لە بەرانبەر هێزی ڕووسیەدا باڵادەست دەبن.

سترێلکۆڤ ئەو ئاکامگیرییە دەکا کە ڕووسەکان هیچ ڕێگا چارەیەکیان نییە مەگەر ئەوە کە لە باکوور پاشەکشە بکەن تا خۆ ڕێک بخەنەوە و دیسان هێرش بکەنەوە سەر دۆنباس. ئەو دەڵێ، “بەڵام ئەوەی ڕاستی بێ من گومانم هەیە کە دوای لەکیس‌چوونی هەلی زێڕێنی یەکەم مانگی جەنگ، هێزەکانمان بتوانن هێزەکانی ئوکراینی لە دۆنباس گەمارۆ بدەن و لە نێویان بەرن. بەداخەوە دەبینم کە فەرماندەیی هێزی سەربازیی ئوکراین گەلێک لێهاتووتر لە هی ڕووسیە دەجووڵێنەوە.”

ئەوە چۆن قەوما؟ چۆن هێزی سەربازیی ڕووسیە کە وێدەچێ گەلێک بەهێزتر بێ وەها خراپ لە ئوکراین شکستیان هێنا؟ بێگومان، زۆر کەس دەڵێن شکستی نەهێناوە. بە هەڵکەوت، هەر ئەو کەسانە زۆر جار پێشبینی هەرەسهێنانی ئوکراینیان لە ماوەی چەند ڕۆژ یان چەند حەوتوویەکدا دەکرد. هەڵبەت ئێستا ئەوان لەبیر خۆیان بردۆتەوە. شکستی بەشێکی بەرچاو لە لێکۆڵەرەوەکان لە پێشبینی دروستی جەنگی Z، لەبەر سێ هۆکار بوو. یەکەم، ئەوان تا ڕادەیەکی زۆر هێزی سەربازیی ڕووسیە-سۆڤیەتیان بەرز دەنرخاند (یان باشترە بڵێێن بەهەڵە لێی تێگەیشتن). دووهەم، ئەوان هێزی سەربازیی ئوکراینیان بە کەم گرت. سێهەم، ئەوان ئامانجە سیاسییەکانی ڕووسیەیان پاشگوێ خست.

‌چاکسازی لە هێزی سەربازیی سۆڤیەت تەنیا بە شێوەی ڕووکەشی بووە و هێزی سەربازیی سۆڤیەت کەرەستەیەکی فرە چالاکی بوو کە بۆ: “بردنەوەی جەنگی ناوکی”، “هەڵگرتنەوەی پەتاتە” و “دامرکاندنی دەوڵەتانی سەر بە خۆی” دروست کرابوو. بڕوانە کە کەرستە فرە کارەکان زۆر جار لە هیچکام لەواندا “هێندە” لێهاتوو نین. بۆیە سەرجەم لقەکانی هێزە سەربازییەکان بۆ جەنگێک گەشەیان پێ درابوو کە ڕێژەیەکی زۆر چەکی ناوکی کەڵکی لێ وەرگیرێ، کە بەتەواوی لەگەڵ جەنگێکی ئاسایی جیاوازی هەیە. ڕێگام بدەن جیاوازییەکە بە نموونە هێنانەوە لە کەرەستەی ڕاگواستنی هێزی پیادەی سەردەمی سۆڤیەت، بی ئێم پی-١، شی بکەمەوە.

ئەو کەرەستەیە ئاساییترین کەرستەی ڕاگواستنی هێزی سەربازیی سۆڤیەت/ڕووسیە بووە. ئەو هەروەها یەکێک لە قیزەوەنترینیان بووە. لە کاتێکدا ناوەکەی کورتکراوەی کەرستەی ڕاگواستنی جەنگیی هێزی پیادەیە، سەربازانی بەرەی پێشەوەی جەنگ ناویان نابوو گۆڕی بە کۆمەڵی هێزی پیادە. لە ئەفغانستان و هەروەها لە چیچان سەربازەکان پێیان باشتر بوو لە سەر کەرەستەکە سوار بن نەوەکوو بچنە ناویەوە. بۆچی؟ چونکە ئاسنی قەراخەکانی هێندە ناسک بوو کە زۆر جار بە گولـلەی تفەنگ و پڕینچکی تۆپ کون دەبوو. ئەوەی لە هەموو شتێک خراپتر بوو ئەوە بوو کە بی ئێم پی-١ هیچ خۆڕاگرییەکی لە بەرانبەر تەقینەوەی بەهێز یان مینی دژی تانک نەبوو. لە کاتی تەقینەوەی مین، سەربازەکان نەیاندەتوانی بێنە دەر و بە زیندوویی لە ناویدا دەسووتان. بۆچی؟ چونکە ناوەوەی لە ڕوانگەی ئەرگۆنۆمییەوە (شیاوی بۆ جەستەی مرۆڤ) بێ‌کەڵک بوو. ناوەوەی لە ڕادەبەدەر تەنگەبەر بوو. لە سەردەمی سۆڤیەتدا زۆر گوێیان نەدەدایە ئەرگۆنۆمی. باشە بۆچی سۆڤیەت گەشەی بە کەرەستەیەکی گواستنەوەی وەها ناسک دا و ڕێژەیەکی زۆری لێ دروست کردن؟ ئەوان بۆچی نزیکەی ٢٠٠٠٠ بی ئێم پی-١ یان دروست کرد؟ چونکە ئەوان خۆیان بۆ جەنگی ناوکی ساز کردبوو و بی ئێم پی-١ بە تایبەتی بۆ ئەو مەبەستە دروست کرابوو. کەرەستەیەکی گواستنەوەی تایبەتی جەنگی ناوکی، لە کاتی جەنگی ئاساییدا زۆر بێ‌کەڵکە.

با باسی پلانەکانی جەنگی ناوکی یەکیەتی سۆڤیەت بکەین. جەنگی ناوکی قەرار بوو بە هەوڵی هاوئاهەنگیی هەموو لقەکانی هێزی سەربازیی بەڕێوە بچێ. ئەو قەرار بوو بە لێدانی چەکی ناوکیی ستراتێژیک کە “بەشی سەرەکیی ئۆپەراسیۆنەکەیان پێک دێنا” دەست پێ بکا و دوای هەڵمەتە ستراتێژیکە ناوکییەکە، هێزی سەربازی هێرشی زەوی و ئاسمانی دەست پێ بکات. لە جەنگی ئاساییدا، هێرشی سۆڤیەت قەرار بوو بە ئاگری تۆپخانەی سەر سەکۆی گەڕۆک جێبەجێ بکرێ. لە جەنگی ناوکی، بە ئاگری مووشەکی تەیارکراو بە کڵاوی ناوکی سەر سەکۆی گەڕۆک. ئاگری تۆپخانەی سەر سەکۆی گەڕۆک دیوارێکی گەڕۆکی ئاگری تۆپخانەیە کە دوژمن لەنێو دەبا و وەک پەردەیەکی بەرگریی بۆ هێرشی خاکیی کار دەکات کە بە دوایدا دێ. ئەوە لە جەنگی جیهانیی یەکەم و دووهەم بە شێوەیەکی بەربڵاو کەڵکی لێ وەردەگیرا و لە جەنگی جیهانیی سێهەمیش بەکار دێ، بەڵام ئێستا بە چەکی ناوکیی تاکتیکی. هێزەکانی سۆڤیەت قەرار بوو بە ئاگری مووشەکی تەیارکراو بە کڵاوی ناوکیی سەر سەکۆی گەڕۆک بچنە پێشەوە. بۆیە ئەوان بە تایبەتی بۆ ڕۆیشتن بە نێو شوێنی وێرانکراو بە چەکی ناوکی دروست کرابوون. بی ئێم پی-١ بەرگرییەکی زۆری بەرانبەر بە تیشکی ناوکی هەبوو. بەڵام لەوحی دەورەکەی تەنک بوو تا بتوانێ لە ڕووباران بپەڕێتەوە. هێزەکانی سۆڤیەت قەرار بوو بە نێو وڵاتی وێرانکراو بە چەکی ناوکیدا بڕۆن. بۆیە کەرستەکانی ڕاگواستن پارێزگارییەکی زۆریان دژی تیشکی ناوکی هەبوو و زرێی کەم. هەرچۆنێک بێ لە وڵاتی وێرانکراو بە چەکی ناوکی بەرگرییەکی کەم دەبێ. بڕواننە بی ئێم پی-١ لە خزمەت ئەسەدی سووریە.

تۆ دەتوانی لە گوگڵ هەزاران وێنەی کەرستەی گواستنەوەی ڕووسی ببینیەوە کە لە ئوکراین شتیان لێ قایم کردوون تا “کەمێک” بەرگرییەکەیان بەرز بکەنەوە. بەشێک لەوانە گەلێک خراپن و ئەوە ئاشکرای دەکات کە ڕووسیەکان کەوتوونە ناو جەنگێکی ئاسایی کە بۆی ئامادە نەبوون. لە ڕوانگەیەکەوە پێم‌وایە ئەو چارەنووسەی هێزی سەربازیی سۆڤیەت/ڕووسیە گەلێک شاعیرانەیە. ئەو بۆ ماوەی دەیان ساڵ بۆ کۆمەڵکوژیی ناوکی دروست کرابوو بەڵام قەت هەلی ئەوەی بۆ هەڵنەکەوت تا ئەزموونی بکا.

بێجگە لە جەنگی ناوکی، هێزی سەربازیی سۆڤیەت ئەرکی دیکەشی هەبوو. یەکێک لەوان هەلگرتنەوەی پەتاتە بوو، مەبەستم لەوە هەم بە شێوەی ڕاستەقینە و هەروەها مێتافۆرییە. هێزی سەربازی قەرار بوو هەموو بۆشاییەکی ئابووری و بازاڕی کاری سۆڤیەت پڕ بکاتەوە کە داوایان لێ کردبان. ئەوان پەتاتەیان هەڵدەگرتنەوە، چونکە لە بەهار تا درەنگانێکی پاییز، هێزی سەربازیی سۆڤیەت سەرقاڵی کاروباری کشتوکاڵ بوو. ئەوان زەوییان دەکێڵا، ئاودێرییان دەکرد، ڕووبەری زەبەلاحی سیبری و ئوزبەکستانیان دروێنە دەکرد. کەس نەیدەتوانی لەو ئەرکانە ڕا بکا. تەنانەت هێزی ئاسمانیی سۆڤیەت کە لە مەجارستان جێگیر کرابوو، ناچار بوو لە کێڵگەکانی کوبا کار بکا. کارمەندانی مووشەکی ناوکی، مەلەوانەکانی هێزی دەریایی، هیزی ئاسمانی، ئەو هێزانەی لە ئورووپا جێگیر کرابوون، هەموویان ناچار بوون کەرەستەکانی ڕاگواستن و هێزی کار بنێرن بۆ کێڵگەکان. بەکردەوە دەتوانین بڵێین تواناییە سەربازییەکانی سۆڤیەت لە وەرزی کشتوکاڵدا گەلێک نزم بوو.

ئەو کاریگەریی لەسەر بەرز کردنەوەی پلە و پایەش هەبوو. چونکە هێزی سەربازی ناچار بوو لە کێڵگەکان کار بکات، ئەوە بەڕێوەبەرە لێهاتووەکان لە بواری کشتوکاڵدا بوون کە پلەیان بەرز دەکرایەوە، نەوەکوو ئەفسەرە باشەکان. ئەوە هەروەها هۆی بێ‌هەڵوێستیی هێزی سەربازی لە کاتی هەرەسهێنانی یەکیەتی سۆڤیەتدا شی دەکاتەوە. ئەوە لە ئاگوستی ١٩٩١ قەوما، کاتێک کە زۆربەیان لە کێڵگەکان بوون. لە کۆتاییدا، هێزی سەربازیی سۆڤیەت/ڕووسیە ناچار بوو دەوڵەتانی سەر بە یەکیەتیی سۆڤیەت دامرکێنێتەوە. ئەوە نێوەرۆکی ئەقڵانیی ئۆپەراسیۆنیZ  شی دەکاتەوە. ئەوە وەک جەنگ پلانی بۆ دانەڕێژرابوو. ئەوان ئەو ئۆپەراسیۆنەیان وەک ئۆپەراسیۆنی دانوب، هی ١٩٦٨، داڕشتبوو. سەرچاوەکانی ڕووسیە بەئاشکرا ئەوە دەڵێن.

“ئۆپەراسیۆنەکە وەک هی چێکۆسلۆڤاکیا لە ١٩٦٨ داڕێژرابوو. لە هەموو لاوە بێنە ژوورەوە و دەوڵەتی نوێ دامەزرێنن. بەڵام نەیانتوانی جێبەجێی بکەن. مانگێکی تەواو ئێمە وامان نواند کە هەموو شتێک بەباشی دەچێتە پێش و بە هێزێکی بچووک کە بۆ جەنگێکی هەمەلایەنە ئامادە نەکرابوو هاوکات لە هەشت لاوە هەوڵمان دا.” ئەوە گوتەی دیمیرتییەڤە. ئوکراینییەکی لایەنگری ڕووسیە کە دواتر بۆ ڕووسیە ڕای کرد و خۆی بۆ تۆڵە ئامادە کرد. ئەو یەکێک لە کادرە سیاسییەکانی هێزی سەربازی بوو کە دەگەڵ سوپای ڕووسیە کەوتبوو، بەو هیوایە کە دوای داگیرکرانی ئوکراین لە لایەن ڕووسیەوە، بەرێوەبەرایەتیی نوێ دامەزرێنێ. ئەو ئێستا دەزانێ کە ناسەرکەوتوو بوون. لە کاتێکدا کە چاودێرە ڕووسیەکان بەئاشکرا باسی ئەوە دەکەن کە ئۆپەراسیۆنی Z وەک هی دانوب لە ١٩٦٨ داڕێژرابوو، تەنیا تاقمێکی بچووک لە لێکۆڵەرەوانی خۆراوایی دەناسم کە بەئاشکرا باسی وێكچوونی ئۆپەراسیۆنی Z  و دانوب دەکەن. یەکێک لەوان ئێدوارد لوتواکە کە پێشبینیی شکستی ڕووسیەی دروست لەبەر ئەو هۆیە کردبوو. لە کاتێکدا کە ڕووسیەکان بە تەمای سەرکەوتنێکی خێرا لە ئوکراین بوون، ئەو ئۆپەراسیۆنە قەرار بوو جەنگێکی فرە خێرا بێ. ئەو کۆپیەی “دانوب” بوو کاتێک یەکیەتیی سۆڤیەت سەرهەڵدانی چێکۆسلۆڤاکیی سەرکوت کرد و کۆتایی بە بەهاری پراگ هێنا. لێرە مەبەستم دەقاودەقە نەوەک بە شێوەی مێتافۆر.

ئۆپەراسیۆنەکانی Z و دانوب چ شتێکی هاوبەشیان هەیە؟ یەکەم، ئامانجە سیاسییەکانیان. لە هەردوو دۆخدا مۆسکۆ لە ڕێبەریی سیاسیی وڵاتێکی خۆرهەڵاتی ئورووپا و ژیانی سیاسیی ئازاد و بێ بەربەست ناڕازی بوو. ئەوە قبووڵ‌نەکراو بوو و دەبوو پێشی پێ بگیرێ. لە چێکوسلۆڤاکی و هەروەها لە ئوکراین، مۆسکۆ بەتەمای وەستاندنی “پشێوی” (واتە ژیانی سیاسیی بێ بەربەست) لە وڵاتێک کە وەک وڵاتی سەر بە موسکۆ سەیر دەکرێ، بە زۆر و بە ئۆپەراسیۆنێکی پۆلیسی بوو. ئەو ئۆپەراسیۆنە پۆلیسییە دەبوو سوپا جێبەجێی بکا، بەڵام گەلێک خێرا، بە کەمترین بەرگریی و تەقە کردن. بۆ دابەزاندنی بەرگریی بۆ نزمترین ئاست، داگیرکارییەکە دەبێ چاوەڕواننەکراو بێ. بۆیە ئامادەکارییەکان لە هەردوو دۆخدا بە “مانۆڕ” حەشار درابوون. داگیرکاریی Z بە “بڕیاری یەکیەتی” لە بێلاڕووس، لە “دانوب” بە مانۆڕی “نێمەن” کە هەلی بۆ کۆکردنەوەی هێزێکی زەبەلاح لە سنووری چێکۆسلۆڤاکی ڕەخساند. لە ١٩٦٨ و هەروەها ٢٠٢٢ سەربازەکان نەیاندەزانی بۆ کوێ دەچن. تەنانەت فەرماندەکانیان نەیاندەزانی. دروست پێش داگیرکارییەکە، فەرماندەکان بڕیارێکی ڕادیۆییان پێ گەیشت “ڤڵتاڤا-٦٦٦” کە بە مانای ئەوە بوو پاکەتێکی سەر بەمۆر هەڵپچڕن کە فەرمانێکی نهێنیی تێدابوو کە دەبوو دەستبەجێ جێبەجێی بکەن.

لە هەردوو دۆخی چێکۆسلۆڤاکیی ١٩٦٨ و ئوکراینی ٢٠٢٢ دا، داگیرکارەکان گیروگرفتی لێک جیاکردنەوەی کەرستەی ڕاگواستنی خۆیان و هی ئەوانی داگیریان کردووەیان هەبوو. بۆیە لە ٢٠٢٢ کەرستەکانی خۆیان بە “Z”، “V”، “O”، تاد نیشانە کردبوون و لە ١٩٦٨ بە هێڵێکی سپی. ئەوە بۆ لێک‌جیاکردنەوەی “ئێمە” لە “ئەوان” بوو. لە چێکۆسلۆڤاکی بڕیاریان دا هەموو کەرەستەیەکی ڕاگواستنی سەربازیی کە هێڵی سپی پێوە نەبوو لە کار بخەن و ئەگەر بەرگرییان کرد، لەنێویان بەرن. لە هەمان کاتدا، هێزەکانی سۆڤیەت ئیزنی هێرش بۆ سەر هێزەکانی ناتۆیان نەبوو، ئەگەر تووشیان بان. وێدەچێ هەمان فەرمان لە ٢٠٢٢ درابێ. هەردوو ئۆپەراسیۆنەکانی دانوب و Z بە هێرشی هێزی ئاسمانیی بۆ سەر فڕۆکەخانەکان دەستی پێ کرد. لە ١٩٦٨داوا کرا لەبەر “ڕووداوێک” ئیزن بە فڕۆکەی ڕاگواستنی سۆڤیەت بدرێ تا لە فڕۆکەخانەی پراگ بنیشێ. فڕۆکەکە نیشت، هێزی ئاسمانی دابەزی و دەستی بە سەر فڕۆکەخانەکە داگرت و ڕێگای بۆ داگیرکەری دیکە کردەوە تا بەهاسانی دابەزن. ئۆپەراسیۆنی Z  بە هەمان شێوە دەستی پێ کرد. ئۆپەراسیۆنەکە بە بۆمبارانی هێزی ئاسمانی و دابەزین لە فڕۆکەخانە سەرەکییەکان دەستی پێ کرد، لە فڕۆکەخانەی هۆستۆمەل لە نزیک کییەڤ ویستیان ئەو کارە بکەن، بەڵام ئوکراینییەکان دەستبەجێ تەقەیان لێ کردن. لە گرتە ڤیدیۆیەکدا کە هی دەستپێکی هێرش بۆ سەر فڕۆکە خانەیەکی ئوکراینە، یەکەم قۆناخەکانی ئۆپەراسیۆنی Z زۆر وەک ئۆپەراسیۆنی دانوب دەچێ، بە کەڵک‌وەرگرتنی بەربڵاو لە هێلیکۆپتەری ڕاگواستن: کۆنتڕۆڵی فڕۆکەخانەکان بەدەستەوە دەگرن و پاشان هێزێکی زۆر هەر بەو هێلیکۆپتەرانە دێن بۆ ئەوێ. بەڵام هێرشی ئاسمانی ئۆپەراسیۆنی Z چارەنووسێکی زۆر خراپتری لە هی دانوب بۆ مۆسکۆ هەبوو. ئوکراینییەکان بۆ ڕووبەڕوو بوونەوە دەگەڵ هێزی ئاسمانیی ڕووسیە زۆر ئامادەتر بوون. هەرچۆنێک بێ، سەربازی پەڕەشووتدار تا ڕادەیەکی زۆر وەک پۆلیسی مەزن‌کراون کە ناتوانن لەدژی سوپای ئاسایی بوستنەوە. بۆیە جێگای سەرسوڕمان نییە کە لەنێو چوون. ئەگەرچی داگیرکارییەکەی ٢٠٢٢ لە شێوەی ١٩٦٨ بوو، ئامادەکاریی خراپتری بۆ کرابوو. لە هێرشی ١٩٦٨ بۆ سەر چێکوسلاڤاکی، هێزێکی زەبەلاحی ٥٠٠٠٠٠ کەسی لە دوو شەپۆلدا هاتن. لە یەکەم شەپۆل ٢٥٠٠٠٠ کەس هێرش دەبا بەرەو پێشەوە و ئەوی دیکە بە دوایدا دێ، وڵات داگیر دەکا و هێڵی دابینکردنی کەلوپەل دەپارێزێ.

ئۆپەراسیۆنی Z بە ڕێژەیەکی گەلێک کەمتر دەستی پێ کرد. تەنیا ١٩٠-١٦٠ هەزار سەربازی ڕووسی لە کۆتاییەکانی فێبریواری سنووری ئوکراینیان بەزاند. وەک ١٩٦٨، ئەوان بەرە پێشەوە هاتن. بەڵام هیچ شەپۆلێکی دووهەم نەهات تا وڵات داگیر بکا و هێڵەکانی دابینکردنی کەلوپەل بپارێزێ، چونکە شەپۆلی دووهەم لەگۆڕێدا نەبوو. پوتین چاوەڕوانی بەرگریی ئوکراینییەکان نەبوو و پێی وابوو ئەوان تەسلیم دەبن. پوتین و بەشێک لە لێکۆڵەرەوە خۆراواییەکان کاریگەریی کولتووری کارەساتی دۆنباسیان بە کەم گرت کە هاوسۆزیی دەگەڵ ڕووسیەیەی لە خۆرهەڵاتی ئوکراین لەنێو بردبوو. دەسەڵاتداریی ڕووسیە لە دۆنباس مۆتەکەیەکی ڕاستەقینە بوو. تەنانەت دامودەزگای پرۆپاگاندای فەرمیی ڕووسیەش دانی بە لێکدانەوەی هەڵەی ڕووسیە لەمەڕ هەڵوێستی جەماوەریی ئوکراینییەکان دانا. ئەوان بەهەڵە پێیان وابوو ئوکراینییەکان وەک خەڵکی ڕووسیەن و سەربەخۆیی ئوکراین تەنیا شتێکی گاڵتەیە. لە هەمان کاتدا ئەوان بەرەوڕووی خۆڕاگرییەکی سەخت و بڕوابەخۆ بوونەوە. داگیرکاریی لە شێوەی دانوب بە هێزێکی گەلێک کەمترەوە، هەڵە بوو. بۆ؟ چونکە ئوکراینییەکان چاوەڕوانیان دەکرد. ئەوان خۆیان بۆ شەڕی پارتیزانیی و بۆ جەنگ لە نێو جەرگی دوژمندا ئامادە کردبوو. سەرجەم چەمکی هێزەکانی پیادە لە شێوەی لەهستان بۆ ئەو جۆرە جەنگە ئامادە کرابوو. پێشڕەوی سوپای Z  و جێهێشتنی خاکێک لەدوای خۆیان کە داگیریان نەکردبوو دەرفەتی بەڕێوەبردنی ئەو شێوە جەنگەی بۆ ئوکراینییەکان ڕەخساند کە خۆیان بۆ ئامادە کردبوو. لە ئاکامدا، شەڕێکی بەربڵاوی پارتیزانییان دەست پێ کرد کە ستوونی دابینکاری کەلوپەل و سوپای ڕووسیەیان کردە ئامانج. سورپرایزێکی دیکە دژواریی هێرش بۆ سەر هێندێک خاڵ لە شارەکان و بە تایبەت ناوچەی پێشەسازییە، کاتێک بەرگریکارەکان لەسەر خۆڕاگری سوورن. تەنانەت لە چڕترین بۆمبارانەکانیشدا هێندێک کەس زیندوو دەمێننەوە تا بجەنگێن. ماریوپۆل ئەوەی بە باشترین شێوە سەلماندوە.

ڕووسییەکان وێنەیەکی مەترسیدار لە شەڕی هاوشێوەی جەنگی جیهانیی یەکەم لە خۆرهەڵاتی ئوکراین دەدەنە دەست. بەرەی پێشەوەی سوپای Z پەیتا پەیتا هێرش دەکەنە سەر مەتەرێزە قایمەکانی ئوکراینییەکان. ڕووسییەکان زیانێکی زۆریان بەر دەکەوێ بێ ئەوەی بتوانن بچنە پێش، بەڵام فەرماندەکان ئەوان دیسان دەنێرنەوە تا هێرش بکەنەوە. وەک ستێرێلکۆڤ ئاماژەی پێ دەکا. ئێستا ئەوان کێ بۆ ئەو هێرشانە دەنێرن؟ خەڵکی دۆنباس. ئەوان “سوپاگیریی تەوایان” لە دۆنباس و لوهانسک ڕاگەیاندوە و ئەو خەڵکە دەنێرن بۆ هێرش. ئەوە کارێکی زۆر ژیرانەیە. ئەوان سەربازی ڕووسیە نین، بۆیە دەتوانی ڕێژەی فەرمیی کوژراوان لە ئاستێکی نزمتردا ڕاگری.

بڕوانە سەربازەکانی دۆنباس، مرۆڤ بەزەیی پێیاندا دێ. ئەوان ئەرکی قورسی جەنگی خۆرهەڵاتی ئوکراینیان لە ئەستۆیە. دەگەڵ وێنەی چەکدارە پڕ چەکەکانی قەدیرۆڤ لە تیک تۆک بەراوردیان بکە. لەبیرتان بێ، ئەوانی لە وێنەکاندا زۆر جوان دەردەکەون، شەڕ ناکەن. ئەوانەی شەڕ دەکەن لە وێنەکاندا جوان نین. توانایی هێزە سەربازییەکانی ڕووسیە، زۆر زێدەڕۆیی تێدا کرابوو. لە هەمان کاتدا، هێزی ئوکراینییەکان بە شێوەیەکی بەرچاو بە کەم گیرابوون. تەنانەت سترێلکۆڤ بێمەیلانە دانی پیادا نابوو کە “فەرماندە ئوکراینییەکان فرە لێهاتووتر لە هی ڕووسیەکان دەجووڵێنەوە.”

ئوکراین بەئاشکرا مەزنتر لە قەبارەی خۆی دەجەنگێ. ئەو هێزێکی پیادەی جەنگاوەری هەیە کە ورەی بەرزە و دژی سوپای ڕووسیە کە پشتی بە هێزی تۆپخانە ئەستوورە، وەستاوەتەوە. ئەو هێزێکی ئاسمانیی هەیە کە یارمەتی بە شارێکی گەمارۆدراو دەکا بێ ئەوەی کە ڕووسیەکان پێ بزانن و هێرش دەکاتە سەر سوپای ڕووسیە. لە کۆتاییدا، ئوکراین فەرماندەییەکی سەربازیی هەیە کە نە تەنیا ئاگاداری داگیرکاریی ڕووسیە بوو، بەڵکو هەروەها بە دروستی پێشبینی شێوەی هەڵسوکەوتی ئەوانی کرد (هەڵبەت بە گوێرەی مودێلی ڕووسیە) و بەرپەرچدانەوەی کاریگەری ئامادە کردن کە ڕووسیەکان چاوەڕوانییان نەدەکرد. ئێستا کە دەڕوانینە دواوە، هەموو شتێک ماقووڵ دێتە بەرچاو. ئوکراینییەکان لە ٢٠١٤ تووشی شکستێکی بەژان بوون بەڵام تێک نەشکان و هەر شتێک کە لە ناوت نەبا، بەهێزترت دەکا. هیچ شتێک وەک شکستێکی سەرشۆڕانە و هەڕەشەیەکی ژینەکی کە پشتی نەشکاندبی نابێتە هۆی شۆڕشێکی دامەزراوەیی. دیسان، بە ئاوڕدانەوە بۆ دواوە، لاوازیی سوپای ڕووسیە زۆر ماقووڵ دێتە بەر چاو. بۆچی ڕووسیەکان ناتوانن هێزێکی پیادەی باشیان لە ئوکراین هەبێ؟ تا ڕادەیەکی زۆر لەبەر ئەو هۆیە کە هێزێکی پیادەی ئەوتۆ هەڕەشەیەکی سیاسییە بۆ سەر کرێملین. پوتین ئیزن بە سەرهەڵدانی هێزێکی پیادەی خاوەن ورەی بەرز و لێهاتوو نادا.

هەروەها ئەو هەواڵگریە خراپەی پوتین لەمەڕ ئوکراین پێی گەیشتبوو (واتە هەموویان لایەنگری ڕووسیەن)، بە زۆر گرتنی تواناییە سەربازییەکانی ڕووسیە، ماقووڵ دیتە بەرچاو. فەرمانبەرەکان خۆ لە دانی هەواڵی ناخۆش بە دیکتاتۆڕێک دەبوێرن و ئەو شتانەی پێ دەڵێن کە دەیهەوێ بیانبیستێ. ئەو لە بڵقێکی تەواودایە. گیروگرفتی زانیاریی هەڵە لەو بەری جیاوازیی دیکتاتۆریی و دێموکراسییەوەیە. هۆی بەشی هەرە زۆری زانیاریی هەڵە دەگەڕێتەوە بۆ نەریتی هەڵە. ئەفسەرەکان بڕیار و دوکترینە داپەسەپاوەکان ناهێننە ژێر پرسیار و بێگومان داکۆکییان لێ دەکەن تا لەلایەن خەڵکی ئاساییەوە نەیەنە ژێر پرسیار.

جێگای سەرسوڕمانە لێکۆڵەرەوە خۆراواییەکان چەندە سوپای ڕووسیەیان بە زۆر گرت، تەنانەت سەرسوڕهێنەرتریشە کە ئەوان چەندە سوپای ئوکراینیان بە کەم گرت. دنیا هەڵسەنگاندنی سوپای ئوکراینی لە ٢٠١٤ بەولاوە بە تەواوی پاشگوێ خستبوو.

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*