کۆمەڵگەی مەدەنی (چەمک، پڕۆسەی مێژوویی، پێش‌مەرج و بناخەکانی)

شاهۆ مەتین

 

چەمکی کۆمەڵگەی مەدەنی

پڕۆسەی مێژوویی، ڕوانگەکان و تێگەیشتنە جیاوازەکان لە کۆمەڵگەی مەدەنی، پێناسەی جۆراوجۆریان پێ بەخشیوە .

کۆمەڵگەی مەدەنی “civil society” لە بێژەدا، پێک‌هاتووە لە کۆمەڵگە و مەدەنی‌بوون. کۆمەڵگە، کۆمەڵێک لە تاکەکانە کە پەیوەندیی واتادار و کردەوەی دوولایەنە لە نێوانیاندا دێنیتە ئاراوە و بە هەر کۆمەڵێک ناگوترێ کۆمەڵگە. مەدەنییش، ڕیشەی لە مەدەنییەت و شارنشینیدا هەیە و بە شێوەی گشتی ژیانی کۆمەڵایەتیی شار هاوکات لەگەڵ شارەستانییەت دێنێتە بەرچاو. بەڵام لە مانادا چوار پێناسە لە کۆمەڵگەی مەدەنی خۆیان بەرجەستە دەکەن.

١- کۆمەڵگەی مەدەنی بەستێنێکی گشتیی نێوان دەوڵەت و هاووڵاتییە و هەروەها لەم بەستێنە ئەوە بەکارهێنانی هێز لە ڕێگای شارۆمەندانە کە جێبەجێ‌بوونی ئەم دوو جەمسەرە (کۆمەڵگە و دەوڵەت) و ڕێسا و یاساکان دەستنیشان دەکا و هەر تاکێک لە کۆمەڵگە بە مەرجی پاراستنی یاسا، ئیمتیاز و مافی خۆی بە تاک یا گرووپێکی‌تر دەسپێرێ.

٢- کۆمەڵگەی مەدەنی سنووری نێوان چوار بەشی سەرەکیی کۆمەڵگەیە، کە بریتیین لە (ئابووری، سیاسەت، فەرهەنگ و جڤات) کە لەواندا ئەنجوومەنەکانی خۆبەخش، حیزبەکان و گرووپەکان ڕۆڵی بنیاتنەرانەیان لە بوارە جۆراوجۆرەکانی سیاسی، کۆمەڵایەتیدا. هەیە.

٣- کۆمەڵگەی مەدەنی لە هەقداربوون و ئازادبوونی خەڵک دەست پێ دەکا و بە جیابوونەوەی دەسەڵاتەکان شکڵ دەگرێ و پاشان بە پلۆرالیزم لە کۆمەڵگەدا تەواو دەبێت.

٤- کۆمەڵگەی مەدەنی، کۆمەڵەیەک لە دامەزراوەکانی چالاک و ڕێکخراوەی سینفی، کۆمەڵایەتی و سیاسیی یاسامەند و سەربەخۆیە کە ڕوانگەی تاکەکانی کۆمەڵگە بە نیزامی سیاسیی دەسەڵاتدارە و نێوەندگیری دەوڵەت و خەڵکە. بەمجۆرە کۆمەڵگەی مەدەنی، بەستێنێک بۆ ڕێکخستن و ئاسانکاریی پەیوەندیی نێوان دەوڵەت و کۆمەڵگەیە، کە لەلایەک ڕوانگەی خەڵک بۆ دەوڵەت دەگوازێتەوە و لەلایەکی تریش بەرپرسیارێتی و کارکردی شیاوی چاوەڕوانیی دەوڵەت بۆ کۆمەڵگە شۆڕ دەکاتەوە.

 

قۆناغەکانی دامەزراندنی کۆمەڵگەی مەدەنی

پاش ئەوەی کە مڕۆڤ لە وەحشیگەری و ژیانی کێوی هاتەدەر و بە هەر هۆکارێک کۆمەڵگەی ئینسانیی دامەزراند، بەرەبەرە چەمکی کۆمەڵگەی مەدەنی لە تیۆریی سیاسی، کۆمەڵایەتی و فەلسەفیی مرۆڤدا هاتە ئارا و بەردەوام خوێندنەوەی تایبەت و تێگەیشتنی نوێی لێ کراوە و جۆرێک هێرمۆنۆتیک لە ڕاڤەی پڕۆسەی مێژوویی ئەم هزرە دەبیندێ و ئێمە بەو شێوەیە شرۆڤەی چۆنیەتیی شکڵگرتنی ئەم قۆناغە مێژووییە دەکەین:

 

بەرەنجامگیری جیاواز لەبارەی کۆمەڵگەی مەدەنی

١- کۆمەڵگەی مەدەنی وەکوو فەرهەنگێکە. ئەم تێگەیشتنە دوای ڕێنسانس لە ڕۆژئاوا ڕمێنی پەیدا کرد و کۆمەڵگەی مەدەنی وەکوو کۆمەڵگەیەک سەیر دەکرا کە هەڵگری داب‌ونەریت، دامەزراوە، بایەخ و ئانۆمیی تایبەت بە خۆیەتی و هەر کەس و لایەنێک  بیهەوێ بەشێک بێت لەو کۆمەڵگەیە، دەبێ پێبەند بە جێبەجێ کردن ئەم داب‌ونەریتانە بێت.

٢- کۆمەڵگەی مەدەنی وەکوو ئیدۆلۆژییەکە. لەم ڕوانگەیەدا کۆمەڵگەی مەدەنی لە دۆخی فەرهەنگی دێتەدەر و تیۆری و هزری گشتی کە پێویستی و بناخەی تایبەتیی هەیە و، ئارمانج و مەبەست و ئیلهام بە تاکەکانی کۆمەڵگە دەبەخشێ. لەو پێناسەیەدا کۆمەڵگەی مەدەنی بەمجۆرە دەخوێندرێتەوە کە: بەختەوەری و پێشکەوتنی کۆمەڵگە لەسەر دەستی هزری کۆمەڵگەی مەدەنی دەستەبەر دەبێ.

٣- کۆمەڵگەی مەدەنی وەکوو یەک مێتۆد. لەم ڕوانگەیەدا کە لە ئێستاشدا جێگای مشتومڕە، کۆمەڵگەی مەدەنی مێتۆدی حکوومەت‌کردنە و هەر کۆمەڵگەیەک دەتوانێ لە مێتۆدی کۆمەڵگەی مەدەنی کەڵک وەرگرێ و لە ڕاستای گەیشتن بە مەبەست و ئاڕمانجە کۆمەڵایەتی و فەرهەنگییەکانی و هە وەها بە لەبەرچاو گرتنی ئیدئۆڵۆژی ئەو کۆمەڵگەیە کەڵکی پێویست و گونجاوی لێ وەرگرێ.

 

پڕۆسەی مێژوویی هزری کۆمەڵگەی مەدەنی

بە درێژایی مێژوو کۆمەڵگەی مەدەنی لە سێ قۆناغ و بە سێ شکڵی جۆراوجۆر خۆیا بووە:

١- قۆناغی پێش دەوڵەت (Per-State). پێش دروستبوونی دەوڵەت و دوای دامەزراندنی کۆمەڵگەی سەرەتایی تا سەدەی نێوەراست، کۆمەڵگە مڕۆییەکان و ئەنجوومەنە جۆراوجۆرەکان بە مەبەستی دابینکردنی نەزم، ئەمنییەت و یەکگرتوویی جۆربەجۆر خۆیا دەبوون. لەم قۆناغەدا کۆمەڵگەی مەدەنی ژێرخان و دەوڵەتیش سەرخان بوو، و هەموو کات ژێرخان پێش سەرخان جووڵاوەتەوە و هەر ئەم بابەتە هۆکار بووە کە کۆمەڵگەی مەدەنی گەشە بکا و بگرە بانتر له دەوڵەت جێگای سرنج بێت.

٢- قۆناغی بەرامبەر بە دەوڵەت (Anti-State). لەم قۆناغەدا کۆمەڵگەی مەدەنی بەستێنی هێزی کۆمەڵایەتی و هاوسەنگ‌کردنەوە بووە و ئەم هێزە، بەستێنی شکڵگرتنی گرووپە کۆمەڵایەتییەکانی بۆ بەرەنگاری لەگەڵ دەسەڵات دابین دەکرد و کۆمەڵگەی مەدەنی بەرامبەر بە دەوڵەت جێی دەگرت.

٣- قۆناغی دوای دەوڵەت (Post-Stat). دوای قۆناغی مۆدێرن تاکوو ئەمڕۆ، ئەم قۆناغە لە کۆمەڵگەی مەدەنی لە ڕۆژاوا شکڵی گرتوە کە کۆمەڵگەیەکی بێ‌زاڵییەتی دروست بووە و کۆمەڵگەی مەدەنی بەستێنێکە کە ناکۆکییەکان ‌و جووڵە ئابووری، سیاسی، مەزهەبی و کۆمەڵایەتییەکانی لێی بەرهەم دێ ‌و دامەزراوە دەوڵەتییەکان ئەرکیان چارەسەری ئەم ناکۆکییانە ‌و پێکەوەگونجاندنی ئەوانە لەگەڵ یەکتری.

 

خەسڵەتەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی:

هەر چەمکێکی سیاسی، کۆمەڵایەتی و فەلسەفی هەڵگری خەسڵەت و ڕەهەندگەڵێکە کە بۆ ناسینی دروستیی ئەم چەمکە هەڵسەنگاندن بۆ ئەو ڕەهەند و خەسڵەتانە بکەین. کۆمەڵگەی مەدەنییش لەم ڕێسایە بێبەری نییە و لەم دەرفەتەدا هەوڵ دەدەین سەرەتا پێش‌مەرجەکانی بنەڕەتیی کۆمەڵگەی مەدەنی شرۆڤە بکەین ‌و دواتر

بێینە سەر باسی بناغەکانی. لێرەدا پێویستە پێداگری بکەین کە پێش‌مەرجەکان ‌و بناغەکان لە هەرکات ‌و شوێنێک ئیمکانی گۆڕینی هەیە.

پێش‌مەرجەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی چین؟ پێش‌مەرج، بە مانای مەرجی یەکەم و پێشوو دێت، بەو مانایە کە پێش دامەزرانی کۆمەڵگەی مەدەنی تایبەتمەندییەکان و هەلومەرجەکان دەبێ برەخسێن، کە ئەم مەرجانە، هۆکاری پێویست بەڵام ناتەواو بۆ کۆمەڵگەی مەدەنیین. هەڵبەت دەبێ سەرنج بدەینە ئەوە کە لەنێوان پێش‌مەرج و بناغە بنەڕەتییەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیدا جیاوازی هەیە.

 

شەش خاڵی بەدیهێنەری کۆمەڵگەی مەدەنی

دێمۆکراسی/ لە گرینگترین بەستێنەکانی بەدیهێنانی کۆمەڵگەی مەدەنی پەرەپێدان‌ و گەشەی دێمۆکراسی و خەڵک‌سالارییە لە کۆمەڵگەدا. یەکەمین چەمکی جێی باس لە دێمۆکراسیش، سەرچاوەی “ڕەوایی” حکوومەتە، کە لە ئەندێشەی دێمۆکراسیدا ئەم سەرچاوەیە “خەڵکن” و مافی گەلە، کە بە دەسەڵات ڕەوایی ببەخشێ یان نا. هەربۆیەشە دێمۆکراسی مافێکە بۆ خەڵک و دەبێ دەنگ و ڕوانگەی زۆرینەی خەڵک سەرچاوەی ڕەوایی یاسا و دەسەڵات بێ.

ئازادی/ لە سەردەمی نوێدا، لەبارەی ئازادی و لیبرالیسم بۆچوونی زۆر و جۆراوجۆر هەیە. یەکەم، “ڕاست‌لیبرالیزم” ئێستاش لە ڕۆژاوا بەدی نەهاتوە، بەڵام هیندێک “ڕاست‌لیبرالیزم” خۆیان دەرخستوە کە هاوواتای هەموو حەقیقەتەکانی لیبرالیزم نییە.

دووهەم، دەبێ بزانیین کە لیبرالیزم لەگەڵ چەمکی نوێی خۆی کە لە فەرهەنگ و مێژووی ڕۆژاوادا  گەشەی کردوە و دەرکەوتوە، چەمکێکی پێشگر و تەواو بۆ ئازادی کە هەزاران ساڵە لە مێژووی فەرهەنگی مڕۆڤایەتیدا هاتۆتە بەرباس نییە؛ بەڵکوو لە هەر قوتابخان ەو لە هەر فەرهەنگێک ئازادی چەمکێکی نوێیە و ئەم بڕوایە بوونی هەیە کە ئازادی بەرزترین بەخشینە کە خوا بە مرۆڤی بەخشیوە. کەواتە پێویستە جیا لە ڕەهەندی ئابووری، سیاسی و فکریی لیبرالیزم لە چەمکی ئازادی گشتیشدا قسە بکرێ، هەڵبەت ئازادی پێناسە‌ و مەیدانێکی تایبەتی هەیە و تا ئەو شوێنە ڕێز لێ‌گیراوە کە ئازادیی ئەوانیتر پێشێل نەکات. ئازادی بە نێوەڕۆکی ڕاستەقینەی خۆی یەکێک لە پێش‌مەرجەکانی کۆمەڵگەی مەدەنییە و سەربەخۆیی کۆمەڵگەی مەدەنی پێویستیی ئازادی کۆمەڵایەتییە و دەبێ ئازادی لە پەنای یاسا بێ و یاساش پشتیوانی لە ئازادی بکا.

پلۆرالیزم/ یەکێک لە پێش‌مەرجەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، هەبوون و قبووڵی فرەییە، ئەم ئەسڵە بە مانای قبووڵ‌کردنی فرەیی لە ڕوانگە، بڕوا، دین و… هتد، کە خاڵی بەرانبەری ناوەندێتییە.

بەگشتی لە کۆمەڵگەی مەدەنیدا هەوڵەکان لەسەر ئەوە چڕ دەبنەوە کە هێزی سیاسی لە ناوەند بەدوور بێ ‌و بە جۆرێک بڵاو کرابێتەوە کە، هاوسەنگی لە نێوان دەوڵەت و کۆمەڵگەی مەدەنیدا جێگیر بێت. هەر بۆیە پلۆرالیزم لەسۆنگەی جۆراوجۆریی پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکان، جۆری حیزبە سیاسییەکن، ڕاگەیاندن، ئەنجوومەن ‌و ڕوانگە جۆراوجۆرەکان‌ و فرەیی لە مەزهەبدا یەکێک لە پێش‌مەرجەکانی پێویست ‌و بناخەی سەرەکی کۆمەڵگەی مەدەنییە کە، دەتوانێ لەگەڵ خوێندنەوەی دینی دژ یا هاوڕا بێ.

پێکەوە هەڵکردن و ڕوحی لێبووردەیی/ پێکەوە هەڵکردن و لێبوردەیی بە مانای پشوودڕێژی و هەر وەها سەبر و دان بەخۆداگرتن و لە بەرچاو نەگرتنی ناکۆکییە بچووکەکانە و کاتێک کە دێمۆکراسی، ئازادی و پلۆرالیزم قبوول دەکرێ، لێبووردەیی ‌و پێکەوەحەوانەوەش لەنێو کۆمەڵگە و دەسەڵاتدا جێ دەکەوێ.

باوەڕی هاوبەش بە بایەخە ئەخلاقی و کۆمەڵایەتییەکان/ ئەگەر لە کۆمەڵگەیەکدا بەها و بایەخە کۆمەڵایەتییەکان جێگای پەسندی هەموو تاکەکان نەبن، بە هیچ جۆرێک کۆمەڵگە شکڵ ناگرێ کە مەدەنی یا نامەدەنی بێت.

هەر بۆیە یەکێک لە مەرجەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، بڕوامەندی بە بایەخە هاوبەشە ئەخلاقی ‌و کۆمەڵایەتییەکانە و هاوکات کە کۆمەڵگە دەبێ پڵۆراڵ بێ و، پێکەوەحەواونەوە و ئازادییەکان قبوول بکا، بەڵام دەبێ پێبەندی کۆمەڵێک ڕێسا و بایەخ کە بەشێک لە فەرهەنگی ئەو کۆمەڵگەیەیە بێت، کە لە لایەنی زۆرینەی کۆمەڵگەوە قەبووڵ کراوە. هەروەها یەکێکی تر لە مەرجەکانی بەدیهێنانی کۆمەڵگەی مەدەنی، بڕوامەندی بە کەرامەتی مرۆڤە و ئەو مافەی دەبێ لەهەر بارودۆخێکدا پارێزراو بێت.

 

بناخەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی

دوای ئەوەیکە پێش مەرجەکان ‌و بنەما سەرەتاییەکای کۆمەڵگەی مەدەنی بەدی هاتن ‌و بە شێوەی سەرەتایی خۆیان دەرخست، کۆمەڵگەی مەدەنی هەڵگری تایبەتمەندی ‌و بناخە گەڵێک دەبێ کە وردەوردە تێیدا دادەمەزرێ و ئەوانێش بریتین لە: “یاسا سەروەری”، “هاوبەشی”، “دادگەری” و “چاودێری” بە سەر رەفتار و کاروباری دەوڵەت‌دا.

ئەو تایبەتمەندییانە کە دواجار بایەخ و شوناسی هۆوییەتی و مەدەنی وەردەگرن، بە بناخە ناسێنەرەوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی دادەنرێن.

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*