مستەفا مەولوودی: نەخشەڕێی خەباتی حیزبی دێموکرات قەت ناتەبایی لەگەڵ ویستی خەڵکی کوردستان نەبووە

وتووێژ: کاروان مێراوی

بەرایی: کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ٧٦ ساڵ پێش، سەربەخۆییی خۆی و کۆماری کوردستانـی ڕاگەیاندووە و دوای نسکۆی ڕووخانی کۆمار دەستی لە خەبات هەڵنەگرتووە. حیزبە سیاسییەکانی کوردستان پاش کۆماری سەربەخۆی کوردستان، بۆ دەستەبەرکردنی مافی دیاریکردنی چارەنووسی کورد لە چوارچێوەی ئێرانی هەنووکەیی، دروشمی خودموختاری و دواتریش فیدراڵیزمیان دەستنیشان کردووە، ئەوە لە کاتێکدایە کە دەنگی سەربەخۆییخوازی لە کۆمەڵگەی کوردستان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر  و بەرزتر دەبێت. حیزبی دێموکراتی کوردستان ئەم پرسە چۆن لێک دەداتەوە و  چۆن لە داهاتووی سیاسیی ئێران دەڕوانێت؟ خوێندنەوەی بۆ ستراتیژیی هەنووکە و پرسی سەربەخۆیی چییە؟ “کوردستان” لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ کاک مستەفا مەولوودی، جێگری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان ئەو بابەتەی تاوتوێ کردووە و سەرەنجتان بۆ خوێندنەوە ڕادەکێشین.

***

کاک مستەفا با باسەکەمان بەو پرسیارە دەست پێ بکەین؛ پاش ٧٦ ساڵ لە دامەزرانی حیزب، پێتان‌ وایە کە دروشمی ستراتیژیی ئێستەی حیزب لەگەڵ ویست و داخوازییەکانی کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەگونجێت؟

حیزبی دێموکراتی کوردستان لە هەناوی کۆمەڵگەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە دامەزراوە و هەمیشە ویست و داخوازەکانی کۆمەڵگەی کوردیی پێش هەموو شتێک داناوە و مێژووش ئەوە شاهیدییەمان بۆ دەدات. ئەوەی کە بۆ حیزبی دێموکرات گرینگ و ئامانج بووە، بەدەستەوەگرتنی جڵەوی چارەنووسی کورد بە دەستی خۆی بووە. هەر لە سەرەتاشەوە کەسایەتیی پێشەوا قازی محەممەد و ڕێبەریی دوای قازی محەممەد لە حیزبی دێموکراتدا ئاگاداری ویست و داخوازییەکانی کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوون و بۆ دەستەبەری ئامانجەکانی ئەم گەلە خەباتیان کردووە. بەو پێشەکییەوە دێمە سەر ئەو باسەی کە دروشمی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە سەردەمی ئێستەدا بە لەبەرچاوگرتنی هەلومەرجی سیاسی و ژێئۆپۆلێتیکی ناوچە و هەڵکەوتەی ڕۆژهەلاتی کوردستان؛ ژیرانە، واقعبینانە و بەرپرسانەیە. ئەوەی کە حیزبی دێموکراتی کوردستان ستراتیژیی خۆی لەسەر ئەوە دادەنێت کە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە چوارچێوەی ئێرانێکی دێموکراتیکی فیدراڵدا خاوەنی دەسەڵاتی سیاسیی هەرێمی کوردستان بێت و خەڵکی کوردستان لە دەوڵەتی ناوەندییشدا بە ڕێژەی خۆی بەشداریی کارای لە بەڕێوەبردنی وڵاتی ئێراندا هەبێت، لە هەموو ئاستەکاندا ژیرانەیە.

من پێم‌ وایە ئەو دروشمە ژیرانەیە جێگای پەسند و پشتگیریی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیشە، لەبەر ئەوەی کە هەلومەرجی ناوچە و ئێران لەچاو ٧٦ ساڵ لەوەپێش گۆڕانێکی ئەوتۆ و تایبەتی بەسەردا نەهاتووە. خەڵکی ئێران و کوردستانیش ئێستە زیاتر دەرک بە پێکەوەژیانی دێموکراسییانە دەکەن، هەر بۆیە لەگەڵ ئەوەی کە ئەو دەنگە بەهێزە و کورد مافی خۆیەتی خاوەنی کیانی تایبەت بە خۆی بێت، خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەرکیان بەوە کردووە کە دروشمی حیزبی دێموکرات بۆ دابینکردنی دەسەڵاتی سیاسیی کۆمەڵگەی کوردستانە و هەر بۆیە لەو بارەوە نەک ڕوویان لە حیزب وەرنەگێڕاوە، بەڵکوو بۆ هێنانەدیی ئەو دروشمە گونجاوەی ئێستەی حیزب پشتگیریشی دەکەن.

 

باشە، دروشمی ستراتیژیی حیزب چەندە لەگەڵ بارودۆخ و ڕەوشی نێوخۆی ئێران گونجاوە، ئەویش بە لەبەرچاوگرتنی فاکتەرە ناوچەیی و جیهانییەکان؟

ئەو چەمکانە ڕێژەیین و دوگم نین، بەڵام ئەگەر وڵاتی ئێران وەکوو تابلۆیەک بێنینە بەرچاومان، دەبینین کە دروشمی ستراتیژی حیزبی دێموکرات زۆر بەرپرسانە و لەگەڵ ڕەوشی نێوخۆیی وڵات و ناوچەکە گونجاوە. ئێران وڵاتێکی پان و بەرینە، پێکهاتەی دانیشتووانی فرەچەشنە و پێکهاتەیەلی فرە نەتەوەیی، فرە ئایینی و تەنانەت فرە فەرهەنگیی هەیە؛ جیا لەوەش لە باری ژێئۆپۆلێتیکەوە ئێران لە ناوچەیەکی زۆر ستراتیژیی جیهان هەڵکەوتووە، دەوری وڵاتانی زلهێز ئێستەشی لەگەڵ بێت لەو وڵاتەدا حاشاهەڵنەگرە. هێزێکی سیاسیی کارای وەکوو حیزبی دێموکرات بە ئەزموونی ٧٦ ساڵ خەبات و تێکۆشان، ناکرێت ئەو فاکتەرانە و زۆر فاکتەری دیار و نادیاری دیکە بۆ پێکەوەژیانی خەڵکی ئێران لەبەرچاو نەگرێت و ستراتیژیی خۆی لەسەر دانەڕێژێت.

من پێم‌ وایە ئەگەر بەبێ دەمارگرژیی دەسەڵاتی ناوەندی لە تاران لەو ستراتیژییەی حیزبی دێموکرات بڕوانین و بەپێی ویستی گەلانی دیکە لەپێناو دەستەبەرکردی مافی بەرانبەر و وەک یەک بۆ هەمووان لە ئێراندا کاری بۆ بکرێت، وڵاتی ئێران لە زۆر قەیرانی گەورە ڕزگاری دەبێت؛ یەکەم، دێموکراسی لەو وڵاتە چێ دەبێت و خەڵک مافە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانیان وەدی دێن. دووهەم، ئەمنییەتی سیاسی و ئابووریی ئەو وڵاتە دەپارێزرێت و وڵاتی ئێران لە هەڕەشە و چاوی تەماحی نەیارانی پارێزراو دەبێت. سێهەم، جێگرتوویی و سەقامگیریی سیاسی، ئەمنییەتی و ئابووری بۆ خەڵکی ئێران دروست دەبێت. چوارەم، خەڵکی ئێران بەگشتی وەکوو هاووڵاتیی دڵسۆز و بەرپرس خۆیان لەو وڵاتەدا دەبینەوە و بۆ گەشەی وڵات زیاتر تێ‌ دەکۆشن و وڵاتەکە بە هی خۆیان دەزانن و دواجار حکوومەتی دێموکراتیکی ئێران دەبێتە حکوومەتی خاوەن کاریگەر لە ناوچەکەشدا. بۆیە دروشمی ستراتیژیی حیزب کە باس لە وەدیهاتنی مافی هەموو پێکهاتەکانی ئێران بۆ مانەوەی ئەو ئێرانە دەکات، زۆر واقعبینانە و کلیلی چارەسەری کێشەکانی هەنووکەی ئێرانیشە.

 

تاکوو ئێستا چ هەنگاوێک بۆ تیۆریزەکردنی دروشمی ستراتیژیی حیزب هەڵگیراوە و ئەو فیدراڵیزمە کە حیزب کردوویەتی بە بنەمای ستراتیژیی خەباتەکەی، چییە و چۆنتان پێناسە کردوە؟

سروشتییە هەر حیزبێکی سیاسی کە دروشمێک هەڵدەگرێت بۆ دەستەبەرکردنیشی تێ‌ دەکۆشێت، حیزبی دێموکراتی کوردستانیش لە کارکردن بۆ ئەو دروشمە کەمتەرخەم نەبووە. ئەگەر سەیری ڕاگەیاندنەکانی حیزبی دێموکرات بکەین باشترمان بۆ دەردەکەوێت کە حیزب بۆ ئەو مەبەستە چەندە تێکۆشاوە و زۆر و کەم شوێندانەریشی هەبووە، ئەوەش هەست پێ دەکرێت. بەڵام دەزانین لە وڵاتێکی وەک ئێراندا کارکردن بۆ دروشمی لەو چەشنە چەندە دژوارە.

ئێران لە مێژووی خۆیدا حکوومەتی دێموکراتیکی بەخۆیەوە نەدیوە، بەڵکوو ئەو وڵاتە هەمیشە بە دیکتاتۆری و سەرکوتکردنی نەتەوە و گەلانی ئێران بەڕێوە چووە، بۆیە کار بۆ کولتووری پێکەوەژیانی ئاشتییانە و بە بەشداریی هەموو پێکهاتەکان نەکراوە. لە نیزامی پەهلەوی و ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا هیچ بەستێنێکی پێکەوەژیانی ئاشتییانە و بە دێموکراسی دروست نەکراوە، بەڵکوو پڕۆپاگەندەی ئەوان بە جۆرێک بووە کە ئەگەر دەرفەت بە پێکهاتەکان بدرێت ئێران دەبێتە ئێرانستان. ئەوە لەنێو خەڵکی ئاسایی و  تەنانەت لەنێو بژاردەی کۆمەڵگەی ئێرانیدا بە ڕوونی هەستی پێ دەکرێت، بۆیە ئەو ڕوانگەیە لەنێو خەڵکی جیا لە پێکهاتەکاندا لە ئێران دروست بووە کە دەوڵەتی بەهێز و ناوەندگەرا دەتوانێت ئەو وڵاتە بە یەکپارچەیی بپارێزێت. بەڵام کار و تێکۆشانی هێزە سیاسییە دێموکراتیکەکان  کە یەک لەوان حیزبی دێموکراتی کوردستانە، گۆڕانی بەرچاوی لە خوێندنەوەی خەڵکدا دروست کردووە کە باوەڕیان بە نیزامی دێموکراتیک هەبێت و ئەوەش وای کردووە کە لە ئێستەدا کەم نەبن ئەو هێزە سیاسییانەی کە سەقامگیریی وڵاتی ئێران لە نیزامی فیدراڵیدا دەبینن. ئەگەر ڕوونتر بڵێم؛ فیدراڵیزمێک کە حیزبی دێموکراتی کوردستان بۆ ئێران خوازیاریەتی، زۆر ڕوونە. پێکهاتەکان لە هەرێمی خۆیان خاوەنی دەسەڵاتی سیاسی و بەڕیوەبەریی بن و لە دەسەڵاتی سیاسیی ناوەنددا لە هەموو جومگەکان و وەکوو یاسای کارگێڕی، دادوەری، ئابووری و کۆمەڵایەتیدا بەشداریی کارایان هەبێت کە ئەوە دەبێت لە یاسای بنەڕەتیی وڵاتدا بە ڕوونی دیاریکراو بێت.

خۆتان دەزانن دوو حەوتوو لەوەپێش ناوەندی ڕاپرسیی “گمان” ئەنجامی ڕاپرسییەکی بڵاو کردەوە کە لەودا لە ماوەی ١٠ ڕۆژدا ٢٠ هەزار ئێرانی (کە نیزیک بە ١٧ هەزار کەسیان لە نێوخۆی وڵات بوون) بەشدار بوون و لەو ڕاپرسییەدا ١٢ لەسەد لە خەڵکی ئێران خوازیاری سیستەمی فیدراڵی بوون بۆ وڵاتەکەیان. ئەمە ئەگەر بەگشتی وەڵامی تەواو و بارتەقای خەبات بۆ دێموکراسی لەو وڵاتە دیکتاتۆرییەدا نییە، بەڵام ئەو پەیامە ڕوونەشی تێدایە کە ئەگەر هەلومەرج گونجاو بێت، ئەو ئامادەیییە لەنێو خەڵکی ئێران بۆ جێگیرکردنی نیزامی فیدراڵی لەو وڵاتەدا هەیە.

 

هێزە کوردییەکان و یەک لەوان حیزبی دێموکرات لە چەند هاوپەیمانی و بەرەدا بەشدارن کە ئامانجەکەی ئێرانی فیدراڵە، تاکوو چەند لایەنە سیاسییە فارسەکان بۆ ئەو ئامانجە هاتوونەتە پێش؟

من پێم‌ وایە ئەگەر دەرفەت هەبێت و حکوومەتێكی دێموکراتیک لە ئێراندا بێتە ئاراوە، زۆربەی دانیشتووانی ئێران خوازیاری ئەوەن کە لە چوارچێوەی ئێرانێکی دێموکراتیکدا بەیەکەوە وڵاتی ئێران بەڕێوە بەرن، بەڵام ئەگەر بە ڕوونی وەڵامی پرسیاری ئێوە بدەمەوە، حیزبی دێموکرات لە هاوپەیمانیی “کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدرال” و “شۆرای دێموکراسی‌خوازان” و “همبستگی برای آزادی و برابری در ایران” ئەندامە و لەو هاوپەیمانییانەدا بەشدارە. لەنێو ئەو هاوپەیمانییانەدا ڕێکخراو و کەسایەتیی جۆراوجۆری تێدایە بە فارسەکانیشەوە، جیا لەوانە زۆر کەسایەتی و ڕێکخراوی سەرانسەریی ئێرانی هەیە، وەکوو هاوپەیمانی حیزب لەگەڵیان لە هاوپەیمانییەکی دیاردا نییە، بەڵام کە تەرجەمەی سیاسەت و تێڕوانینیان دەکەی بۆ داهاتووی ئێران، ئەوانیش تێ‌ دەکۆشن لە ئێرانی داهاتوودا سیستەمی بەڕێوەبەریی دێموکراتیک و لامەرکەزیی هەبێت و پێکهاتەکانی ئێران لە بەڕێوەبردنی وڵات و ناوچەی خۆیاندا بەشداریی کارایان هەبێت، ئەوەش هەرچەندە خواستی هەموو پێکهاتەکانی وڵات دابین ناکات، بەڵام خۆی هەنگاوێکی ئەرێنییە بۆ ئێرانی داهاتوو. هەروەها لەگەڵ ئەوەدا کە سیستەمی فیدراڵی خۆی پێناسەی تایبەت بە خۆی هەیە، بەڵام مەرج نییە دەقاودەق فیدراڵیزم لە هەموو وڵاتان وەکوو یەک جێبەجی بکرێت. هەلومەرجی ناوچەکە و وڵات، کولتووری جیاوازی پێکهاتەکان و لامەرکەزیی هەموویان دەور دەبینن، بەتایبەت لە وڵاتێکی وەک ئێراندا کە ئەو جۆرە لە سیستەمی حکوومەتێکی ئەزموون نەکراوە و خەڵکی ئەو وڵاتە پێی ڕانەهاتوون. بۆیە نابێت یەک ڕۆژە چاوەڕوان بین باشترین نیزامی فیدراڵی لەو وڵاتە جێگیر بکرێت، بەڵکوو پێویستە کاری بۆ بکرێت، کاتی بدرێتێ و فەرهەنگسازیی بۆ بکرێت.

 

ئەو یەکیەتییەی لەو ڕێککەوتن و هاوپەیمانییانەدا باسی لێ کراوە و بناغەی ئێرانی فیدراڵی داهاتووی لەسەر داڕێژراوە، ئایا یەکیەتییەکی ئارەزوومەندانەیە؟ چ گەرەنتییەک هەیە کە ئەگەر هەر کام لە نەتەوەکان بیهەوێ داوای سەربەخۆیی بکات، هێرش نەکرێتە سەری؟

دروستکردنی نیزامی فیدراڵی لەنێو گەلان و پێکهاتەکاندا حەتمەن دەبێت ئارەزوومەندانە بێت. نیزامی فیدراڵی ئەگەر ئارەزوومەندانە نەبێت، هەر نایەتە ئاراوە و دروست نابێت. هەر سیستەمێکی فیدراڵی بەپێی یاسای بنەڕەتی کە دەنووسرێتەوە، چوارچێوەی نیزامی فیدراڵ و مافی پێکهاتەکانی لە دەوڵەتی فیدراڵیدا دیاری دەکات، هەروەها نەخش و دەور و کاریگەریی پێکهاتەکان لە ئیدارە و بەڕێوەبەریی هەرێمی خۆیان لە دەوڵەتی فیدراڵی یان بەشداریان لە دەوڵەتی ناوەندیدا بەتەواوی ڕوون دەکاتەوە و وەک گرێبەستێکی کۆمەڵایەتیی نێوان خەڵک، پێکهاتەکان و دەوڵەت لە چوارچێوەی نیزامی فیدراڵیدا دەنووسرێتەوە. ئەگەر هەموو پێکهاتەکان پایەبەندی ماددە و بەندەکانی یاسای بنەڕەتی بن، یاسا وەک ئەوەی کە هەیە و لە سەری ڕێک‌ کەوتوون جێبەجێ بکرێت، ئەمن پێم ‌وایە ئەو گریمانانە دەڕەونەوە، چونکە لەڕاستیدا نیزامی فیدراڵی بۆ بەیەکەوەژیانی ئارەزوومەندانەی پێکهاتەکانە؛ نەک بۆ دابڕان و لێک جیابوونەوە.

بەڵام بۆ ئەوە کە چ گەرەنتییەک هەیە، لە ڕوانگەی منەوە تەنیا گەرەنتی پێبەندبوون بە یاسای بنەڕەتیی وڵات، بە ڕەچاوکردنی مافی هەموو پێکهاتەکانە، ئەگەر ئەوە ڕەچاو بکرێت، ڕەنگە شتی وا ڕوو نەدات. بەڵام بۆ حاڵەتی وا دروستە لە یاسای بنەڕەتیدا ئەوە ڕەچاو بکرێت، ئەگەر بە هەر هۆیەک پێکهاتەیەک یان چەند پێکهاتە ئارەزوویان کرد کیانی سیاسیی سەربەخۆیان هەبێت بە یاسای بنەڕەتی و بەپێی مێکانیزمی دێموکراتیک دەبێت ڕێگەپێدراو بن. بەڵام لەڕاستدا من ئەو ئامادەیییە لە حاڵەتی ئێستەدا بۆ پێکهاتەکانی ئێران زۆر بە زەحمەت دەبینم، بەڵام سروشتییە نەتەوەیەک ئەگەر لە نیزامێکی سیاسیدا وستەکانی نەیەتە دی، خەباتی بۆ دەکات.

 

هتا دێ پرسی سەربەخۆییخوازی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان تۆخ و تۆختر دەبێتەوە و نەک هەر لەنێو توێژی ڕووناکبیر، بەڵکوو لەنێو هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگەدا پەرەی سەندووە؛ ئەگەر ویستی سەرەکیی خەڵک لە ئەگەری هەر گۆڕانکارییەکدا سەربەخۆیی بێت، حیزبی دێموکرات چ پلانێکی بۆ ئەو ویستە دەبێ و ئەو هەلە چۆن دەقۆزێتەوە؟

ئەوەی کە لەنێو خەڵکی کوردستان و بەتایبەت خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پرسی سەربەخۆییخوازی تۆخ و تۆختر دەبێت ئەوە شتێکی زۆر سروشتییە و لە مێژووشدا خەڵکی کوردستان بۆ سەربەستی خەباتی کردووە. من لام وایە هێزە سیاسییەکانی کوردستان و بەتایبەت هێزێکی شوێندانەری وەک حیزبی دێموکرات بەتەواوی دەرکی بەوە کردووە. ئەگەر سەرنج بدەینە ئامانجی حیزبی دێموکراتی کوردستان، دەڵێت ئامانجی ئەو حیزبە بەدیهێنانی مافی دیاریکردنی چارەنووسی نەتەوەی کوردە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان؛ ئەگەر وایە ئەوە بە هیچ جۆرێک لە خوێندنەوە و ڕوانگەی حیزبدا ون و شاراوە نەبووە و نییە.

سروشتییە هەر حیزبێکی سیاسی لە گۆڕەپانی خەبات و سیاسەتکردندا یەکێک لە گرینگترین فاکتۆرەکانی بایەخدان بە ڕوانگە و ویستی خەڵکە. ئەگەر وا نەبێت ناتوانێت گەشە بکات و ببێتە حیزبی خەڵکی و جەماوەری، بەڵام خۆ حیزبی سیاسی هەر ئەرکی ئەوە نییە تەنیا گرینگی بە ویست و ئارەزووکانی خەڵک بدات؛ بەڵکوو پێویستە لە هەموو ڕەهەندەکانەوە بڕوانێتە بابەتەکان و حیساب بۆ ژئۆپۆلێتیک و هەلومەرجی سیاسیی ناوچە و هەرێم و ئەو وڵاتەش بکات کە چالاکی تێدا ئەنجام دەدا، خوێندنەوەی واقعبینانەی بۆ زەرفییەتەکان و دەرفەتەکان و تواناکان هەبێت، ئەوەش بە وردی بۆ خەڵکی ڕوون بکاتەوە.

 

بە ڕوونی حیزبی دێموکرات چۆن لە بابەتە دەڕوانێت؟

من پێم‌ وایە حیزبی دێموکرات لەو بارەوە کەمیی نەهێناوە، لەگەڵ ئەوەی دانی بە مافی ڕەوای خەڵکی کوردستاندا هێناوە، بە پیرۆزیشی دەزانێت. ئەوە لە سیاسەتی فەرمیی حیزبدا بە ڕوونی دیار و حاشا هەڵنەگرە، بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی هەلومەرجی ناوچە، زەرفییەت و دەرفەت و تواناکانی ئەو حیزبە هاتووە بۆ بەدەستهێنانی مافی خەڵکی کوردستان دروشمێکی واقعبینانەی هەڵگرتووە و ستراتیژیی دروستی داڕشتوە. هەر بۆیە خەڵکی کوردستان لە هەموو چین و توێژەکان لە دەوری حیزبی دێموکرات کۆ بوونەوە و تێچووی ئەو خەبات و تێکۆشانەشیان گرتووەتە ئەستۆی خۆیان. ئەمن لام وایە هیچ ‌کات جیاوازییەکی بنەڕەتی لەنێوان ویستی سەرەکیی خەڵکی کوردستان و ستراتیژی و دروشمی حیزبی دێموکرات نایەتە ئاراوە؛ حیزبی دێموکرات ئەو باگگراوند و زەرفیەتەی هەیە و ئەگەر هەلومەرجی وا بێتە ئاراوە بە جۆرێک ستراتیژیی خۆی دادەڕێژێت کە جێگەی پەسن و پشتیوانیی خەڵکی کوردستان بێت و لەوە سڵ ناکاتەوە. بە واتایەکی دی نەخشەڕێی خەباتی حیزبی دێموکرات قەت ناتەبایی لەگەڵ ویستی خەڵکی کوردستان نەبووە، بۆ نموونە هەموومان دەزانین کە هەتا ساڵی ١٣٨٣ی هەتاوی، دروشمی حیزبی دێموکرات، دێموکراسی بۆ ئێران و خودموختاری بۆ کوردستان بوو و لە کۆنگرەی ١٣ی حیزب ئەو دروشمە گۆڕاوە بە دامەزرانی سیستەمێکی فیدراڵی لە چوارچیوەی ئێراندا.

 

د. قاسملوو نزیک بە سێ دەیە پێش لە وتووێژ لەگەڵ نوێنەرانی ڕێژیم و لە زۆر وتووێژی دیکەشدا دوتوویەتی؛ “گەرەنتیی ئەوە ناکرێ کە نەوەکانی داهاتوو خۆدموختارییان بوێت و داوای سەربەخۆیی نەکەن”. پێتان وا نییە ئێستە کاتی ئەوە هاتووە کە ئالوگۆڕ بەسەر دروشمی ستراتیژیی حیزبدا بێنن؟

دوکتور قاسملوو کەسایەتییەکی سیاسیی شارەزا و کۆمەڵناسێکی وردبین بوو و لەسەر ئەرزی واقع سیاسەتی کردووە. ئەو کات کە ستراتیژیی سیاسیی حیزبی داڕشتووە و ئەوە دروشمەی بۆ حیزبی دێموکرات دەستنیشان کردووە، زۆر بە جوانی دەرکی بە ڕاستییەکان کردووە. بە لەبەرچاوگرتنی هەلومەرجی ئێران و کوردستان، سیاسەتی بۆ نەوەی ئەو سەردەمە کردووە و لەگەڵ ئەوەی کە باوەڕی بە مافی چارەنووسی خەڵکی کوردستان بە شێوەی کیانێکی سەربەخۆ و تەواو هەبووە. ئەوەش کە وتوویەتی گەرەنتیی ئەوە ناکرێت کە نەوەکانی داهاتوو خودموختارییان بوێت و داوای سەربەخۆیی نەکەن هەر لەو ڕاستییەوە سەرچاوە دەگرێت. دوکتور قاسملوو کەسایەتیی سیاسیی سەردەمێک بووە و وای لێک داوەتەوە کە دروشمی دێموکراسی بۆ ئێران و خودموختاری بۆ کوردستان بۆ ئەو کات گونجاو بووە، بەڵام مەرج نییە بۆ نەوەکانی داهاتووش گونجاو بێت، بەتایبەت بەڕێزیان زۆر باش دەرکی بەوە دەکرد کە دنیا لە گۆڕانکاریدایە و ئەو ئیمکانە بەهێزە لە داهاتوودا زەرفییەتەکان و دەرفەتەکان و تواناکان بگۆڕدرێن و هەلومەرج بە جۆرێک بێت کە کورد بتوانێت یان بیهەوێ بە شێوەیەکی دیکە چارەنووسی سیاسیی خۆی دیاری بکات. ئەوە هەر لە حیزبەکەی دوکتور قاسملوودا ڕووی داوە و ئەگەر بۆ ماوەی نیزیک بە سی ساڵ دروشمی حیزبی دێموکرات “دێموکراسی بۆ ئێران و خودموختاری بۆ کوردستان” بوو، بەڵام لە ساڵی ١٣٨٣ی هەتاویدا حیزبی دێموکرات ئەو دروشمەی گۆڕی. جیا لە حیزبی دێموکرات، چەند حیزبی دیکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و تەنانەت پێکهاتەکانی دیکەی ئێران ئێستە ئەو دروشمەیان بەرز کردووەتەوە و هیچ دوور نییە لە داهاتوودا گۆڕان لەو دروشمەشدا بێتە ئاراوە.

 

هەر وەک دەزانن لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا فیدراڵیزم بە پرسی نێوخۆیی وڵاتان دادەنرێت و پرسی کوردیش بەپێی پێوەرە نەتەوەییەکان، پرسێکی نێونەتەوەیی و نێودەوڵەتییە. بە بۆچوونی بەڕێزتان بە مەبەستی ڕاکێشانی پاڵپشتیی بەرفراوانی نێودەوڵەتی بۆ بزوتنەوەی ڕزگاریخوازانەی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵات، باشتر نییە لەباتی فیدراڵیزم مافی دیاریکردنی چارەنووس بکرێت بە بنەمای ستراتیژیی خەباتی حیزب و بزووتنەوەی ڕۆژهەڵات بەگشتی؟

پرسی کورد بە دوو خوێندنەوە دەتوانێت پرسێکی نێونەتەوەیی و نێودەوڵەتی بێت، هەروەها دەتوانێت پرسی نێوخۆی وڵاتێک دیاریکراویش بێت. بۆ؟ یەکەم؛ کوردستان و خەڵکی کوردستان بەداخەوە بەبێ ئیرادەی خۆی بە سەر چوار وڵات و زیاتریشدا دابەش کراوە، نەتەوەیەکی خاوەن نیشتمان و بە ڕادەیەکی زۆر دابەش دابەش کراوە، بەو خوێندنەوەیە کە نەتەوەیەک لەنێو چوار وڵاتدا بەش کراوە پرسێکی نێونەتەوەیییە و مادام لەنێو چوار دەوڵەتی قانوونیدایە پرسێکی نێو دەوڵەتانیشە. بۆیەشە هەر بزووتنەوە و چالاکی لەنێو ئەو نەتەوەیەدا لەنێو ئەو دەوڵەتانە بێتە ئاراوە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ کاریگەریی نێونەتەوەیی و نێودەوڵەتی و بەتایبەت لە باری سیاسی و ئەمنییەتی و کۆمەڵایەتی و کولتووریشی لە ناوچەکەدا لێ ‌دەکەوێتەوە، هەر ئەوەش بەداخەوە پرسی کورد زۆر پێچەڵاوپێچ و ئالۆز کردووە. بەڵام بە خوێندنەوەی قانوونی دەبێت پرسی کورد لە هەر کام لە وڵاتەکان بە جیا و وەکوو پرسی سەربەخۆی کورد لەو وڵاتە ئەژمار بکرێت و خوێندنەوە بۆ بکرێت و پرسی گەلی جۆراوجۆری خەڵکی ئەو وڵاتەش لەسەر پرسی کورد کاریگەریی هەیە. لەبەر ئەوەی پرسە جۆراوجۆرەکانی سیستەمی حکوومەتی لەو وڵاتانە و پێوەندیی کۆمەڵایەتی لەنێو پێکهاتەکان لەنێو ئەو وڵاتانە و بەیەکەوەیە. بۆیە لێرەدا واقعبینانە دەبێت پرسەکەدا ببینین و سەیری بکەین. خوێندنەوە لە سیاسەتی حیزبەکانی شوێندانەر کە پرسی کوردیش لە هەموو بەشەکان هەر بەو جۆرەیە و کەوتوونە نێو گەمە سیاسییەکانی ئەو وڵاتەوە، حیزبی دێموکراتیش بە دروشمەکەیەوە دیارە هەر وای سیاسەت کردووە و دەیهەوێت لە چوارچێوەی وڵاتی ئێراندا چارەسەری پرسی کورد بکرێت.

ئەمن لام وایە لە هەلومەرجی ئێستەدا ئەو ڕێگایەی گیراوەتە بەر دروستە کە کورد لە هەر کام لە بەشەکان کار و تێکۆشانی سیاسی دەکات بۆ بەدەستهێنانی مافی چارەنووسی خەڵکی کوردستان لەو بەشەدا، جا بە هەر جۆرێک هەلومەرج دەرفەتی پێ بدات، بەو شێوەیە ویستەکانی داوا دەکات لە چوارچێوەی ئەو وڵاتەدا کە ئێستە تێیدا دەژی، جا بە شێوەی لامەرکەزی بێت، خودموختاری و ئۆتۆنۆمی بێت یان فیدراڵی و کۆنفیدراڵی. بۆ ئەوەش دەکرێت هەرێمی کوردستان لە باشوور وەکوو نموونە بهێنینەوە کە تەنانەت بیر لەوە کراوەتەوە لە ڕێگەی ڕاپرسی و ڕیفراندۆمیشەوە بە ئاشتییانە بە سەربەخۆییی سیاسیی تەواوی خۆیان بگەن، بەڵام ئەگەر لە ئێستەدا کورد لە هەموو بەشەکان بۆ ئەو ویستە خەبات بکات ڕەوایە، حەقە، بەڵام لام وایە چالنج و کۆسپی زۆر دێتە سەر ڕێگە و ڕەنگە لەبەری دەرنەچێت، جیا لەوەش هەلومەرجی نێودەوڵەتی و هەرێمیش بۆ ئەوە وەکوو پێویست گونجاو و ئامادە نییە.

 

لە فەسڵی یەکەمی بەرنامە و پێڕەوی ناوخۆی حیزبدا ئاماژە بە دامەزراندنی کۆماری کوردستان لە چوارچێوەی ئێرانێکی دێموکراتیک – فیدراڵدا کراوە، چۆن دەکرێت حکوومەتێکی کۆماری لە چوارچێوەی وڵاتێکی فیدراڵدا پێک بهێندرێت؟

ئەو دروشمە لە کۆنگرەی ١٤ی حیزبی دێموکراتدا پەسند کراوە. لە ڕوانگەی منەوە مادام لە چوارچێوەی سیستمی فیدراڵیدا شکڵ و شێوەی حکوومەتی هەرێم لە کوردستان پێناسە دەکات کێشەیەکی یاسایی و حقووقی دروست ناکات، لەبەر ئەوەی کە حیزبی دێموکراتی کوردستان ئەوەی پەسندی کردووە لە چوارچێوەی نیزامێکی فیدراڵیدا دەستنیشانی شکڵی حکوومەتی کوردستان دەکات لە شێوەی کۆماریدا، ئەوەش لە دەورانێک لە مێژوودا لە کاتی یەکیەتیی سۆڤییەتدا نموونەی هەبوو و لە چوارچێوەی فیدراسیۆنی یەکیەتیی سۆڤییەتدا ١٥ کۆماری خودموختار هەبوون و کێشەیەکی سیاسی و حقوقیشی بۆ ئەو وڵاتە دروست نەکردبوو. یانێ یەکیەتیی سۆڤییەت بەپێی یاسای نێودەوڵەتی دەوڵەتێکی سەربەخۆ بوو و لە نەتەوە یەکگرتوویەکاندا یەک نوێنەری فەرمیی هەبوو، بەڵام لە نێوخۆیدا ١٥ کۆماری هەبووە و لەنێو ئەو کۆمارانەدا ناوچە و هەرێمی خودموختار و خۆبەڕێوەبەری دیکەش هەبوون. کەوایە ئەوە شتێکی ئەزموونکراوە و هیچ کێشەیەکی حقوقی دروست ناکات.

 

کاک مستەفا وەک پرسار کۆتایی؛ بەپێی ڕەوتی ڕووداوەکان و گۆڕانکارییەکانی بەردەم، ئاسۆی پرسی کورد لە ئێرانی داهاتوو چۆن دەبینن؟

مێژووی کورد پێمان دەڵێ کە بە درێژاییی مێژوو کورد بۆ مافەکانی خۆی خەباتی کردووە و ئەو نەتەوەیە سەرەڕای هەموو کەند و کۆسپێک لە تێکۆشان نەوەستاوە، ئاکامی ئەو خەبات و تێکۆشانە سەرەڕای هەموو دژوارییەکان سەلماندنی کورد و خەبات و ویستە ڕەواکەی بووە. پرسی کورد لە ئێستەدا لە هەموو کات زیاتر وەکوو بابەتێکی هەستیار لە ناوچەکەدا وەک فاکتەرێکی بەرچاو خۆی دەرخستووە و لە هەموو بەشەکاندا بزووتنەوەی ڕەسەن و هەمەچەشنی کورد لە ئارادایە. لە بەشێکی کوردستان واتە لە باشوور و ڕۆژاوای کوردستان بابەتە زۆر دیار و هەستیارە، بە جۆرێک پێوەندی پەیدا کردووە بە بابەتە گرینگ و هەستیارەکانی وڵاتی عیراق و سوورییە و لەنێو دەوڵەتەکان و تەنانەت هاوپەیمانان کاری لەسەر دەکەن. لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش بزووتنەوەی سیاسیی کورد لە ئاستی دیار و بەرچاو لە ئارادایە.

خۆ ئەگەر بە ڕوونییش بێینە سەر ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە چەند هۆکار پرسەکە هەستیارتر و دیارترە. خەڵکی کوردستان بە شێوەی جۆراوجۆر لە خەباتدان و ئەو خەباتەش هەمەچەشنە، بەتایبەت خەباتی مەدەنی لە ڕۆژهەڵات پڕ دیارە. کورد ئێستە خاوەنی هێزی سیاسیی بەئەزموون و بەتوانا و بە بەرنامەیە کە یەک لەوان حیزبی دێموکراتی کوردستانە، هەر ئەوە وای کردووە و ئەو ڕاستیە بۆ زۆر لایەن دەرکەوتووە کە خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان سیاسیتر و بەرچاوڕوونتر بۆ داهاتوو دەڕوانن. بێجگە لەوەش هەلومەرجی ئێران زۆر هەستیار و قابیلی گۆڕانە، بۆیە ئومید زیاترە لە جاران بە ئەوەی کورد لە ئەنجامی تێکۆشانی بەردەوامی خۆی بە ئامانجەکانی بگات کە هیوادارم هەرچی زووتر خەباتی پڕتێچووی کوردستان بە ئامانجەکانی خۆی بگات.

 

کاک مستەفا زۆر سپاس کە سەرەڕای پڕکارییەکانی ڕۆژانەتان کاتتان بۆ ئەو وتووێژە تەرخان کرد.

دەستی ئێوەش خۆش بێت و ماندوو نەبن.

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*