بەڕێوەچوونی سمینارێک لە پێشوازی ٢٢ی خاکەلێوە، ساڵیادی دامەزرانی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان

بەمەبەستی بەرز راگرتنی ٧٩یەمین ساڵیادی دامەزرانی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، سەرلەبەیانی ڕۆژی پێنج‌شەممە ١٧ی خاکەلێوە بەشی ئاموزشی یەکیەتیی لاوان سمینارێکی بۆ بەڕێز دوکتور ئیسماعیل بازیار لەژێر ناوی “لاوان و بەرپرسیاریەتی لە تێکۆشاندا” بۆ بەشێک لە لاوانی نێو ڕیزەکانی شۆڕش پێک هێنا.
سەرەتای سمینارەکە بە ساتێک وەستان بۆ گیانی پاکئ شەهیدان دەستی پێکرد، پاشان پێشەوا عەلی‌پوور سکرتێری گشتیی یەکیەتیی لاوان باسێکی کورتی پێشکەش کرد؛ بەڕێز عەلی‌پوور بە ئاماژەدان بە دۆخی هەستیاری ئێستای لاوان لە کۆمەڵگاکاندا و کەمڕەنگبوونی هەستی بەرپرسیاریەتی بە گشتی، باسی لە بەدواداچوونی ڕێکخراوە جیهانییەکانی تایبەت بە لاوان کرد کە لە هەوڵی دۆزینەوەی مێکانیزمی نوێن بۆ چارەسەریی ئاریشەکانی لاوان و هەروەها وتی کە ئەمڕۆ ڕۆژی پێهەڵگوتن بە کاری یەکیەتییەکەمان نییە، بەڵکوو ڕۆژی پەنجەدانانە لەسەر کێشە و ئاریشەکان.
سکرتێری گشتیی یەکیەتیی لاوان هەروەها ئاماژەی بە قۆناغەکانی چوونە ناو کۆمەڵگا و هەڵگرتنی بەرپرسیاریەتیی هەر لە بنەماڵەوە تا مەدرەسە و خوێندنگا و شاردا کرد .
پاشان بەڕێز دوکتور ئیسماعیل بازیار باسەکەی سەبارەت بە ” لاوان و بەرپرسیاریەتی لە تێکۆشاندا” پێشکەش بە بەشداربووان کرد.
بەڕێز بازیار سەرەتا باسی لە بەرپرسیاریەتیی تاک لەهەمبەر خۆی و پاشان ئەندامانی بنەماڵە و نیشتمان کرد و وتی: “مرۆڤ بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتییە و دەبێ مافی دەوروبەرەکەی بپارێزێ و تەنانەت بەرپرسیار بێ لەهەمبەر ئەندامانی بنەماڵە و کۆمەڵگا و تەنانەت نیشتمانەکەی. بەرپرسیاریەتیی لەهەمبەر نیشتمان بەتایبەت بۆ نەتەوەیەکی خاک داگیرکراو، سەرەکی‌ترین شێوازی بەرپرسیاریەتییە و نمونەکەشی شەهیدانی ژینگەی مەریوانن کە گیانی خۆیان بۆ پاراستنی ژینگەی نیشتمان بەخشی.”
بەڕێز بازیار لە درێژەی باسەکەی‌دا چەند نموونەیەکی لە هەڵوێست و بەرپرسیاریەتیی لاوانی ڕۆژهەڵات لە جووڵانەوەی میللی دێموکراتیکی کورد بە پێشەنگی حیزبی دێموکرات هێنایە گۆڕێ؛ بۆ نموونە ئەو لاوانەی دوای نسکۆی کۆماری کوردستان حیزبی دێموکراتیان ژیاندەوە، هەروەها دروستکردنی ڕێکخراوی لاوانی گوند و پێکهێنانی میتینگی جۆراوجۆر و هەروەها بزووتنەوەی چەکدارانەی ساڵەکانی ٤٦-٤٧ بە پێشەنگایەتی لاوان.
شایانی باسە کە دوکتور بازیار هەروەها چەند نموونەیەکی لە تێکۆشان و بەرپرسیاریەتیی لاوان لە وڵاتانی جۆراوجۆردا وەک شۆڕشی خویندکارانی فەڕانسە لە ساڵی ١٩٦٨ و ڕاپەڕینیان دژی بەها و نۆرمە کۆنەکان و بزووتنەوەی سیاهکەل لە ئێران دژی ڕێژیمی حەمەڕەزا شا، خستە بەر باس و دواتر بە ڕا و سەرنجی بەشداربووان پاش دوو کاتژمیر سمینارەکە کۆتایی پێهات.

 

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*