درێژەی دادگای حەمیدی نووری (عەبباسی) جەنایەتکار

بەشی سێیەم
لە حەتووی ٢٤مین دادگای حەمیدی نووری (عەبباسی) جەنایەتکار دا، جەلەسەکانی ٦٠ لە ڕۆژانی دووشەممە ٢٤ ی ژانویەی ٢٠٢٢ (٤ی ڕێبەندانی ١٤٠٠)، ٦١ سێ شەممە ٢٥ ی ژانویە (٥ی ڕێبەندان) و ٦٢ پێنج شەممە ٢٧ ی ژانویە (٧ی ڕێبەندان) لە داداگای ناوەندیی ستۆکهۆڵم بەڕێوە چوون.
لە جەلەسەی ٦٠ دا، “امیر هوشنگ اطیابی” شاهیدی یەکەمی ئەم حەوتوویە لە سەعاتی ٩ و ١٥ دەقیقە دەستی پێکرد. ناوبراو بە تاوانی ئەندامیەتی لە ڕێکخراوی لاوانی حیزبی توودەی ئێران لە ڕەشەممەی ١٣٦٢ (١٩٨٤) دا، و درێژەدانی تێکۆشانی دوای هەڵوەشانەوەی ڕاگەیاندنی و نایاسایی بوونی حیزبی توودە، گیرابوو.
ئەو حیزبە لە مانگی گوڵان (بانەمەڕی) ١٣٦٢ی ھەتاوی (١٩٨٣) زایینی دا، هەڵوەشاوە و نایاسای کرا. بە پێی ڕاگەیاندراوی “داد ئەستێن”ی دەبوو ئەندامان و چالاکانی خۆیان ڕادەست کربا، “ئەتیابی” کە ساڵی ١٣٥٩ی ھەتاوی دوای “شۆڕشی فەرهەنگی” لە زانستگە دەرکرابوو، تێکۆشانی خۆی هەتا کاتی گیرانی، درێژە دابوو.
“ئەمیر هووشەنگ” کە دوای داخرانی زانستگە، کاری بەرقی و یەخچاڵی دەکرد و ژیانێکی نیوە نهێنی هەبوو، لە کاتی گیران و ماوەی لێپرسین (بازجویی) دا، تووشی ئەشکەنجە و ئازارێکی زۆر بەتایبەتی کابڵ لیدان، لە ژیر زەمینی بەندی ٢٠٩ ی “ئەوین” ببوو. ساڵی ١٣٦٤ی ھەتاوی، دوای “دادگا”ییەکی ١٠ دەقیقەیی دا، حوکمی ١٠ ساڵ زیندانیان پێ ڕاگەیاندبوو.
ئەو کوتی: لاقەکانم بریندار بوون و خوێن دەمیزتم. بردیانمە بێهداریی و دوای برینپێچی، چوومەوە ژێر ئەشکەنجە. لاقەکانم ڕەش هەڵگران و بێهۆش بووم. لەگەڵ زۆر کەسی دیکە لەو بێهدارییە هاوچارەنووس بووین.
“ئەتیابی” پتر باسی بەرپرسانی سەرووی زیندان و بیروبڕوایان بۆ شکاندنی بەرگرییەکان لە بەندیخانەکانی”ئەوین”، “قزڵحەسار” و “گوهەردەشت” دەکرد. بەندەکانی چووکە و حەشیمەتی زۆر، ئەشکەنجەی چەند جاری پێش ئیعدامەکان، شین و گریانی ژنان و لێ ستاندنی منداڵێک لە دایکێک، بردنی خۆی بۆ لای “هەیئەتی مەرگ”، کەڵک وەرگرتن لە سەرە قوتووی شیر وەک ئاوینەی بۆ خۆ لەبەر دیتن، خۆ هەڵداشتنی بەندکراوێکی موجاهیدین لە نهۆمی ٣ ڕا، هەڵگرتنی لەشی تێکشاوی بە “برانکارد” لە ژێر بێ ڕێزییەکانی “ناسریان”ی جەللاد دا، بە “مۆڕس” یەکتر ئاگادارکردنی زیندانییەکان لە کوشتارە بە کۆمەڵەکان و …ھتد
دوو شتی زۆر جێی سەرنجی دادگا، کە ناوبراو باسی کردن بریتیبوون: لە یەکەم: دیتنی فڕێدانی ئێعدام کراوەکان بۆ نێو ماشێنە یەخچاڵییەکان، کە بە دوو کەس دەست و لاقیان دەگرتن و ١، ٢، ٣، لەسەریەکیان کەڵەکە دەکرن. دووھەم : ڕۆژ ژمێرێکی کە لە زیندان هەیبوو، ڕۆژانی کارەساتەکە و ژمارەی ماشێنە گەورەگانی بۆ بارکردنی تەرمە خوێناوی و گیان لێ ئەستێندراوەکان تۆمار کردبوو و پێشتریش لە لێپرسینەکانی پۆلیس کۆپی دابوونێ، و ئامادەبوو ئەسڵەکەشیان بۆ تاقیکاری پێویست بداتێ.
بۆ ئێعدامەکان شەو و ڕۆژیان نەبوو، شەممە ١١ی گەلاوێژ، جێژنی “غەدیر” و پشوو بوو. چوار شەممە ١٢ی گەلاوێژ ٢ کامیۆن (ماشینی گەورە)، دووشەممە ١٧ ی گەلاوێژ٢، چوارشەممە ١٩ی گەلاوێژ ٢، هەینی (جومعە) ٢١ی گەلاوێژیش تەرمیان بار کردن ٢ ماشێنی گەورە، ٢٥ ی گەلاوێژ دواین ڕۆژی ئێعدامەکان بوو، ٢ی دیکەش. هەروەها، تریلیەکیش دوو سێ ڕۆژ لەوێ بوو، کە بەھەر هۆیەک خراپ ببوو.
“ئەمیر هووشەنگی ئەتیابی” باڵابەرزی خوێن شیرینی قسە زان و بەڵگەداری گرینگی محکەمە پەسند، یەکێک لە باشترین شاهیدی دژی رێژیم و لە قاودەری کوشتاری بەکۆمەڵی موجاهیدین و چەپەکان بوو. لە ماوەی دادگای زۆر درێژ و ناتەواوی دا، بۆجارێکیش قسەی پێ‌ڕانەگیرا. بەڵینی لێوەرگیرا جارێکی دیکەش بۆ تەواوکردنی شاهیدییەکەی بێتەوە دادگا. ناوبراو، بەو وتەی کورسیی شاهیدی بەجێهێشت کە، من ٣٣ ساڵە خۆێنی دڵ و فرمێسکی حەسرەت بۆ ڕۆژێکی وا دەخوازم، ژینی من گرێدراو و ئاوێتەی جینایەتەکانی ئەو ڕێژیمە مرۆڤکوژە بووە. هەرکات بڵێن ئامادە دەبم.
لە جەلەسەی ٦١ی سێ شەممە ٢٥ی ژانویە دا، “منصور کمال زادە” شاهیدی دا. ناوبراو بە تاوانی لایەنگریی لە “سازمان پیکار در راە آزادی طبقە کارگر” (ڕێکخراوی پەیکار بۆ ئازادی کرێکار)، بۆ جاری دووھەم لە ڕەزبەی ١٣٦٢ی هەتاوی دا گیرابوو. سەرەتا لە گرتووخانەی “ئەوین” دوای ئەشکەنجە و ئازار، بۆ ساڵۆنی ٣ی (آموزشگاە) براوە. دوای ٣ مانگ “دادگا”یی کراوە و ٨ ساڵ (٩٠ مانگ) زیندانی بەسەرداسەپاوە و دوای زیندانی کێشان لە سێ زیندانی ئەوین، قزڵحەسار و گەوهەردەشت، لە ڕەشەممەی ١٣٦٧ی ھەتاوی دا دا ئازاد کراوە.
“کەماڵ زادە” جگە لەو چەند کەسە زۆر جێی باسەی وەک “ناسریان”، “لەشکری” و “عەبباسی” باسی “عادڵ” ناوێکیشی کرد کە پتر لە گەڵ زیندانییەکان هەڵسووکەوتی جۆراجۆری هەبوو و ناوێکی نوی بۆ دادگا بوو. وەزعی ناخۆشی سەردەمی ئیعدامەکان لە گرتووخانەی “گەوهەر دەشت” و شکاندنیان بە لێدانیان بە کابڵان بۆ گەڕانەوە بۆ موسڵمان بوون و نوێژی ئیجباری کە “ناسریان” و “عەبباسی” چاوەدێری نوێژە زۆرەملێیەکان بوون و “ناسریان” دوای نوێژەکە قسەی بۆ کردوون … ھتد.
ئەوەی جێی سەرنجی گرینگی دادگا بوو، “کەماڵ زادە” دوای ئازاد بوونی، چۆتەوە زیندانی “ئەوین“بە مەبەستی ئازاد کردنی هاوژینەکەی لەو زیندانە دا. بۆ ژووری “دادیاریی” براوە و “حەمیدی عەبباس”ی وەک “دادیار” قسەی لەگەڵ کردوە و بە چەکێکی بانکی یەک ملیۆنی ژنەکەی “مەنسوور”ی ئازاد کردووە.
ئەو بەشە لە شاهیدیەکە پتر گرینگییەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە نووری “عەبباس”ی جەنایەتکار، سەرەتاکان کوتوویەتی، من بە دەهۆ و بە هەڵە گیراوم. دواتر کە لە ڕێگەی موبیلەکەی زۆر شتی دەرکەوتبوو، وتبووی: نیگابانێکی ئاسایی زیندان بووم و چەند هاوناو و ناوبانگی دیکەی وەک منیش لە زیندانی “ئەوین” هەبوون و من دادیار هەر نەبووم!؟
ماوەی شاهیدی “مەنسوور کەماڵ زادە” نێوڕۆژێک بوو. لە سەعات ١٢ و ٣٠ی دەقیقە، تەواو بوو.
ڵە جەلەسەی ٦٢ یەم دا، کە پێنج‌شەممە ٢٧ی ژانویە بەڕێوە چوو، شاهید “رحمان درکشیدە” بوو. ناوبراو وتارێکی ساڵی ٢٠١٣، لە “ایران تریبونال” بۆ “کمیتەی حقیقت یاب” (کۆمیتەی دۆزینەوەی ڕاستییەکان) نووسیبوو، کە لە ١٠ لاپەڕەی ٤٤٠ – ٤٥٠ ی پڕوتوکولی لیکندراو (الحاق) لە پەروەندەی حەمیدی نووری دا، قەبڵێندرابوو.
“ڕەحمان” لە ٢٦ی سەرماوەزی ١٣٥٩ی ھەتاوی دا دەگیرێ.لە کاتێک دا، بە شەو لەگەڵ هاوڕێیەکی دروشمی دژی شەڕی ماڵوێرانکار و پڕ تێچوی ئێران و عێڕاقیان لەسەر دیوارەکان دەنووسی، لە تەمەنی ١٦ ساڵی دا وەک لایەنگری “سازمان چریکهای فدایی خلق ایران” (سچفخا -اقلیت).
“دەرکەشیدە” دوای ٦ مانگ لە ٢٦ی جۆزەردانی ساڵی ١٣٦٠ ھەتاوی دا، بڕیاری ئازاد کردنی دەدەن. ئەوکات باو بووە کە، هەر کەس ئازاد کرابا، زینداییەکان سروودی ئازادیان بۆ دەکوت. بەو بیانوویەی پێش بە ئازادبوونی دەگرن. لە بەفرانباری ئەو ساڵە دا، بە هەمان تاوانی “چریکە فیداییەکانی کەمینە، دەبرێتە “دادگا” و ٣ ساڵی حوکم دەدەن.
لە ١١ ی پووشپەڕی ١٣٦١ی ھەتاوی کە بۆ زیندانی “گەوهەردەشت” ڕادەگوێزرێ، هەتا ڕەزبەری ١٣٦٣ی ھەتاوی لە زیندانی تاکە کەسی دا، دەبێ. لە خاکەلێوەی ١٣٦٤ی ھەتاوی دا، بۆ زیندانی ژووری گشتی “ئەوین” دەبرێ و پووشپەڕی ١٣٦٧ی ھەتاوی دەگەڕێندرێتەوە بۆ “گەوهەر دەشت” و لە ڕێبەندانی ئەو ساڵە دا، دوای ٨ ساڵ و ٣ مانگ زیندانی کێشان، کە ٥ ساڵ و ٣ مانگی “ملی کش” بووە، ئازاد کراوە.
زۆر جێی سەرنجە کە “ڕەحمان دەرکەشیدە” هاوگەڕەکی “حەمیدی نووری” جیەنایەتکار بووە و ٣ یا ٤ ماڵیان نێوان بووە. ڕەحمان لەگەڵ برایەکی نووری بە ناوی “بەهمەن” هاوپۆل بووە. برا گەورەکەی کە ناوی ڕەحیمە لەگەڵ نووری ٢ ساڵ هاوپۆل و هاوڕێ بوون، هەتا کاتێ شۆڕشی سەرکەوتنی گەلان ئێران.
ئادرەسی ماڵەکەیان ئەوە بووە:”خیابان سبلان شمالی، ٨ متری شاە دوست- کە لە دوایە دا، دەگۆڕێ بە شهید علی پور” لە ناوچە “نظام آباد”ی تاران. بە وتەی ڕەحمان “ماشاڵڵا” ناوێکی بە رواڵەت حیزبوڵڵاهی، حەمید نووری بردۆتە زیندانی ئەوین و دایمەزراندوە.
دەرکەشیدە هەتا ساڵی ١٣٦٤ی ھەتاوی بە ناوێکی خوازراو “اکبر نعمتی” لە زیندان بووە. ساڵی ٦٥ بە هۆی “تۆاب” ێک ناوی ڕاستەقینەکەی ئاشکرا کراوە. ناوەکەی لە دادیاریی زیندان ئاڵوگۆڕ دەکرێ، ئەوکاتی حەمیدی نووری دەناسێ، کە بە پرسیارەکانی خۆی ئاشکرا دەکا. چونکە ئەو چەند قسەیەک دەکا، جگە لە ڕەحمان و بەهمەنی برای ئاگاداری نیین. هەروەها کاتێکی لە دیوی دادیارییە، کەسێک دەچێتە ژوورێ و نووری پێیدەلێ: ئەوەش لە منداڵەکانی گەڕەکی خۆمانە!؟
رەحمان کوتی: بە مێرمنداڵی کە لەگەڵ بەهمەنی نووری ڕەفیق بووین، ئۆگری توندی مەزهەبی نەبوو، لایەنگری لە موجاهیدینش دەکرد. بەڵام دوایی بۆ لای رێژیم چوو.
ساڵی ١٣٦٥ی ھەتاوی دوای چوونم بۆ دادیاریی، بابم کە هاتبوو بۆ چاوپێکەوتنم، نووری ڕاسپاردبوو براکانی بۆ نایەن بۆ مولاقاتم. لە حاڵێکدا ئەوکات پتر ئیزنیان، بە دایک و باب، ژن و منداڵ دەدا، و ساڵێ جارێکیش بە خوشک و برا و بابیشم جاری دواتر هەر دووک براکانمی لەگەڵ خۆی هێنابوو. مولاقاتیمان نەکرد و هەر سێکیان گرتن. پاش ماوەیەکی کورت بابم لەبەر نەخۆشیی و برایەکمیان ئازاد کرد. ڕەحیمی برام بێ ئەوەی لەگەڵ هیج حیزب و ڕێکخراوێکی بێ یا تێکۆشانێکی دژی رێژێمی هەبووبێ ٣ مانگ لە زیندانی تاکەکەسی دا ڕاگیرا.
دەرکەشیدە کوتی: لە پووشپەڕی ساڵی١٣٦٧دا، ژمارەیەکمانیان برد گرتووخانەی “گوهەردەشت” سەرەتا بردیانیین بۆ ژووری تاکەکەسی. دواتر لە بەندێکی “فرعی” کۆیان کردینەوە. سەرەوەی ئەو بەندە زیندانییەکانی “ملی کش”ی موجاهیدینی لێ بوو. بە “مۆڕس” لەگەڵ بەندەکانی دیکە پێوەندییمان دەگرت. کوتیان زیندانییەکان ئیعدام دەکەن!؟
مانگی گەلاوێژ بوو، شەوێ کاتی نوستن، “ناسریان” هاتە ژوورێ. هەڕەشەی کرد، لە تلویزیۆنی قسان دەکەن یا چ دەکەن؟ “کاوەی ئیعتیمادزادە” کوڕی بێ “ئازین”،[ بێ ئازین، یەکێک لە نووسەران و وەرگێڕانی بەتوانا و یەکێک لە دامەزرینەرانی “کانوونی نووسەرانی ئێران” و تێکۆشەری چەپ و توودەیی بوو…ھتد] کوڕێکی دیکە و من قبووڵمان نەکرد. بردیانیین بۆ ژووری تاکەکەسی. پێم وابێ دوو حەتوویەک لەوێ بووین. ٣٨ ژووری هەبوو. موجاهیدەکان زۆر ئەزییەت دەکران. جارێکیش زیندانییەکانیان برد بۆ ئیمزا کردنی تومارێک بۆ دەنگ و رەنگی رێژیم بە دژی موجاهیدین.
کوتیان ساکەکانتان بەجێ هێڵن، دەچنە داددگا. ٥ یا ٦ کەسی چەپ بووین. پاسدارێک بردینە نهۆمی خوارێ “دەرکەشیدە” ناڕەحەت بوو، ئەو کاتی وەبیر هاتەوە. کەمێکی ئاو خواردەوە و درێژەی بەقسەکانی دا. ئێمەیان برد لای “هەیئەتی مەرگ”. چاو بەستەکەیان لێکردمەوە، خۆم لە بەرانبەر چەند کەسی دانیشتووی سەر کورسی دیت. پتر چاوم لە دوو کەس بڕیبوو کە تا ڕادەیەک دەمناسین” ئیشراقی” ,” نەییری”. “نەییری” پتر قسەی دەکرد. بیستبوومان هەر کس لە وڵام دانەوە دا، ناوی “سازمان”، “هوادار” یا “مجاهید” بێنێ، ئیعدامی دەکەن.
لە بەشێکی قسەکانی “نەییری” دا، بۆم دەرکەوت کە سەبارەت بە چەپەکان، مەزهەب و ئیدئۆلۆژی زۆر گرینگە. پرسیاری لێکردم “اقلیت” یا کەمینەی؟ مەزهەبت چییە؟ وتم: نیمە. وتی: لە چ کاتێکەوە مەزهەبی نی؟ ئەدی بابت مەزهەبییە؟ وڵامم داوە، بابیشم موسڵمان نییە. ئیشراقی کوتی: حاجی ئاغا، لە منداڵی ڕا هەر وابوە. ناسریان کە لای هەیئەتە ٤، ٥ کەسییەکە بوو گوتی: حاجی ئاغا، تازە ناوکەی ئاشکرا بوە. ئەوە بۆ من گرینگ بوو کە تەنیا کەسێکی سەرەتا دەیزانی ناوم گوڕاوە، حەمید نووری گەڕەکەکەمان و عەبباسی زیندان بوو.
نەییری بە ڕەقەوە چاوی لەمن کرد و کوتی: کاتت پێ دەدەین موسڵمان بی. ئەگینا حوکمی خودای ئیجرا دەکەین و دایانمە دەستی زیندانوانێک. کوتی بۆ کوێ بچین؟ کوتم نازانم، من موسڵمان نیم. بۆ لای چەپی بردم. بۆ ساڵۆنێکی کە دواییەکەی دەگەیشتە شوێنی ئیعدامەکان. لە پێش “مەحموودی قازی” دانیشتم، کە ساڵی ١٣٥٩ پێکەوە بووین. جارێک ئازاد کرابوو، دووبارە گیرابۆوە. پێکەوە قسەمان کرد. نان و پەنیریان داینێ. چوومە ئاودەستێ، هەتا هەتمەوە ساڵۆنەکەی ئەو چەند کەسەی پێکەوە لەوێ بووین، بردیانن و هێچکات یەکترمان نەدیتەوە. زیندانوانەکە لێی پرسیم ناوت چییە؟ بە دەنگێکی بەرز کوتی: ئەوەش بێ. پێیان کوت، با دانیشێ. کەسانی دیکەیان هێنان و بردیانن. ٥، ٦ کەسمان ماینەوە. “هەیئەتی مەرگ” بە لای ئێمە دا، تێپەڕین. ئەوان لەو شوینەی دەگەڕانەوە کە، زیندانییەکانیان بەداخەوە، لێ ئیعدام دەکرد. ئەو چەند کەسەمان بووین بە “مرتد ملی” و بە قەولی ئیسلام “مرتد فطری”.
ئێمەیان کۆکردەوە و لە سەرەوە لە دیوێکیان هاویشتین” ناسریان” هات و کوتی: نوێژت کرد؟ کوتم: نا. کوتی: هەموو ئەو کەسانەی لە خوارێ بوون، کوشتمانن. ئەگەر ئێوەش نوێژی نەکەن، ئیعدام دەکرێن! من و “مسعود پارتیا” قبووڵمان نەکرد. هەتا بەیانی خەومان لێنەکەوت. بەیانی “ناسریان” هات من وتم: نوێژی دەکەم. مەسعوودیان برد.
حەمیدی نووری (عەبباسی) دوای مانەوەم ، هەوڵی دەدا کە ئایا من دیناسمەوە و ئاگادارم کە ئەویش لە ڕیزی جەنایەتکارانە یا نا ! شەوێ بە چاو بەستن، لە بەند دامانبەنە دەرێ. لێم دەپرسێ، لە دۆستان و ئاشنیان کەس دەبینی لێرە. “خۆم لێ گێل کرد.” لەنیو هەموو “ملی کش”ەکان لەمنی پرسی، کەسێک لە منداڵی گەڕەکەکەتان لێرەیە؟ منیش دەمزانی ئەگە ڕاستم وتبا، ژیان و گیانم پتر لە مەترسی دا دەبوو. ئەو هێز و دەسڵاتی هەبوو و نەدەویست بناسرێ.
نیوەی زیندانییەکانی بەندی ئێمە ڕازی بوون کە لە تۆمارێکی تی ڤی دا، بەشدار بن. وای دابنێین، ١٠ کەس لە “ملی کش” ەکان قسان دەکەن. زیندانی و زیندانوانێکی زۆریان هێنابوون بۆ سەیر کردنمان؛ کە لەڕاستی دا، بە زیندانەوەنەکان بڵێن: “ملی کش” ە بەهێزەکانی زیندانیشمان شکست دان.
لەو تۆمار کارییە دا، حەمیدی عەبباسی (نووری)، پرسیاری لە زۆربەیان کردبوو، جگە لە من. کەسێک بە ناوی ڕەحمانی پرسیاری لەمن کرد. ئەو تۆمار (مصاحبە) یە لە مانگی ڕێبەندانی ١٣٦٧ دا، بوو. دوای ماوەیەکی کورت ئازاد کرام.
بەنوێنەرایەتی کۆمیتەی دەرەوەی وڵاتی حیزبی دێموکراتی کوردستان
حەسەن حاتەمی
لە پەڕاوێزی دادگای حەمیدی نووری (عەبباسی) دا.
٢٩ ی یانواریی ٢٠٢٢ زایینی، بەرامبەر بە ٩ی ڕێبەندانی ساڵی١٤٠٠ هەتاوی.

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*