بەڕێوەچوونی جێژنی ٢ی ڕێبەندان ٧٦مین ساڵڕۆژی دامەزرانی کۆماری کوردستان لە وڵاتی بریتانیا

ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٢٣ی ژانویەی ٢٠٢٢ی زایینی، بە بەشداری پڕ شکۆی ئەندامان و لایەنگران و دۆستانی حیزبی دێموکراتی کوردستان، جێژنی نەتەوەیی ٢ی رێبەندان لە شاری لەندەن بەرێوەچوو.

سەرەتای ڕێوڕەسمەکە بەخوێندنەوی سرودی نەتەوایەتی ئەی رەقیب و چەند ساتێک بێ دەنگی بۆ ڕێز گرتن لە گیانی پاکی شەھیدانی کورد و کوردستان دەستی پێکرد، پاشان وێبناری تایبەت بۆ بەرێز کاک” خالید عەزیزی” سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە شێوەی ڕاستەوخۆ بۆ بەشداربووان بڵاو کرایەوەو ئامادەبوان تا کۆتایی وێبنارەکە گوێبیستی وتە بەنرخەکانی بەڕێز کاک خالید عەزیزی سکرتێری گشتیی حیزب بوون.

پاشان خاتوو “مینا سوارە” پێشکەشکاری جێژنی ٢ی رێبەندان و پێشمەرگەی دێرین و ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە بریتانیا چەندین کۆپلە شێعر و پەخشان کە تایبەت بوون بە دەسکەوتە نەتەوایەتییەکانی کۆماری کوردستان پێشکەش بە بەشداربووان کرد.
لە بەشێکی دیکەی مەڕاسێمەکەدا بەرێز “ئەدیسۆن فەرامەرزی” بەرپرسی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە بریتانیا پیرۆزبایی کۆمیتەی بریتانیای لەو رێوڕەسمە پیرۆزەدا پێشکەش کرد.
بەشداری شاندی ھێز و لایەنە سیاسییەکان و حیزبە کوردیەکان و پێشکەش کردنی پەیام و بروسکەی پیرۆزبایی بە بۆنەی جێژنی ٢ی ڕێبەندان ساڵڕۆژی دامەزرانی کۆماری کوردستان بەشێکی دیکە لە بەرنامەکانی ئەو جێژنە پڕ لە شکۆیە بوو کە بریتی بوون لە:
-پەیامی پیرۆزبایی پارتی دێموکراتی کوردستان لە لایەن بەرێز “ئیسماعیل ئەحمەد” کارگێڕی ناوچەی لەندەن و بەرپرسی رێکخراوی پارتی دێموکراتی کوردستان لە لەندەن.
-پەیامی پیرۆزبایی بزوتنەوەی گۆڕان لە لایەن بەرێز “فەرھاد مارف” بەرپرسی پەیوەندییەکانی بزوتنەوەی گۆڕان.
-پەیامی پیرۆزبایی یەکیەتی نیشتمانی کوردستان لە لایەن خاتوو “ئاشنا جەلال” کاڕگێری ناوچەی بریتانیایی یەکیەتی نیشتمانی کوردستان.
-پەیامی پیرۆزبایی حزب مردمی بلوچستان لە لایەن بەرێز “رەحیم بەندوویی” ئەندامی رێبەری حزب مردمی بلوچستان.
-پەیامی پیرۆزبایی حزب تظامن دمکراتیک الاحواز لە لایەن بەرێز “سەید حافز فازڵی” ئەندامی رێبەری حزب تظامن دمکراتیک الاحواز.
-بروسکەی پیرۆزبایی حیزبی کۆمەڵەی زەحمەتکێشان لە لایەن خاتوو ” بێھجەت یەحیا” بەرپرسی کۆمیتەی بریتانیایی حیزبی کۆمەڵەی زەحمەتکێشان.
-پەیامی دوو لاوی ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە زمانی ئینگلیزی بە ناوەکانی “ئەحمەد ژیان مۆددەرسی” و “ماردین مەحمودپور” لە بەشی کۆتایی پەیامەکان پێشکەش کرا.
لە بەشی کۆتاییدا ھونەرمەندی بەرێز”ئیبۆ میرا” چەند ئاھەنگێکی جۆراوجۆری نەتەوەیی و نیشتمانی پێشکەش بە ئامادەبووان کرد و بەشداربووان بە ھەڵپەرکێ و خۆشی جێژنی نەتەوەیی ٢ی ڕێبەندان ٧٦مین ساڵڕۆژی کۆماری کوردستانیان بەرز و پیرۆز راگرت.
شایەنی باسە لە بەر بەشداری زۆری ئەندام و لایەنگران و دۆستانی حیزبی دێموکراتی کوردستان، دەرگای ساڵۆنی جێژن و مەراسمی ٢ی ڕێبەندان داخرا، ھەر بەم بۆنەیەوە لێرەوە داوای لێبووردن لە ھەموو ئەو بەرێزانە دەکەین کە نەیانتوانی بەشداری جێژنی پڕ شکۆی ٢ی ڕێبەندان ٧٦مین ساڵڕۆژی دامەزرانی کۆماری کوردستان ببن.

حیزبی دێموکراتی کوردستان-کۆمیتەی بریتانیا

[FinalTilesGallery id=’51’]

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*