بەشداری ھەیئەتێکی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە کونگرەی(دیاکورد) دامەزرانی کۆنفیدڕاسیۆنی کوردانی تاراوگە

رۆژی شەممە ڕێکەوتی ٢٢ی ژانویەی ٢٠٢٢ی زایینی بەرامبەر بە ڕۆژی ٢ی ڕێبەندان لە شار ستۆکھۆڵم پێتەختی وڵاتی سوئێد کۆنگرەی دامەزراندنی کۆنفیدراسیۆنی کوردانی تاراوگە(دیاسپۆڕا)DIAKURD لە ژێر ناونیشانی
“ زارای نیشتیمان” بەڕێوە چوو. کۆنگرە بە ئامادەبوونی نوێنەری فیدراسیۆنی چەند وڵاتێکی ئەوروپایی، کەسایەتی چالاک لە بواری سیاسی و پسپۆڕ لە بوارە جیاجیاکانی زانستی و نوێنەری چەند حیزبی سیاسیی لە تاراوگە کارەکانی خۆی بە سروودی نەتەوایەتیی ئەی ڕەقیب و خولەکێک بێدەنگی بۆ رێز گرتن لە گیانی پاکی شەھیدانی کورد و کوردستان و ھەڵبژاردنی دیوانی بەڕێوەبەرایەتی دەست پێکرد. لە درێژەی کاری کۆنگرەکەدا یادی دووی رێبەندان ساڵڕۆژی دامەزراندنی کۆماری کوردستان لە لایەن بەشداربووانەوە پیرۆزکرا. پاشان بۆ رێزگرتن لە مامۆستای زمانی کوردی خاتوو “زارا محەممەدی” کە لە سەرەتای ئەم مانگە دا لە لایەن دادگای نادادپەروەرانەی کۆماری ئیسلامی بڕیاری پێنج ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپا، بەشداربووانی کۆنگرە ناوی”زارای نیشتمان”ی بۆ کۆنگرەکە دیاریکرد. لە بڕگەیەکی دیکە دا دوای پێشکەش کردنی ڕاپۆرتی چالاکیەکانی DIAKURD، پەیامی بنەماڵەی زارا محەممەدی بۆ کۆنگرە لە لایەن یەکێک لە بەشداران خوێندرایەوە.
لەم کۆنگرەیەدا سێ پانێلی جیاواز پێشکەشکران:
پانێلی یەکەم: جیلی یەکەم—پێشەنگەکانی دیاسپۆڕای کورد، رووداو و بیرەوەریە گرینگەکانی پەنجا ساڵی ڕابردوو .
پانێلی دووھەم: کار و لێکۆڵینەوەی زانستی و ئاکادیمی لە سەر دیاسپۆڕای کورد.
پانێلی سێھەم: سەرکەوتنەکانی جیلی نوێی کوردانی تاراوگە.
لە درێژەی بەڕێوەچوونی کۆنگرەکەدا ئامانجی کۆنفیدراسێونی کوردانی دیاسپۆڕا لە سێ خاڵدا دەستنیشان کرا.
١- پەرەپێدانی ھاوکاریی لە نێو رێکخراوەکانی کوردی و پێشخستنی کۆمەڵگای مەدەنی کوردانی تاراوگە.
٢- بە ھێزکردنی تێکەڵاوی و خۆ گونجاندنی کوردانی تاراوگە لە گەڵ وڵاتانی نیشتەجێ و نەتەوەکانی دیکەی تاراوگە.
٣- پشتگیری و پشتیوانی لە بەرژەوەندیەکانی نەتەوەیی کوردان بۆ گەیشتن بە مافی دیاری کردنی چارەنووسی خۆی.
بەشی کۆتایی کۆنگرە تەرخان کرابوو بۆ ھەڵبژاردنی کۆمیتەی بەڕێوەبەری “دیاکورد” ئەنجوومەنی راوێژکاران و کۆمیتەی چاودێری.
شایانی باسە لە لایەن حیزبی دێموکڕاتی کوردستان بەڕێزان کاک “ئەمین ڕەشیدی” بە شێوەی ڕاستەوخۆ ھەروەھا کاک “ئەحمەد لبادی” لە رێگەی ئۆنلاین بەشداری کۆنگرەی “زارای نیشتیمان” بوون. جێگەی ئاماژە پێکردنە کە نوێنەری حیزب لە گەڵ چەند کەسایەتی سیاسیی و زانستی بەشدار لە کۆنگرەکەدا چاوپێکەوتن و وتووێژیان کرد لەوانە لە گەڵ دکتۆر “کەنداڵ نەزان” و کاک “ شێرزاد مامسانی”
حیزبی دێموکراتی کوردستان
کۆمیتەی سوئێد

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*