هەیئەتێکی کۆمیتەی نۆڕوێژی حیزب بەشداری پێشانگایەکی شێوەکارییان کرد

رۆژی هەینی ٢٢ی ژانویەی ٢٠٢٢ی زایینی، لە شاری مۆس لە وڵاتی نۆڕوێژ، هونەرمەندی دەستڕەنگین و شێوەکار بەڕیز “یوسف سووری” خەڵکی شاری نەغەدەی رۆژهەڵاتی کوردستان، پێشانگایەکی شێوەکاری کردەوە.
هونەرمەند “یوسف سووری” لە کاتژمێر ٢ی پاشنیوەڕۆوە بەخۆی بە تابڵۆکانییەوە لە پێشوازی میوانەکانیدا بوو. هەر لە سەرەتای کردنەوەی پێشانگاکەوە، هەیئەتێکی کۆمیتەی حیزب کە پێهاتبوو لە بەڕێزان: “هاشم رۆستەمی، حەسەن غەمبار، نادر ئەمینی و عوسمان مامەش” کە لە لایان ئەو هونەرمەندەوە بانگهێشت کرا بوون، بەشداریی پێشانگاکەیان کرد.
هونەرمەند یوسف سووری بە دانانی نزیکەی ٦٠ تابڵۆی سەرنجڕاکیش و پر واتا، بەشدارانی پێشانگاکەی بە کارەکانی خۆیەوە سەرسام کردبوو. لەو پێشانگایەدا کە خەڵکێکی زۆری نۆروێژی و کوردەکانی دەوروبەری ئامادەی بوون، ئازار و دەرد و مەینەتییەکانی نەتەوەکەمان و جوانی سرووشت و دیمەنە سەرەنجڕاکێشەکانی جیهان و کوردستان، خرابوونە روو و لە رێگای رەنگ و تابڵۆوە دەگەڵ بینەران دەدوان و سەرەنجی ئامادەبووانیان بۆ لای خۆ راکێشابوو و پێشوازییەکی گەرموگوڕییان لێ کرا.
جێی ئاماژەیە کە لەگەڵ ئەوەیدا کە ئەوە یەکەم پێشانگای لەم چەشنەی ئەو هونەرمەندە بەڕێزەبوو، پێشوازییەکی باش لە کارەکانی ئەو هونەرمەند کرا و وێرای فەرمانداری شارەکە، ژماریەکی بەرچاویش هونەرمەندی شاری “مۆس” سەردانی پێشانگایەکەیان کرد و چەپکە گوڵی رێز لێنانیان پێشکەش بە هونەرمەند یوسف سووری کرد.
حیزبی دێموکراتی کوردستان کۆمیتەی نۆروێژ

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*