
رۆژی یەکشەممە ١٦ی ژانویەی ٢٠٢٢ی زایینی، کومیتەی بریتانیای حیزبی دێموکراتی کوردستان بە هاوکاری رەوەندی کوردی، خۆپیشاندانێکی بەربڵاوی بەمەبەستی مەحکوومکردنی سزای زاڵمانە و داسەپاوی ٥ ساڵ زیندان بۆ خاتوو “زارا محەممەدی” لە لایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، لە شاری لەندەن بەڕێوە برد.
سەرەتای خۆپیشاندانەکە بە سرودی نەتەوایەتی “ئەی رەقیب” دەستی پێ کرد. دواتر بەڕێز “ یۆنس موکری” پێشمەرگەی دێرین و ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە بریتانیا، وێڕای بەخێرهاتن و سوپاسی تایبەت بۆ بەشداربووان کە لە رێگای دوور و نزیکەوە خۆیان گەیاندبووە بەردەم باڵوێزخانەی کۆماری ئێسلامی لە شاری لەندەن، باسێکی کورتی لەسەر ژیان و کار و چالاکییەکانی خاتو “زارا محەممەدی” پێشکەش کرد. بەدوای ئەودا، پەیامی “زارای نیشتمان” لە رۆژی ماڵئاوایی و چوونی بۆ بەندیخانەی کۆماری ئیسلامیی ئێران پێشکەش بە بەشداربوان کرا.
لە بەشێکی دیکەی خۆپیشاندانەکەدا، چەندین پەیامی جۆراو جۆر بۆ پشتیوانی لە خاتوو “زارا محەممەدی” و مەحکوومکردنی کۆماری ئێسلامی خوێندرانەوە کە بریتی بوون لە:
-
پەیامی کۆمیتەی بریتانیای حیزبی دێموکراتی کوردستان لە لایەن بەڕێز “کەیوان رەسوڵی” ئەندامی کۆمیتەی بریتانیا.
-
پەیامی پشتیوانی کۆمیتەی بریتانیای حیزبی دێموکراتی کوردستان بۆ زارای نیشتمان بە زمانی ئێنگلیزی لە لایەن خاتون “مینا سوارە” پێشمەرگەی دێرین و ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە بریتانیا.
-
پەیامی “کۆنگرەی نەتەوەکانی ئیرانی فیدراڵ”، “شۆڕای دیمۆکراسیخوازانی ئیران و “پێوەندی بۆ ئازادی و یەکسانی لە ئیران” لە لایەن بەڕێز “رەحیم بەندویی” چالاکوانی سیاسیی بەلوچەوە.
-
پەیامی ئەنجوومەنی زیندانییە سیاسییەکانی رۆژھەڵاتی کوردستان لە لایەن بەڕێز “جەماڵ جەبباری” ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە بریتانیا.
-
پەیامی رێکخراوی مافی مرۆڤی بەلوچستان (Balochistan Human Rights) لە لایەن بەڕێوەبەری ئەو رێکخراوە بەرێز “عبدالقیوم بیجاد”ەوە
-
پەیامی ناوەندی ژنانی کوردستانی رۆژھەڵات لە لایەن خاتوو “هەوار ساڵح زەریفی” چالاکوانی مەدەنی.
لەو خۆپیشاندانە بەربڵاوەدا، چەندین دروشمی کوردی و ئێنگلیزی و فارسی بۆ پشتیوانی لە خاتو زارا لە لایەن ئامادەبووانەوە گوترانەوە و چەند پەخشان و شێعریش پێشکەش کران.
شایەنی باسە پەیامی پشتیوانی و کورتەیەک لە چالاکییەکانی خاتوو “زارا محەممەدی” و چۆنیەتی سزای داسەپاو بەسەر ئەو مامۆستا کوردەدا لە لایەن کۆماری پەت و سێدارەوە، بە زمانی ئێنگلیزی و بە شێوەیەکی بەربڵاو بەسەر بەشێکلە دانیشتوانی شاری لەندەن دا بڵاو کرایەوە و رای گشتی لێ ئاگادار کرایەوە و ئەو خۆپیشاندانە بە خوێندنەوەی سرودی نەتەوایەتی “ئەی رەقیب” کۆتایی پێ هات.
Be the first to comment