لە شاری “زوریخ”ی وڵاتی سوئیس خۆپێشاندانێک بەڕێوە چوو

بە مەبەستی پشتیوانی لە مامۆستا “زارا محەممەدی” و شەرمەزارکردنی سزای داسەپاو بەسەر ئەو مامۆستا کوردەدا، رۆژی شەممە ١٥ی ژانویەی ٢٠٢٢ی زایینی،رەوەندی کوردی لە شاری “زوریخ”ی سوئیس، بە بەشداری و هاوکاریی بنەماڵەی بەڕێزی خاتوو “زارا محەممەدی” و کۆمەڵێکی بەرچاو لە کوردستانیانی نیشتەجێی ئەو وڵاتە، خۆپێشاندانێکی وەرێخست.
سەرەتا بە نێوی بەڕێوەبەرانی خۆپێشاندانەکەوە بەخێرهاتنی ئامادەبووان کرد و پاشان چەند شیعر و پەخشانێکی شۆڕشگێڕی و نەتەوەیی خوێندرانەوە. ئەوجار لە لایان کاک “کامران رەسووڵی” بەرپرسی کومیتەی سوئیسی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پەیامێک خوێندرایەوە و بەدوای ئەودا کاک “زاهیر قادرحاجی” بەرپرسی گشتیی کومیتەی سوئیسی حیزبی دێموکراتی کوردستان پەیامێکی پێشکەش کرد کە لە بەشێک لە پەیامەکەدا جەخت لەسەر بێتاوانیی خاتوو “زارا محەممەدی کرابووە کە وەک مامۆستایەکی زمانی کوردی زیندانی کراوە و حوکمی ناعادڵانەی بەسەردا سەپاوە. “قادرحاجی” ئاماژەی بەوەش دا کە کۆماری ئیسلامی بە هەموو شێوەیەک دەیهەوێت شوناسی نەتەوەخوازیی گەلی کورد بسڕێتەوە، بەڵام بەخۆشییەوە سەرکەوتوو نەبووە و هیچ کاتیش سەرکەوتوو نابێت.

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*