لە بەردەم پەرلەمانی دانمارک خۆپێشاندانێک بەڕێوە چوو

ڕۆژی پێجشەممە ١٣ی ژانویەی ٢٠٢٢ی زایینی، بەمەبەستی پشتیوانی لە مامۆستا “زارا محەممەدی” فیدراسیۆنی کۆمەڵە کوردییەکان لەبەردەم باڵەخانەی پەرلەمانی دانمارک بە ناوونیشانی “زمانی ئێمە ناسنامەمانە با دەنگی ژنانی دەستبەسەرکراوی کورد بین”، خۆپێشاندانێکی بەڕێوە برد.
سەرەتا لە لایەن بەڕێوەبەری خۆپێشاندانەکە بەڕێز “ئەحمەد ڕەحمانی”یەوە بەخێرھاتنی بەشداربووان کراو مەبەستی خۆپێشاندانەی خرایە ڕوو.
بەرنامە و بڕگەکانی ئەم خۆپێشاندانە بەم شێوەیە بوون:
ـ پێشکەش کردنی سرودی نەتەوایەتی ئەی ڕەقیب
ـ چەند ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەھیدانی کورد و کوردستان.
پەیامی فێدراسیۆنی کۆمەڵە کوردییەکان لە لایەن کاک “یەڵماز یڵدز” بە مەبەستی پشتیوانی لە مامۆستا زارا محەممەدی.
ـ نامەی ئامادەکراوی فیدراسیۆنی کۆمەڵە کوردییەکان بۆ کۆمیسیۆنی مافی مرۆڤ لە پەڕلەمانی دانماڕک لە لایەن کاک شوکری (باڤێ فەرھاد)
چەند وتەیەک لە لایەن “سەردار بەنلی” کەسایەتی دیاری کورد و جێگری سەرۆکی پارتی سۆسیالیستی گەل (ئێس ئێف)و جێگری سەرۆک شارەوانیی گلادساگسە.
ـ پەیامی ئەنجوومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژھەڵاتی کوردستان بەبۆنەی بەندکرانی مامۆستای زمانی کوردی، خاتوو زارا محەممەدی لە لایەن کاک “وریا مەللاک” خوێندرایەوە.
لە بەشێکی پەیامی ئەنجوومەنی زیندانییە سیاسییەکانی کوردستانی ڕۆژھەڵاتی کوردستاندا ھاتبوو:
ڕۆژی ٨ی ژانویەی ٢٠٢٢ی زایینی مامۆستا زارا محەممەدی، مامۆستای زمانی کوردی و ئەندامی دامەزرێنەری “ڕێکخراوی نۆژین” لە شاری سنە، لە لایەن بە ناو دادگای کۆماری ئیسلامیی ئێران لەو شارە سزای پێنج ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپا.
سەپاندنی ئەو سزایە ئەم ڕاستییە دەسەلمێنیێ کە کۆماری ئیسلامیی ئێران وەک چوار دەیەی ڕابردوو لە سەر سیاسەتی زەبرو زەنگ و کپ کردنی دەنگی دژبەران و رخنەگرانی ئەو دەسەڵاتە شوومە، بە تایبەتی چالاکانی مەدەنیی نەتەوەی زۆرلێکراوی کورد، بەردەوامە.
لە لایەکی دیکەش بەرەنگاربوونەوەی “سیاسەتی ریگری لە پەروەردە وخوێندن بە زمانی کوردی” لە لایەن مامۆستایان و فێرکارانی خۆبەخشی زمانی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بووە بە رەهەندێکی دیاری خەباتی شوناسخوازانە لەو بەشەی کوردستان و ترسێکی گەورەی خستووەتە نیو دڵی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران.
ـ گەیاندنی نامەیەکی سەر ئاواڵە بە دامودەزگا پەیوەند دارەکانی مرۆیی حکومەتی دانمارک لە سەر پێشێلکرانەکانی مافی مرۆڤ بەتایبەتی ئەم باروودخەی کە ئێستا بۆ مامۆستا زارا محەممەدی ھاتۆتە ئاراوە.
ـ بە میدیا کردنی ئەم خۆپێشاندانە لە لایەن ڕۆژنامەنووس و میدیاکاری کورد و دانماڕکی کاک “دێنیز بەرخودان”
ـ خوێندنەوەی چەند کورتە پەخشان و ھۆنراوە لە لایەن بەڕێوەبەری خۆپێشاندانەکە.

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*