دەستپێکردنەوەی دادگای “حەمیدی نووری” (عەبباسی)

ڕۆژانی سێ‌شەممە و چوارشەممە ١١- ١٢ی ژانویەی ی زایینی٢٠٢٢ بەرانبەر بە ٢١ و ٢٢ی بەفرانباری ١٤٠٠ی هەتاوی، دستپێکردنەوە و بەڕێوەچوونی دادگای حەمیدی نووری (عەبباسی)ی جینایەتکار بوون و لەو قۆناغەی دادگاییکردنەشدا، هەر وەک پێشوو، نوێنەری کومیتەی دەرەوەی وڵات بەڕێز کاک حەسەن حاتەمی بەشداری دانیشتنەکانی دادگا بوو.
لە ڕۆژی سێشەممەدا، بەڕێز “ئەبولقاسمی سولێمانپوور” شاهید و لەقاودەری سەرگوتکاری و جینایەتەکانی بەڕێوەبەرانی زیندانەکانی “ئەوین” و “گەوهەردەشت” بوو و یەکێک لە دوو دادئەستێنی پەروەندەکە خاتوو “مارتینا وینسلوو” بوو کە پرسیارە پێوستەکانی لە سولێیمانپوور دەکرد.
بەڕێز ئەبولقاسمی سولێمانپوور، لە ساڵەکانی ١٩٧٥ – ٧٦ی زایینیدا، لە ئەمریکا خوێندکار و ئەندامی کۆنفێدڕاسیۆنی خوێندکارانی ئێران لە دەرەوەی وڵات بووە. دوای سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران هاتووەتە ئێران و لە ناوچەی مازندەرانی زێدی خۆی، لە ڕێکخراوی وەحدەتی کۆمۆنیستی (سازمان وحدت کمونیستی) کە کورتکراوەکەی (سوک) ە، ئەندام بووە. لە ساڵی ١٣٦٠ی هەتاویدا، دوو جار لە مانگەکانی خاکەلێوە و خەزەڵوەردا دەستبەسەر کراوە.
سولێمانپوور، ماوەی ٢ ساڵ بە بێ چاوپێکەوتنی بنەماڵە (ملاقات) و بێ چوونە دەرەوەی سلوول (هواخوری)، لە زیندانی ئەوین، بەندی ٢٠٩ ی بەناوبانگ، زیندانی کراوە. سێ مەسەلە بۆ ناوبراو کێشەخوڵقین و لەنێو زیندانیش جێی سزای زیدە بوون. یەکەم، ئەستێرەی سوور، کە لە وێنەیەک دا، کێشاویەتەوە و دوویەم، نوێژ نەکردن، کە لە دوای دادگای بەپەلەی ، هەیئەتی مەرگ لە ساڵی ١٣٦٧ دا، بە لێدان قامچی (کابڵ) مەحکووم کراوە و نوێژی زۆرەملێی پێ کراوە. سێیەم، پەشیماننەبوونەوە لە بیروڕایەکەی و قسەنەکردن لە تەلەویزیۆنی رێژیم بە زۆرەملیی بازجوویەکان، کە ئازارێکی
زۆری پێیانەوە کێشاوە.
سولێمانپوور گوتی: “چونکە ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان ئێعدامەکانی مەحکووم کردبوو؛ لە “ئەوین” بە ئێمەیان گوت کە ٢٥ کەس بووین، یا لەبەر بینای ئەو ڕێکخراوەیە پێوندی بە بنەماڵەکانمانەوە بگرین و داوای سەند بۆ ئازادبوونمان بکەین، یا گفتوگۆی تەلویزیۆنی بەدژی ئەو ڕێکخراوە، ئەنجام بدەین جا ئازاد دەکرێن. ئێمە ١٢ کەس بووین ئەو کارەمان نەکرد. دواتر لە ١١ی جۆزەردانی ١٣٦٨هەتاویدا، سێ ڕۆژ پێش مردنی خومەینی، دوای ٨ ساڵ بەندکران، ئازاد کرام.
لە ڕۆژی چوارشەممەدا، شاهیدی دیکە بەڕێز “ئازەرنووشی هیممەتی ئەلیزەیی” بوو. دادئەستێنی پەروەندەکەش خاتوو “کریستینا لیندهوف کارلسون” بوو. بەڕێز هیممەتی، بە تاوانی تەبلیغات بۆ “سازمان پیکار در راە آزادی طبقەی کارگر” لە ناوچەی گڵەسپی (خاک سفید) کە لە دەرەوەی ئەوکاتی تاران بوو لە ١٩ی ڕەشەممەی ١٣٥٩دا، لەگەڵ هاوڕێیەکی دیکەیدا دەگیرێ و ٧ ساڵ زیندانیی “ملی کش” دەبێ. دواترهاوژینە کەیشی زیندانی دەکرێ.
وشە یا واژەی “ملی کش” کە لەو دادگایەدا چەند جار هاتووەتە بەرباس، بۆ دادئەستێنیش، یەکەم پرسیاری گرینگی ئەمڕۆ بوو. “ئازەرنووش” لەو بارەیەوە، گوتی: “لەو بواری باوی زیندان و دادگا و خەباتکاراندا، ئەو ئیستیلاحە لە دوای میللیکردنی سەنعەتی نەوت لە زیندانەکانی ئێران بە تایبەتی تاران هاتە ئاراوە. بەو مانایەی کە، ئەو کەسانەی دەگیران و ماوەی زیندانیان نادیار بوو یا ئەو کەسانەی زیندانییان بۆ بڕابووەوە، بەڵام پتر لە ماوەیەکەی خۆیان بەهەر بیانوویەک زیندانی زێدەیان پێ دەکێشان، “ملی کش”یان پێ دەگوتن. بە واتەیەکی دیکە لە پێناوی گەل یا نەتەوە، بە تاوانی نادیا، زیندان دەکێشن. “هیممەتی” خۆی پێ لە ریزی یەکەم کەسەکانی زیندانیی “ملی کش” لە دەیەی ٦٠دا بوو.
“هیممەتی” پێی وابوو ٧ ساڵ زیندانییەکەی و ئەو هەموو مەترسییانەی لە دەیەی وەحشت و پڕ مەترسیی بۆی هاتە پێش، لە چوارچێوەی پاکانە حیسابی قۆڵەکانی نێو رێژیم لە پێش و دوای کودێتای جۆزەردانی ١٣٦٠ و لێکەوتەکانی لە دژی سەرکۆماریی ئەوکات بووە. ناوبراویش ٢ ساڵی زیندانی تاکەکەسی کێشا و جار جار لەو سلولانەدا، دوو کەس بوون. ئەو کە ماوەیەکیش لە زیندانی دەرکەداخروەکان کە تا ٦٠ کەسیان تێدا بووە، زیندانی کێشاوە و نێوەبەنێوە مانیان لە خواردنیش گرتووە و گوتی: “ناسریان” – کە ئێستا بە ناوی “قازی مقیسە” ناوی دەبرێ، قەسابی ڕۆژنامە نووسان و ناڕازییە مەدنییەکانی شەقامەکانە، لەگەڵ “عەبباسی” ئەو کات و “نووری”ی ئێستا، لە دیارترین سەرکوتکارانی فیزیکی و دەروونیی زیندانەکانی ئەوین و گەوهەردەشت بوون.
“هیممەتی” کە زۆربەی زیندانییە هاوبەندەکانی چ موجاهیدەکان و چ چەپ و ناچەپەکان، لە مانگەکانی گەلاوێژ و خەرماناندا، ئێعدام کرابوون، لەکاتی گێڕانەوەی چۆنیەتی ئاگاداربوون و دواتر نیشاندانی کەلوپەلی ژمارە لە هاوبەندییەکانی بۆ ترساندنیان، کە هیچ کات نەیدیتنەوە، وەبیرهاتنەوە و بەداخەوە، بەرەو حاڵەتی بوورانەوە چوو؛ کە سەرۆکی دادگا قازی “توماس ساندر” پشووی ڕاگەیاند.
هیممەتی کە پێی وابوو: دەسەڵاتدارانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی، کۆمەڵگەی ئێرانیان پێ شیعەیە. کەوابوو سەرکوت دەکا هەتا بە کۆمەڵگە بڵێ من دەتوانم ئەو کارە بکەم ، بەڵام بۆیان نەچووە سەر. “ئازەرنووش هیممەتی ئەلیزەیی” و هاوژینەکەی لە ڕەشەممەی ١٣٦٧، لە زیندانی “ئەوین”ەوە ئازاد کران. ئەوان دواتر لە وڵاتی سوئێد وەردەگیرێن و نیشتەجێ دەبن. و…
لە ڕۆژی چوارشەممەدا، لە دەرەوەی بینای دادگای ناوەندی ستۆکهۆڵم، لە کاتی یەک کاتژمێر و نیو پشووی نیوەڕۆی دادگادا، حەسەن حاتەمی، نوێنەریی حدک لە پەڕاوێزی دادگای نووریدا، ئاڵای کوردستان، وێنەی شەهیدی نەمر “حەیدەر قوربانی” و دروشمێکی حیزب کە تێیدا نووسراوە :”حەمید نووری جنایەتکار، بزووتنەوەی سیاسی و میللی دێمۆکراتیکی کوردان، بە سەرکوت، کوشتاری بە کۆمەڵ، تێڕۆڕ، ئیعدام و بەندکردنی تێکۆشەرانی کە تەنیا چەکی دەستی ئێوە بۆ دژایەتی کوردان بووە، لە پێ نەکەوتووە و ئێمە هەین و دەمێنیین و داهاتووش هی ئێمەیە.” بە چوار زمانی کوردی – فارسی- سوئێدی و ئینگلیسی نیشان دا، کە ژمارەیەک لە ڕێبواران و ئەندام و لایەنگرانی حیزب و رێکخراوەکانی بەشدار لەو شوێنە، پێشوازی یان لێکرد و وێنەیان لێ هەڵگرتنەوە
بەنوێنەرایەتی کۆمیتەی دەرەوەی وڵاتی حیزبی دێموکراتی کوردستان
حەسەن حاتەمی
١٣ ی ژانویەی ٢٠٢٢ (٢٣ ی بەفرانباری ١٤٠٠)

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*