کەسایەتییەکی خۆشناو و تێکۆشەرێکی دێرینی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە شاری سەردەشت کۆچی دوایی کرد

رۆژی پێنج شەممە ٦ی یانواری ٢٠٢٢ی زایینی، “مام خدر ئیبراهیمی” ناسراو بە (خدری بایزی ئامانێ ) بەهۆی نەخۆشی لە تەمەنی ١٢٠ ساڵیدا لە شاری سەردەشت کۆچی دوایی کردو لە گوندی “پاشبەرد”ی زێدی خۆی ئەسپاردەی خاک کرا.
مام خدر ئیبراهیمی، کەسایەتییەکی دیار و جێگای متمانەی خەڵکی ناوچە و هەروەها یەکێک لە تێکۆشەرانی راپەرینی چەکدارانەی ساڵەکانی ٤٦_٤٧ی هەتاوی بوو. خدری بایزی ئامانێ، بۆ تێکۆشەرانی حیزبی دێمۆکرات کۆڵەکەی بڕواو هێمای نەسرەوتن و بۆ خەڵکی ناوچەش کەسایەتییەکی خۆشناو و جێگای بڕوا و متمانەپێکراو بوو. رابردووی سەربەرزانەی لە پێناو نەتەوەکەیداو رەوشتبەرزی و خەمخۆری بۆ گەڵ و نیشتمانەکەی وایان لێ کردبوو کە خەڵکی ناوچە بۆ چارەسەری گیرو گرفت و کێشەکانیان پرسی پێ بکەن و کێشەکانیان بۆ چارەسەر بکا. لەگەڵ درووستبوونی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ساڵی ١٣٢٤ی هەتاویدا، ڕاستەوخۆ دەبێتە ئەندامی حیزب و دواتریش لەگەڵ دامەزرانی کۆماری کوردستان دەبێتە پێشمەرگەی کۆمار و تا دواساتەکانی تەمەنی کۆمار، لەگەڵ پۆلێک لە کەسایەتی‌یەکانی سەردەمی کۆمار خزمەت بە گەل و نیشتمان دەکا.
دوای نسکۆ و نەمانی کۆماری کوردستان وەک کەسێکی سوێندخۆر، وەفادار دەبێ بە ڕێباز و ئامانجەکانی کۆماری کوردستان و جەنابی شەهید پێشەوا قازی محەممەد، سەرۆک کۆماری کوردستان.
وەفاداری و ئەمەگداری مام خدر بۆ هەموو خەڵکی ناوچە و بە تایبەت شۆڕشگێرانی ساڵەکانی ١٣٣٢ی هەتاوی، قارەمان و تێکۆشەرەکانی ساڵانی ٤٧-٤٦ ی هەتاوی و دواتر بۆ نەسلێ سێهەم لە ساڵی ١٣٥٧ تا ١٤٠٠ ی هەتاوی ڕوون و ئاشکرا بوو.
هەیبەت و ئیرادە و پەروەردەی کوردانە و شۆڕشگێڕانەی مام خدر وایکردبوو کە براکانی، کوڕەکانی و بەشێک لە خزمەکانی چەکی پیرۆزی پێشمەرگایەتی لە شان بکەن و لە ریزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستاندا بوێرانە خزمەت بکەن و ژیانیان تەرخانی شۆڕش و خەبات بکەن و لەو پێناوەشدا کوڕێکی بە ناوی شەهید “خالید پاشبەردی” لە ساڵی ١٣٦٥ی هەتاوی لە شەڕێکی دەستەویەخەدا شەهید دەبێ و هاوکاتیش سێ برازای لە ریزەکانی ئەو حیزبەدا گیان دەبەخشن، شەهید “ڕەسووڵ ئاوارە” لە ساڵی ١٣٦٣ی هەتاوی لە هێرش بۆ سەر جاشخانەی گوندی “بەسرێ” لە ناوچەی ڕەبەت شەهید دەبێ و دواتریش هونەرمەندی بە ناسراوی کۆچکردووی گەلەکەمان کاک “سمایل سەردەشتی” و “ڕزگار ئیبراهیمی” هەر لەم ڕێگایەدا گیانیان بەختی گەل و نیشتمان کردووە.
شایانی باسە کە هەر ئێستاش کورە گەورەکەی واتە کاک “فەقێ حەسەن ئیبراهیمی” و برازاکانی لە ریزی حیزبی دێموکراتی کوردستاندان و زۆربەی تەمەنی خۆیان لە شاخ و بە شۆڕش و پێشمەرگایەتی بەخشیوە و برایەکی مام خدریش وەک یەکێک لە زامدارەکانی ڕۆژە سەختەکانی خەبات هەروا بۆ ئازادی گەلەکەی لە ریزەکانی دێموکراتدا خەبات دەکا.
ناوەندی راگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە دەرەوەی وڵات، وێڕای کومیتەی فینلاندی حیزب، سەرەخۆشی لە بنەماڵەی ئیبراهیمی و بایزی ئامانێ و خزم و کەسوکاریان بە گشتی و هاوڕێ “فەقێ حەسەن” بە تایبەتی دەکات و لە خەم و پەژارەیاندا خۆی بە شەریکی خەمیان دەزانێ.

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*