بەڕێوەچوونی دەیەمین کۆبوونەوەی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان

کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە تازەترین کۆبوونەوەی خۆیدا دوایین ئاڵوگۆڕ و پێشهاتە سیاسییەکانی ناوچەکە و بارودۆخی ئێران و کوردستان، پرسی یەکگرتنەوەی دێموکراتەکان و کۆمەڵە بابەتێکی نێوخۆیی و تەشکیلاتیی خستە بەر باس.

ڕۆژی دووشەممە، ٨ی سەرماوەزی ١٤٠٠ی هەتاوی (٢٩ی نۆڤامبری ٢٠٢١ی ز)، دەیەمین کۆبوونەوەی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە بەشداریی ئەندامانی ئەسڵیی کۆمیتەی ناوەندیی هەڵبژێردراوی کۆنگرەی ١٧ی حیزب، جێگران و ڕاوێژکارانی کۆمیتەی ناوەندی و بەرپرسانی ناوەندەکانی حیزب، بەڕێوە چوو.

کۆبوونەوەی کۆمیتەی ناوەندی بە ڕاگرتنی دەقیقەیەک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە یاد و بیرەوەریی شەهیدانی حیزبی دێموکراتی کوردستان دەستی پێ کرد و لە بڕگەی یەکەمی دەستووری کاری کۆبوونەوەکەدا بەڕێز خالید عەزیزی، سکرتێری گشتیی حیزب لێکدانەوەی دەفتەری سیاسیی لەسەر بارودۆخی کوردستان، ئێران و پرسە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان پێشکێش کرد کە ئەم لێکدانەوەیە بە هەڵسەنگاندن و ڕا و بۆچوونی بەشدارانی کۆبوونەوەکە دەوڵەمەندتر کرا.

لە لێکدانەوەی دەفتەری سیاسیی حیزب‌دا بە ئاماژە به تێپەڕینی نیزیک بە چوار مانگ لە دەوڵەتی ئیبراهیم رەئیسی هاتبوو کە یەکدەست‌بوونی پتری دەسەڵات لە کۆماری ئیسلامیدا بووەتە هۆی بەرتەسک‌بوونەوەی ڕۆژ لە گەڵ ڕۆژ زیاتری ئازادییەکانی خەڵک و کەڵەکەبوونی پتری قەیرانە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان. بەجۆرێک کە مودیرییەتی کۆمەڵگە لەلایەن حاکمییەتی سیاسیی ڕێژیمەوە، خۆی لە دەرگیرکردنی خەڵک لەگەڵ کێشە و قەیرانە نێوخۆییەکاندا دەبینێتەوە و لە ئاستی نێودەوڵەتیشدا درێژکردنەوەی وتووێژەکانی بووژاندنەوەی بەرجام بە مەبەستی کڕینی کات و کەڵەوەکێشیی زیاتر بۆ وەرگرتنی ئیمتیازی پتر بووە.

لێکدانەوەی دەفتەری سیاسی بە تاوتوێی دۆخی دژواری ئابووری و کۆمەڵایەتیی خەڵک کە لە سۆنگەی مودیرییەتی ئیدئۆلۆژی و میلیتاریی ڕێژیم لە ئیدارەکردنی وڵاتدا پێک‌هاتووە، دنیابینیی و سیاسەتەکانی ڕێژیم و گەندەڵیی سیستماتیک و هەوسارپچڕاوی کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامیی بە هۆکاری بنەڕەتیی دۆخی ئێستای وڵات زانی و ئەم ئاکامگیرییەی کرد کە کۆماری ئیسلامی بە سەرنجدان بە جەوهەری پێکهاتەکەی نە لە ئاستی نێوخۆی وڵاتدا توانای چارەسەری کێشە و قەیرانەکان و ئاوڕدانەوە و پێڕاگەیشتن به ژیان و گوزەرانی خەڵکی هەیە؛ نە بەهۆی بەردەوامیی لە سیاسەتی دەستێوەردان و قەیرانخوڵقێنیدا دەتوانێ متمانەی کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی لە هاوکێشە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکاندا دەستەبەر بکا.

لێکدانەوەی دەفتەری سیاسی دواتر ئاوڕی لەوە دابۆوە کە ڕێژیم سەرەڕای ئەم دۆخە نالەبارە بەڵام لە سەرکوتی ماف و داواکانی خەڵک، لە زاڵکردنی کەشی ئەمنیەتیی پتر بەسەر کۆمەڵگە، لە سیاسەتی هەڵاواردنی سیستماتیکی خۆی لە هەموو بوارەکانی ژیانی سیاسی، فەرهەنگی و کۆمەڵایەتیی خەڵکدا بەردەوام بووە. سەرکوتی توندوتیژ و خوێناویی خۆپیشاندانەکان لە چەند شار و پارێزگایەکی وڵات بە کەمی یان نەبوونی ئاو کە بەشی سەرەکیی ئەو قەیرانەش بۆ سیاسەتە چەوتەکانی ڕێژیم لە مودیرییەتی کەرتی ئاو دەگەڕێتەوە، دەری دەخا کە حاکمییەتی سیاسیی کۆماری ئیسلامی هەروەک هەمیشە تەنیا زمانی سەرکوت دەناسێ.

لێکدانەوەی دەفتەری سیاسی لە درێژەدا بەربڵاویی ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامی و نەبوونی هاوپێوەندی و یەکڕیزیی هێزە سیاسییەکانی بە بەشێک لە هۆکارەکانی مانەوەی پتری ڕێژیم لە دەسەڵات و کەمایەسییەکی گەورە لەپێناو دروست‌بوونی ئاڵتێرناتیڤی کۆماری ئیسلامی دانا. لێکدانەوەیە بە تەکزکردن لەسەر خەسارەکانی پەڕش‌وبڵاوی ئۆپۆزیسیۆنی سەراسەری پێی لەسەر ئەوەی داگرت کە پێویستە هەوڵ و تێکۆشانەکان بەرەو ئەو ئاقارە بڕوا کە ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامی بە عەقڵییەتی هەڵکردن لەگەڵ یەکتری و ڕێککەوتن و سازان لەسەر بنەما جەوهەرییەکان بەرەو بوون بە ئاڵترناتیڤی جێی متمانە بۆ  لادانی کۆماری ئیسلامی هەنگاو بنێ. هەروەها بە ئاماژەدان بە ڕەوتی پەرەئەستێنی شوناس‌ویستی و بزووتنەوەی مافخوازیی خەڵکی کوردستان و سیاسەتی هەمیشەیی سەرکوتی کۆماری ئیسلامی بۆ وەڵامدانەوە بە ویست و داخوازە ڕەواکانی خەڵکی کورد ئەو ئاکامگیرییەی کرد کە بەهێزترکردنی بەرەی خەڵک لەدژی کۆماری ئیسلامی و ڕێکخستن و سازماندانی پتری خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکان، ئەرکێکی هەنووکەییە کە ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامی و ناڕازییانی دیکەی ڕێژیم دەبێ پلانیان بۆی هەبێ. لەم بەشە لە لێکدانەوەکەی دەفتەری سیاسیدا هاتبوو کە حیزبی دێموکراتی کوردستان هەم لە نێو بەرەی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی و هەم لە بەرەی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا هەوڵی بەکردەوەی بۆ پێکهێنانی یەکڕیزی و هاوپێوەندی لەگەڵ یەکتر داوە و باوەڕی نەگۆڕی ئەوە بووە کە یەکیەتیی بەکردەوەی ئۆپۆزیسیۆن، بەردی بناغەی لادانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و ئیدارەی ئێرانی داهاتوو بە مەبەستی چێ‌کردنی ئازادی و بەرابەری بۆ هەمووان و دەستەبەری مافە نەتەوەیی و ئازادییەکانی خەڵکی کورد و پێکهاتەکانی دیکەی ئێرانە.

لێکدانەوەی دەفتەری سیاسی بە ئاوڕدانەوە لە بەردەوامیی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانی نێوخۆی وڵات کە بەهۆی دۆخی کارەساتباری ئابووری و کۆی قەیرانەکانی دیکەی وڵات هەر جارە و لە شوێنێکی وڵاتدا سەر هەڵدەدەن، وێڕای بەرزنرخاندنی جمۆجۆڵ و بەردەوامیی ناڕەزایەتییەکان ئەو ئاکامگیرییەی کرد کە سیاسەتی سەرکوت و زەبروزەنگی کۆماری ئیسلامی پاشەکشەی بە بزووتنەوەی مافخوازیی خەڵکی وڵات نەکردووە. کۆبوونەوەی کۆمیتەی ناوەندی لە درێژەدا هیوای خواست کە ئەم تێکۆشان و ناڕەزایەتییانە لە سایەی مودیرییەتی باشتر و یەکگرتوویی زیاترەوە بتوانن لە ئاستی سەراسەریدا چالنجێکی جدی بۆ کۆماری ئیسلامی دروست بکەن.

لێکدانەوەی دەفتەری سیاسی هەروەها بە تیشک‌خستنە بەردەوامیی تێکۆشانی سیاسی و جموجۆڵە فەرهەنگی و مەدەنییەکان لە کوردستان کە تێچووی زۆریشی بۆ چالاکانی ئەم بوارانە بووە، ئاستی بەرزی شعووری نەتەوەیی خەڵکی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانی بەرز نرخاند و جارێکی دیکەیش پێی لەسەر ئەوە داگرتەوە کە سەرخستنی بزووتنەوەی مافخوزانەی کورد لە ئێران پێویستیی پتری بە یەکڕیزی و هاوپێوەندیی بەکردەوەی حیزبە سیاسییەکانی کوردستان و هاوپێوەندییان لەگەڵ بزووتنەوە مەدنییەکانی نێوخۆ هەیە

پرسی چەندی‌وچۆنیی وتووێژەکان بۆ یەکگرتنەوەی دێموکراتەکان تەوەرێکی دیکە باسەکانی دەیەمین کۆبوونەوەی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان بوو. لەم پێوەندییەدا سەرەتا بەرپرسی هەیئەتی حیزبی دێموکراتی کوردستان بۆ پرسی یەکگرتنەوە، ڕاپۆرتێکی لەبارەی ڕەوتی وتووێژەکان بە کۆمیتەی ناوەندیی حیزب دایەوە. دوای باسێکی دەوڵەمەند لەلایەن بەشداری کۆبوونەوەکە، کۆمیتەی ناوەندیی حیزب دەفتەری سیاسیی ئەرکدار کرد تا لە هەوڵەکانی بۆ بەئاکام‌گەیاندنی ئەو پڕۆسەیە بەردەوام بێ.

دەیەمین کۆبوونەوەی کۆمیتەی ناوەندی لە دوابەشی کاری خۆیدا چەند بابەتێکی دەروون‌تەشکیلاتی بۆ وەرگرتنی بڕیار و راسپاردەی کۆمیتەی ناوەندی خستە بەر باس و بەمجۆرە پاش چەند کاتژمێر کاری چڕوبەردەوام کۆتایی بە ئەرکەکانی خۆی هێنا.

 

حیزبی دێموکراتی کوردستان

دەفتەری سیاسی

٩ی سەرماوەزی ١٤٠٠

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*