بیباری ژاراوی بۆ چارەسەرکردنی ڕێژەی هەژاران

دارسمە

ئەرێ لەبیرتانە ڕێبەری یەکەمی کۆماری ئیسلامی لە ئێران چۆن باسی کۆخ‌نشینانی کرد؟ هیوادارم خوێنەرانی بەرێز و وشیار و “همیشە در صحنە”ی بەتەمەن و بەساڵاچوو، ئەو دیمەنانەی چەند ڕۆژ دوای ڕووخانی دەسەڵاتی پاشایەتییان لەیاد مابێت.

خۆ ئەگەر ئیمام خومەینی و دەسەڵاتدارانی دواتری “کۆ-مار”ی ئیسلامی زوو خۆیان بەخەبەر نەهێنابایە، ڕێژێمی سەرەڕۆ و تاغووتیی پاشایەتی بەتەمابوو یەک موستەزعەف و کۆخ‌نشینیش نەهێڵێت.

ڕێژێمی پاشایەتی تەنیا یەک کاری باشی دەزانی، ئەویش سەرکوتکردنی هەستی نەتەوایەتیی گەلانی ئێران بوو. ئەو کورد و مورد و بەلووچ ‌و مەلووچ و عەرەب و مەرەب و ئازەری و مازەری و تورکمەن و مورکمەنانە ئەگەر سەرکوت نەکرابان، ئێرانیان پارچە پارچە دەکرد. دیارە شای ڕەحمەتییش جوان بیری لەوە کردبۆوە و دوای ڕۆیشتنیشی گۆپاڵی سەرکوتکردنی ئەم قەوم و مەومانەی دایە دەست بەرپرسانی هۆشمەند و تێگەیشتووی “کۆ-مار”ی ئیسلامی.

شای گۆڕبەگۆڕ لەلایک بە دروست‌کردنی ڕێکخراوی تێک‌سڕماو و ڕێکوپێکی وەک ساواک خزمەتی “یەکپارچەگی” خاکی ئێرانی دەکرد و لەلایەکی دیکەو‌ه خەریکی هێندێک هەڵەی درێژخایەن بوو. ئەو خەریک بوو بە کەمکردنەوەی هەژاری و زیادکردنی چینی مامناوەندی، هێڵی هەژاری نەوی بکات و وا بکات خەڵکی تێروتەسەل بیر لە هیچ نەکەنەوە و وەک مەڕ سەر بەر بدەنەوە و هەر خەریکی خواردن و کردن و ڕیتنەوە بن. بەڵام خوا یارمەتی ئینقلابی ئیسلامیی دا و بەشێکی بەرچاوی خەڵک بە هەژاری و کۆخ‌نشینی مانەوە و بوونە دەستمایەی سەرەکیی ئینقلابی ئیسلامی. بیرمەندانی “کۆ-مار”ی ئیسلامی زۆریان لێ‌جوانە دەڵێن موستەزعەفان و کۆخ‌نشینان ئەم ئینقلابەیان کرد. ئەم قسەیان تەواو ڕاستە و هیچ درۆی تێدا نییە. ئەگەر نەسل و تۆرمەی موستەزعەفان خوا بەوێ ڕۆژێ نەکات لەبن هاتبایە، کێ وەک مێگەل بە سەر مەیدانی مینان و بە سەر چاڵەقیری پووشبەسەرکراودا لە شەڕی هەشت ساڵەی ئێران و عێراق خۆی دەتەقاندەوە؟ هەر دوور نەڕۆین دوای ڕووخانی دەستەڵاتی سەدامیش ئەگەر موستەزعەفان و کۆخ‌نشینان نەبوایەن چۆن ئەم لەشکرە زۆرە ساز دەبوو بەپێیان و بە برسیەتی خۆیان بگەیننە نەجەف و کەربەلا و هەیبەتی کۆماری ئیسلامی بە جیهان بگەیەنن؟

بەڵێ ئەو کۆخ‌نشیانەی ڕێژێمی پێشوو بەهەڵە خەریک بوو نەیانهێڵێ، ئێستا سەرمایە و کۆڵەگەی سەرەکیی کۆماری ئیسلامین. ئەوان نەبوایەن کێمان هەبوو بۆ دووسێ میلیۆن تومەن مووچەی مانگانە خۆی بگەینێتە شام و لوبنان و وڵاتانی دەوروبەر و لەپێناو تێرکردنی سکی برسیی منداڵانی، مانەوەی “کۆ-مار”ی ئیسلامی‌ بە خوێنی خۆی نەکڕێ؟ ئەم هەژارانە نەبوایەن چۆن دەکرا بەگژ ئەم هەموو کوردە چەکدارەدا بچینەوە و نەهێڵین سەروملی نەخشە پشیلەئاساکەی ئێران بپەڕێنن؟

بەم هۆیانەی لەسەرەوە باس کران، بوونی موستەزعەف و هەژار و کۆخ‌نشین لە هەبوونی هەموو شتێک پێویستترە. باشترین ڕێگەش بۆ زیادکردنی ڕێژەی ئەم سەروەت و سامانە بەردەستەی کۆماری ئیسلامی تەنیا یەک شت پێویستە، ئەویش بەرزکردنەوەی هێڵی هەژارییە. بەرزکردنەوەی هێڵی هەژاری بۆ مانگانەی ١٠ میلیۆن تومەن بۆ خێزانێکی ٥ کەسی بۆ ئێستا شتێکی خراپ نییە. لە ئاخرین ڕۆژانی سەرەمی ڕێژێمی پێشوودا ئەگەر ١٠ ملیۆن تومەن بە ئۆتۆمبێلی ساپیا درابایە، هەر ماڵێک مانگانە دەیتوانی  ٢٨٥ ساپیا بکڕێ و ٧١٥ تومەنیشی بۆ دەمایەوە. تەنەکەی ڕۆن بە ٢٩ تمەن و تەلیسە برینج بە ١٢ تومەن و کیلۆی گۆشت بە ٧ تومەن، هەر خێزانێک ٧١٥ تومەنەکەش لەسەرو ماڵی زیاد بوو. بەڵام ئێستا ئەگەر ئەندامانی خێزانێکی سەر لێواری هێڵی هەژاری بۆ ماوەی ساڵ و نیوێک هیچ شتێک نەخۆن و نەخۆنەوە دەتوانن ماشێنێکی پڕاید بکرن و هەتا ئەوەندە پارەیەش کۆ دەکەنەوە، ئەگەر خوا لەکۆڵیان نەکاتەوە، لەبرسان ئەوەندە باریک دەبن جێگەی خۆیان و خێزانێکی دیکەش لەنێو پرایدەکەدا دەبێتەوە.

ئێستا بەهۆی فشاری دەرەکی و ئاڵەدین‌بوونەوەی دانیشتووانی وڵاتانی دراوسێ و هێرشە پەیتا پەیتاکانی ئیسرایل لەلایەک و گەیشتنی خۆمان بە مووشەک و فرۆکه‌ی بێ‌فرۆکەوان و دەستەونەزەر ڕاوەستانی بەشیک لە هەژارانی وڵاتانی ناوچە هەست دەکەین بەشیکی زۆری هەژارانی خۆمان زیادەن. ئەوانی وڵاتانی دیکە لە شەڕاندا بشکوژرێن، ئێمە ناچار نابین بیانکەین بە شەهید و مانگانە مووچە و حقوقیان بۆ ببڕینەوە و منداڵە تەنبەڵ و نەخوێندەوارەکانیان بێ ئەملاو ئەولا بنێرینە زانکۆکان و بیانکەین بە شتی سەیر و سەمەرە. جا لەبەر ئەمە پێویستە ژمارەی هەژارانی خۆمان دابەزێنین و کەمیان بکەینەوە، خۆ ناشتوانین هێڵی هەژاری داببەزێنن. بۆیە وا باشترە ئەو بیبار و میوە ژاراوییانەیان بەسەردا دابەش بکەین کە وڵاتانی هیچ و پووچ لێمان ناکڕن. مردنی هەژاران بەم بیبارە ژاراویانە هەر هیچ نەبێت، کێشەی شەهیدانە و شتی وامان لەکۆڵ دەکاتەوە و ئەگەر زانیشمان بەشی ڕاگرتنی دەسەڵاتی پیرۆزی “کۆ-مار” ئیسلامی کەم دەبێتەوە، لە بیبار بەشینەوە دەست ڕادەگرین.

خۆ ئەگەر نەمانتوانی میوەی ژاراوی وەک چەک دژی خەڵکی بێگانە بەکار بهێنێن خۆ دەتوانین ئەوا کێشەی وڵاتی خۆمانی پێ چارەسەر بکەین.

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*