هەناسەی خنکاوی شار

بابەک ناسری

ئیلام بە ٦٠٠ هەزار دانیشتوو پڕحەشیمەتترین شاری ڕۆژهەڵاتی کوردستانە کە چەند ساڵێکە بەهۆی زۆریی خۆکوشتنەکان لەو شارە ناو و ناوبانگی دەرکردووە.
ئیلام شارێکی کۆن بە مێژوویەکی کەونار لە شەڕی نێوان ئێران و عێڕاقدا لەو ناوچانە بوو کە خەڵکی شارەکە نیوەی مانگ و ڕۆژەکانی ساڵ بۆ دەربازبوون لە مەترسییەکانی مووشەک و بۆمباکانی عێڕاق لە دەرەوەی شار و لە خێوەتدا دەمانەوە. دوای کۆتایی شەڕ و دۆزرانەوەی پاشکەوتە زۆروزەوەندەکانی نەوت و گاز لەو هەرێمە، ئەم ناوچەیە بوو بە سەرچاوەیەکی داهاتی گرینگ بۆ کۆماری ئیسلامی و، لەو کاتەوە بە بەردەوامی نەوت و گازەکەی بە تاڵان دەبرێ و خەڵکیش پشووسوار و بێ‌ئەنوا ماونەتەوە.
کۆتایی شەڕی هەشت ساڵە و قۆناغی بەڕواڵەت “سازەندگی” دەسپێکی دۆخێکی نالەبارتر بۆ خەڵکی ئەو ناوچەیە بوو: بێکاریی بەربڵاو و کەلێنی کۆمەڵایەتی و هەڵاواردنی سیستماتیک کە هەمووی بەرهەمی ڕوانگەی ئەمنییەتیی ڕێژیم بۆ ئیلام وەک بەشێک لە کوردستانی دەوڵەمەند بوو، شەپۆلێکی دیکەی لە بێ‌هیوایی و تەمابڕاوی لەو هەرێمەدا خستە ڕێ. برەوپێدان بە ماددە هۆشبەرەکان و پشتگوێ‌خستنی فێرکاری و پەروەردە کۆمەڵایەتییەکان بوونە هۆی قوڵبوونەوەی قەیرانەکان و ئاماری ڕاتڵەکێنەر لە خۆسووتاندنی ژنان و کچان گڵۆپە سوورەکانی بۆ توێژەران و دەروونناسە کۆمەڵایەتییەکان هەڵکرد، بۆوەی دەنگی بەشمەینەتیی ئەو خەڵکە بە گوێی هەمووان بگەیەنن. کەچی سڕکردنی هەواڵ و زانیارییەکانی پێوەندیدار بەو دیاردەیە کاتێک ئاسەواری کارەساتباری خۆی پێشان دا کە وەزارەتی نێوخۆ لە کابینەی خاتەمی بە بڕیاری ڕاستەوخۆ بۆ پارێزگاری ئیلام بڵاوکردنەوەی ئاماری خۆکوشتنی ژنان و کچانی ئەم هەرێمەی سانسۆڕ کرد و ڕاستییە تاڵەکانی جاڕدەری ئەو دۆخی سامناکە لەبیر کرا و بە بایەگانییەکان سپێردرا. بەڵام مەگین دەکرێ کارەساتێکی بەو بارستاییە دیزەبەدەرخۆنە بکرێ؟
ئاماری خۆسووتاندنەکان دزەیان کردە دەرێ و لەلایەن ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤەوە لەقاو دران و دەسەڵاتی دیکتاتۆرییش ناچار بوو بە ناردنی تیمێک لە دەروونناسان بۆ ئەو ناوچەیە پەیداکردنی چارەسەرێک بەوان بسپێرێ. دۆخەکە تەتەڵە کرا و بەبێ سەرنجدان بە هۆکارە بنەڕەتییەکان بۆ بەستنی زار و زمانان ڕاپۆرتێکی لێ بڵاو کراوەیەوە و ئەسڵی کارەساتەکە پشتگوێ خرا و دواتریش بەبیانووی پەراوێزەکان و قەراغ‌لێکێشانی ئۆپۆزیسیۆن و نەیاران! بە یەکجاری وەلا نرا. کات هات و ڕۆیشت، کەس ئاوڕی لە ئیلام و خەمەکانی نەدایەوە، تەنیا شتێک گۆڕدرا و ئەویش ئامرازی خۆکوشتنی ژنان و کچان لە خۆسووتاندنی پڕئازار و بەهاوارەوە بۆ پەت و حەبی برینج و مردن لە بێدەنگییەکی تەواو گۆڕدرا.
ئیلام لە نێوەڕاستەکانی دەیەی ٨٠ی زایینی‌دا پلەی دووهەمی خۆکوشتنی لە ئاستی جیهانی –کە پلەی یەکەمەکەی بە ناوی ویلایەتی ڕینیو لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە تۆمار کرابوو- لەسەر ناوی خۆی تاپۆ کرد. کچان و ژنان و دواتر لاوانی دەرچووی زانکۆ و ژنان و پیاوانی بێکاری عەوداڵی دەسخستنی کار و ژیانێکی سادە، پاش بڕینی سووڕی باتڵی خەمۆکی و بێ‌هیوایی و نەگەیشتن بە لانی کەمی ویست و ئاواتەکان؛ ساغ دەبوونەوە کە وا باشترە خۆکوشتن دواپەردەی ئەو ژینە تاڵەیان بێت. کۆتاییەکی تاڵ و تڕاژیدیک بە پەنابردن بۆ ئامرازگەلی توندوتیژ و نائەقڵانی.
ئەو دۆخەی بە سەر ئیلام و دانیشتووانی هات و بە ڕێژەیەک کەمتر لە ناوچەکانی دیکەی کوردستاندا دەبیندرێ، ئاکامی ڕاستەوخۆی سیاسەتی ڕێژیمێکە کە زۆر پتر لەوەی خەڵکی وڵاتەکەی بۆ گرینگ بێ، لە خەمی ستراتیژیی هیلالە شیعەکەی خۆی‌‌دایە و گەلێ زیاتر لەم بابەتانە خەم لە دەست‌خستنی بۆمبی ئەتوم و چەکی کۆمەڵکوژ بۆ خۆی دەخوا. هەر ئەوە بوو کە لە بەردەوامیی ئەو دۆخە کارەساتبارەدا، ئیلام لە ساڵی ٩٦ بووە پێتەختی خۆکوشتن لە دنیادا و لەو ڕیزبەندی و ماڕاتۆنەدا ویلایەتی ڕینیوی بەجێ هێشت.
چوونە سەرێی ئاماری خۆکوشتنەکان لە ئیلام بە سەرنجدان بە پاشخانی دەوڵەمەندی نەوت و گاز و خاکی بەپیت و بەرەکەت و زەرفییەتە ئابوورییەکانی ئەم هەرێمە بۆ هەمووان جێی سەرسووڕمان بوو. کارناسان و ڕۆژنامەنووسانی ڕەخنەگر و چالاکانی مافی مرۆڤ دەیان‌پرسی چۆن دەکرێ لە پارێزگایەک بەو بارستاییە لە سەرچاوەکانی سەر عەرز و بن عەرز، بێکاری و گرانی و هەڵاوسان ئەوەندە لەسەرێ بێ کە ئیرادەی خۆڕاگری و تاقەتی خەڵک بەچۆکدا بێنێ؟ چۆن دەکرێ ئەو هەمووە دیمەنی خۆسووتاندنەکان و هەڵخستنی پەت و تەنانەت خۆکوژیی بەکۆمەڵی بنەماڵەکان لەو هەرێمە هیچ گنجێک نەخاتە سەر نێوچاوانی دەسەڵات‌بەدەستانی وڵاتەوە؟ چۆن دەکرێ ئەو تڕاژیدییە هەروا بەردەوام بێت؟ هەتا کەی ڕوانگەی ئەمنییەتیی زاڵ بۆ کوردستان درێژەی دەبێ، هەتا کەی خەڵک بۆ مەرامە سیاسییەکان بەبارمتە دەگیرێن، هەتا کەی هەژاری و بێ‌ئەنوایی دەستیان لە یەخەی ئەو خەڵکە هەژارە ناکەنەوە؟ تۆ بڵێی ئەم دۆخە وەک کاربەدەستانی ڕێژیم پێیان‌وایە خەڵکی کوردستان لە خەبات و شوناس‌خوازیی خۆیان پاشگەز کاتەوە؟ بێگومان نا… .
ئەوەی دواجار دەبێ بسووتێ تەخت و بەختی ڕێژیمی خونکاری کۆماری ئیسلامییە و ئەو پەتانەش دەبێ بۆ کاربەدەستانی خوێنمژی ئەو ڕێژیمە هەڵخرێن، ئەمە ڕوو دەدا و ئەو ڕۆژانەش نیزیکن.

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*